گرنگیی سەربەخۆیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بەرەوپێشچوونی ووڵات

‌سەرمەد لەتیف

لە سیستمی حکومڕانیدا، گرنگترین خاڵ بۆ ئیدارەدانێکی سەرکەوتوو، دانانی کەسی شیاو و پسپۆڕیی شیاوە لە شوێنی شیاو دوور لە هەرجۆرە دەستێوەردانێک. وەک بۆچوونێکی کەسیی، گشت وەزارەتەکان گرنگیی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام سێ وەزارەت هەن کە پایەی پێشکەوتنی ووڵاتن و پێویستە گشت پۆستەکان تێیدا بەپێی توانستی زانستی و ئەزموون دەستنیشانبکرێت، نەک تەزکییەی حیزبی و مەحسووبییەت، ئەو سێ وەزارەتەش بریتین لە وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی پەروەردە، هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی. لەم بابەتەدا، فۆکەس دەخەینە سەر گرنگیی سەربەخۆیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە بەرەوپێشچوونی ووڵات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی یەکێکە لە دەزگا هەرە گرنگەکانی حکومەت، هەربۆیە دەبێت ئەو دەزگایە دەزگایەکی نیشتیمانی سەربەخۆ بێت و دوور بێت لە دەستێوەردانی حیزبی و مەحسوبییەت. ئەم وەزارەتە دەزگایەکی حکومییە و بەرپرسیارە لە ڕێکخستن و پەرەپێدان، هەروەها چاودێریکردنی سیستمی خوێندنی باڵا لە ووڵاتدا. ئەم وەزارەتە بەرپرسیارە لە دیاریکردنی سیاسەت و ستراتیژ، دیارکردنی ستاندارد و شێوازی خوێندن، تەرخانکردنی بودجە و سەرچاوە داراییەکان، دامەزراندنی زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، هەڵسەنگاندنی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان، پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، هەروەها دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییە جیهانییەکاندا.

ئامانجی سەرەکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بریتییە لە پەرەپێدانی توانا مرۆییە لێهاتوو و تەیبەتمەندەکان تا بتوانێت بەشداری لە گەشەپێدان و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و ووڵاتدا بکات. جا لەپێناو بەرەوپێشچوونی ووڵاتدا، پێویستە ئەم وەزارەتە چەند خاڵێكی گرنگ ڕەچاو بکات، لەوانە:

- تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر و تایبەت بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی تا ئیمکانییاتی گونجاو بخرێتە بەردەست مامۆستایانی زانکۆ و توێژەران و خوێندکاران.

- دابینکردنی کتێب و سەرچاوەی زانستی بۆ توێژەران، هەروەها گرنگیدان بە تاقیگە زانستییەکان و دروستکردنی زەمینەیەک بۆ ڕاهێنان و فێرکردن.

- بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن لەڕێی بەرنامەڕێژی و پلانی تایبەت بە شێوازە مۆدێرنەکانی وانە ووتنەوە.

- بەستنی کۆنفرانسی زانستی لەگشت بوارە جیاوازەکاندا، بەجۆرێک ڕێکخەرانی کۆنفرانس بەپێی توانستی زانستی دیاریبکرێن نەک تەزکیەی حیزبی و دەستێوەردانی حیزب.

- بەستنی پانێلی زانستی لەلایەن زانا و پسپۆڕە لێهاتووەکان بۆ دیارکردنی کێشە و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لە سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت.

- بەهێزکردنی سیستمی ئیداری و گرنگیدان بە ئەنجومەنی باڵا و شەفافکردنی کار و چالاکییەکان.

- دروستکردنی زەمینەیەکی زانستی تەندروست و فراوانکردنی لەپێناو هاندانی مامۆستایان و خوێندکاران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز و داهێنانی نوێی زانستی.

- ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خوێندکاران لەکۆتا ساڵی خوێندن و لەهەمان پسپۆڕی خۆیاندا تا ئەزموونێکی باش پەیدابکەن پێش چوونە ناو بازاڕی کار.

- دروستکردنی پەیوەندی بەهێز لەنێوان ناوەندە ئەکادیمییەکان و کۆمپانیاکان.

- دروستکردنی لینکی فەڕمی نێوان زانکۆکانی ووڵات و زانکۆ جیهانییە ئاست بەرزەکان لە ڕووی ڕانکینەوە، تا مامۆستایان و خوێندکاران لەئاستی لۆکاڵی دەربچن و بچنە ئاستی جیهانییەوە.


PM:01:52:16/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی