ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسی هه‌ولێر: خودی سەندیكای رۆژنامەنوسان پێشێلكاریی بەرامبەر بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن كرد


وێستگە نیوز

له‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا كه‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌ 22ی نیسان به‌ڕێوه‌چوو به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دیداری نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ كاری ڕۆژنامه‌نوسی لە شاری هەولێر سازكرا كه‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان و فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی رۆژنامه‌نوسان رێكیان خستبوو، به‌ڵام له‌و رۆژه‌و له‌و یاده‌دا رێگری له‌ تیمه‌كانی راگه‌یاندن كرا بچنه‌ هۆڵی كۆنگره‌كه‌.

هه‌ر دوێنێ سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان به‌یاننامه‌یه‌كی ناره‌زایی ده‌كرد و رایگه‌یاند: له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی، رێگری له‌ تیمه‌كانی راگه‌یاندن كرا تا روماڵی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و گردبوونه‌وه‌یه‌كی رۆشنبیران بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ش، ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نوسی شاری هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌و ناره‌زاییان به‌رامبه‌ر رێگری له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كرد كه‌ تیایدا هاتوه‌: بەداخەوە لەرۆژی رۆژنامەگەری كوردیدا، خودی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان پێشێلكاری بەرامبەر بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن كرد و ڕێگریكرد كە ڕوماڵی دیداری رۆژنامەنوسان بكرێت، لەكاتێكدا رۆژی پێشتر سەندیكا بەفەرمی و بانگهێشتنامەی ناردبوو.

ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ كه‌ ناوی خۆشیان نوسیوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ لە ساڵانی ڕابردوو زۆرترین رەخنە و گلەیی ئاراستەی حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێكی كوردستان دەكرا لەبەرامبەر هەڕشە و لێدان و دەستگیركردن و هەموو ئەو پێشێلكارییانەی دەكرا، بەداخەوە و ئەمساڵ خودی سەندیكای رۆژنامەنوسان چووە پاڵ مەترسیەكانی سەر رۆژنامەنوسان و ڕەوایەتی بە هەموو پێشێلكارییەكاندا، كە ئەوەی سەندیكای رۆژنامەنوسان كردی جێگای مەترسیەكی زۆر گەورەیە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی دراوه‌ته‌ وێستنگه‌ نیوز، هاتوه‌: هەموو لایەك لە هەوڵی باشتركردنی خراپی دۆخی میدیایی كوردیدا بوون و چاوەڕێی ئەوە دەكرا، لەلایەن خودی سەرۆكی حكومەت هەناسەیەك هەبێت و گەڕانەی تروسكاییەكی ئومێد بەخش كە پێشێلكارییەكان كەم ببنەوە و دۆخەكە بەرەو باشتر بچێت، بەڵام بەداخەوە سەرۆكی حكومەت لەبری هیوا و ئومێدێك بەشدار بوو لەم پێشێلكارییە.

ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی شاری هه‌ولێر داواشیان لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان و نێردەی وڵاتانی بیانی كردوه‌ "هاوكار و هەماهەنگ بن لەگەڵمان بۆ گێڕانەوەی یاسا و كەمبوونەوەی پێشێلكارییەكان" و ده‌ڵێن: " تا دوێنێ‌ ئەگەر لەسەر كاغەزیش بوبێت، سەندیكا پێشێلكارییەكانی تۆمار دەكرد، بەڵام ئەی ئێستا كێ‌ پێشێلكاری سەندیكا تۆمار بكات!!!، بۆیە ئەوەی سەندیكا دەیكات، جێگای ناڕەزایەتی و شەرمێكی گەورەیە."

ناوی رۆژنامه‌نوسه‌كانی شاری هه‌ولێر:

1.هەژار ئەنوەر / رۆژنامەنوس
2.هێرش قادر / رۆژنامەنوس
3.نەبەژ رەشاد / رۆژنامەنوس
4.شاهین فوئاد / رۆژنامەنوس
5.ئەحمەد شاخەوان / رۆژنامەنوس
6.تەمەن عەبدوڵا  /  رۆژنامەنوس
7.دیاكۆ حسێن / رۆژنامەنوس
8.ئەیوب عەلی / رۆژنامەنوس
9.رێباز ئەحمەد / رۆژنامەنوس
10. محەمەد ئیسماعیل  / رۆژنامەنوس
11.دیار عادل / رۆژنامه‌نوس
12. هاوكار  حەسەن/ رۆژنامه‌نوس
13.شوان شێرزاد / رۆژنامەنوس
14.محەمەد یاسین  رۆژنامەنوس
15.گەیلان سابیر / رۆژنامەنوس
16.هێمن محەمەد / رۆژنامەنوس
17.دیار حسێن / رۆژنامەنوس
18.ڕێبین محەمەد / رۆژنامەنوس
19. هیشام سەعید / رۆژنامەنوس
20.نیهاد ئەحمەد / رۆژنامەنوس


PM:04:08:23/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت