بیست ساڵ پاش ١١ی سەپتەمبەر: عێراق وەک شکستە گەورەکەی ئەمەریکا!

‌عادل باخه‌وان

بیست ساڵ بەسەر هێرشە تیرۆریستیەکانی ١١ی سێپتەمبەردا تێئەپەڕێ و چاوی جیهان بەتەنها لەسەر پاشەکشەی ئەمەریکا لە ئەفغانستانە. ڕاستە گەڕانەوەی تالیبان بۆ کابول شکستێکی گەورەیە بۆ ئەمەریکا، بەڵام لەڕاستیدا، شکستە هەرە گەورەکەی ئەمەریکا لە عێراقدایە و چیرۆکی ئەم شکستەش هەر لە سەرەتای ٢٠٠١ وە دەستپێدەکات و تا ئێستاش بەردەوامە و هەوڵدەدەم لەم خاڵانەی خوارەوەدا و بەشێوەیەکی کورت و چڕ چەن سەرە قەڵەمێکیان لەسەر بنوسم و درێژەکەی تەرخاندەکەم بۆ ئەو کۆنفرانسەی کە ٢٥ ی ئەم مانگە لە کوردستان پێشکەشی دەکەم.

1. ئەو سیستمی شەرعیەتەی کە ئەمەریکا بەکاریهێنا بۆ داگیرکردنی عێراق هەر لەسەرەتاوە لەسەر سێ درۆی بیناکرابوون. یەکەمیان بریتیبوو لەوەی کە عێراق خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژیە و ئەکرێ لە ساتەوەختێکدا دژ بە ئەمەریکا بەکاریبێنێت. ڕاستە عێراقی هەشتاکان خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژیبوو، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە خودی ڕۆژئاوا ئەو چەکانەیان پێدابوو، هەروەها خودی ڕۆژئاوا لە نەوەدەکاندا کۆی ئەو چەکانەیان لە عێراقدا لەناوبردبوو، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە لە ٢٠٠٣ وە تا ئێستا هیچ ئاسارێکی ئەو چەکانە نەدۆزارنەتەوە. دووهەم بریتبوو لەوەی کە عێراقی سەدام حوسەین پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخرای ئەلقاعیدەی بن لادن دا هەبووە، لەکاتێکدا جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەمەریکا، سێ مانگ پاش داگیرکردنی عێراق دانبەوەدا دەنێت کە هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیان بەدەستەوە نیە لەسەر پەیوەندی نێوان سەدام و بن لادن. درۆی سێیەمیش بریتیبوو لەوەی کە عێراق وڵاتێکی نادیمۆکراتیە ! گەر ئەم حیکایەتە بسەلمێنین، ئەبوو ئەمەریکا میسری حوسنی موبارەک و یەمەنی عەلی عەبدوڵا و تەنانەت عەرەبی سعودیە و چەندین وڵاتی دیکەی دۆستی واشنتۆنی داگیربکردایە.
2. بیست ڕۆژ پاش داگیرکردنی بەغداد، ئەم حیکایەتە بە تەواوی کۆتایی پێدێت و چیتر لە واشنتۆن کەسێک نادۆزیتەوە باس لە چەکی کۆمەڵکوژ و پەیوەندی نێوان سەدام و بن لادن و دیکتاتۆریەتی بەعس بکات. لێرە بەدواوە واشنتۆن حیکایەتێکی دیکە بۆ داگیرکردنی عێراق دروستدەکات کە بریتیە لە : بیناکردنی نەتەوەیەک لە عێراقدا، بیناکردنی نەتەوەی عێراقی "nation building" !

3.  لە ١٠ مایسی ٢٠٠٣ دا پۆل بریمەر دەگاتە بەغداد و کۆی مێژووی عێراق بە هەموو ئاڵۆزیەکانیەوە دەخاتە نێوان دوو کەوانەوە و هەوڵدەدات لە سفەرەوە دەستپێبکات و نەتەوەیەک بۆ عێراقیەکان دروستبکات. پۆل بریمەر پێیوابوو ئەو مەسیحەیە کە لە دوورەوە هاتوە و عێراقیەکان لەگەڵ خۆیدا دەباتە نێو مێژووی بەشەریەتەوە. ساڵێک دواتر خودی ئەو نوخبە عێراقیانەی کە بریمەر پەراوێزی دەخستن، گورزی پۆڵاینیان لێدا و ناچاریانکرد بە جوتێک پۆستاڵەوە بە غداد بەجێبێڵێت.

4. پاش دەرکردنی پۆل بریمەر، دیسانەوە ستراتیژیەتی ئەمەریکا لە عێراقدا دەگۆڕێت و پێدەنێتە نێو حیکایەتێکی دیکەوە کە بریتیە لە سپاردنی عێراق بە زۆرینەی شیعە و کوردیش وەک پەراوێزێک بۆ تەواوکردنی شانۆگەریەکە. ڕێک وەک دوو حیکایەتەکەی پێشو، حیکایەتی سپاردنی عێراق بە شیعەش هیچ بیرکردنەوە و ڕامانێکی قوڵ و ستراتیژی لە پشتەوە نەبوو، ئەو نوخبەیەی کە لە کۆشکی سپیدابوو، وەک پێویست دەرەنجامە تراژیدیەکانی ئەم بڕیارەی لە مەودای مامناوەندی و دورە مەودادا هەڵنەسەنگاندبوو. بۆیە دواتر خودی واشنتۆن بوو بە ژێر لافاوەکانیانەوە.

5. لە ٢٠١١ دا ئەمەریکا دیسانەوە بڕیارێکی هەڵە ئەدات کە بریتیە لە کشانەوە لە عێراق و بەدوای خۆیدا بۆشاییەکی گەورە بەجێدەهێڵێت. دوو ئەکتەری نادەوڵەتی بەخێرایی ئەم بۆشاییە پڕدەکەنەوە. یەکەمیان بریتیە لە ڕێکخراوی داعش و دوهەمیشیان بریتیە لە میلیشیا شیعەکان. لە ٢٠١٤ دا داعش دەوڵەتەکەی خۆی لە موسڵ ڕادەگەنێت و لە هەمان ساڵیشدا میلیشیا شیعەکان پێکەوە حەشدی شەعبی دروستدەکەن. لەنێوان ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ دا ئەمەریکا ناچار ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ عێراق و ڕوبەڕوی هەڕەشەی داعش ببێتەوە. لە ٢٠١٧ شەوە تا ئێستا کۆشکی سپی پێیوایە کە حەشدی شەعبی، زیاتر لە داعش، مەترسیە بەسەر ئاسایشی نیشتمانیەوە ! 

6. ڕاستە هەموو سیاسەت لەسەر میسداقیەت بیناناکرێ و پەیوەندیەکانی هێز هاوکێشەکان ئەگۆڕن، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە سیاسەت بەبێ میسداقیەت هەمیشە پەڵەیەکی ڕەشی بەسەرەوەیە. کۆی ئەم هەڵە کوشندانەی ئەمەریکا لە عێراقدا، واشنتۆنیان خستوەتە دۆخی لە دەستدانی میسداقیەتەوە لای سووننە، لای کورد، لای لیبراڵەکانی شیعە، تەنانەت لای وڵاتانی کەنداویش کە بەشێکیان پێیانوایە چیتر گرەو لەسەر ئەمەریکا ناکرێ و باشتر وایە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا دانوستانبکرێت، بۆنموونە عەرەبی سعودیە، یان هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بکرێت، بۆنموونە ئیمارات.

7. بیست ساڵ دوای ١١ی سێپتمەبەر، ئەمەریکا شکستی هێنا لەوەی کە چەکی کۆمەڵکوژیی لە عێراقدا بدۆزێتەوە، شکستی هێنا لەوەی کە نەتەوەیک لە عێراقدا بینابکات، شکستی هێنا لەوەی کە کۆتایی بە داعش بێنێت و تا ئێستاش نەیتوانیوە کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی بکات.

8. زۆر خراپتر، هەژدە ساڵ پاش داگیرکردنی عێراق، لە ئێستا و ئێرەدا، عێراق لە هەموو ئاستەکاندا هەڵوەشاوەتەوە، ئاستی ئیداری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، سەربازی، ئەمنی، گەشەی ئابوری، دەزگایی، ئابوریی و ئەوەی ماوەتەوە تەنها سنورە نێودەوڵەتیەکانیەتی !

9. هەفتەی ڕابوردوو، بۆ ماوەی سەعاتێک و چل و پێنج خولەک لەگەڵ گەورە دیپلۆماتێکی ئەورپیدا و لەسەر داوای خۆی، لەسەر عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆم هەبوو، ئەو بەزمانێکی ڕاشکاو و ڕاستەوخۆ پێیگوتم : هەموومان باجی شکستەکانی ئەمەریکا دەدەین، هەم لە ئەورپا و هەم لە ڕۆژهەڵات و هەم لە خودی ئەمەریکاش. ئەمە تەواو ڕاستە. هەر هەڵەیەکی ئەمەریکا دەبێت بە هەڕەشە بەسەر جیهانەوە.

10. کاتێک عێراق داگیرکرا، جۆرج بۆش وتی : ئێستا دنیا بەبێ سەدام حوسەین ئارام و ئاسایشترە ! کاتێک بن لادن کوژرا، باراک ئۆباما وتی : ئێستا دنیا بەبێ بەبێ بن لادن ئارام و ئاسایشترە ! کاتێکیش ئەبوبەکر بەغدادی کوژرا، دۆنالد ترامپ گوتی : ئێستا دنیا بەبێ ئەبوبەکری بەغدادی ئارام و ئاسایشترە ! بەڵام لەڕاستیدا، دنیای پاش گەڕانەوەی تالیبان بۆ کابول و دنیای پاش بەمیلیشیاکردنی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیچ ئارامتر و ئاسایشتر نیە لە دنیای پێشوتر.


PM:11:16:12/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 2148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی