هاشم ساڵح کێیە؟

‌نەوزاد ئەسوەد

وەختە بڵێم سەرجەم خوێنەر و رۆشنبیری کورد هاشم ساڵح وەک بیرمەندێکی رۆشنگەر دەناسن و کتێب و نووسینەکانیان خوێندۆتەوە، کەم وەرگێڕی کورد هەیە کتێبێک یان بابەتێکی ئەوی نەکردبێت بە کوردی، شوان ئەحمەد لە وەرگێڕانی هاشم ساڵحدا پشکی شێری بەرکەوتووە.

هاشم ساڵح لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندێکی ناوچەی قصابین لە شاری لازقییە لە سوریا لەدایک بووە، هەمان ئەو گوندەی ئەدۆنیسی تیادا لەدایک بووە.

لە زانکۆی دیمەشق کۆلێجی ئەدەبییات بەشی زمان و ئەدەبی عەرەبی تەواو دەکات. لە پێشدا لە زانکۆی حەلەب لە کۆلێجی پزیشکی وەرگیراوە، بەڵام کاتێک لاشەی گەنجێک دەهێنن بۆ تەشریح و دەڵێن ئەم گەنجە کەسوکاری نییە فەرموون تەشریحی بکەن، ئەو بەیەکجاری واز لە پزیشکی دەهێنێت و دەچێتە کۆلێجی ئەدەبیات.

لە ساڵی ١٩٧٦ بە یەکجاری سوریا بەجێدەهێڵێت و دەچێتە فەرەنسە و لە پاریس نیستەجێ دەبێت، لە ساڵی ١٩٨٠ لە زانکۆی سۆربۆن دکتۆرا دەخوێنێت و تێزی دکتۆراکەی دەربارەی رەخنەی ئەدەبییە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، لە چوارچێوەی تەسکی رەخنەی ئەدەبیدا نەماوەتەوە، بەڵکو بواری پسپۆرییەکەی فراوان و بەرین کردۆتەوەو سەرانسەری مەعریفە و زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی، لە هەردوو بواری نووسین و وەرگێڕاندا، گرتۆتەوە. بە زمانێکی روون و شێوازێکی ئاسان دەنووسێت و وەردەگێڕێت.

٢١ کتێبی ئەرکونی لە فەرەنسییەوە کردووە بە عەرەبی، جگە لە چەندین کتێبی دیکە لە بوارە مەعریفییە جیاجیاکاندا.

خۆیشی خاوەنی ١٠_١٢ کتێبە کە ئەوەندەی من بزانم و خوێندبێتمەوە، ئەمانەی خوارەوەن:
1-  مدخل الى التنوير الاوروبي، 2005
2- مُعضلة الاصولية الاسلامية، 2006
3- الانسداد التاريخي- لماذا فشل مشروع التنوير في العالم العربي، 2007
4- مخاضات الحداثة التنويرية- القطيعة الابستيمولوجية في الفكر و الحياة، 2008
5- معارك التنويريين و الاصوليين في اوروبا، 2010
6- الاسلام و الانغلاق اللاهوتي، 2010
7- الانتفاضات العربية على ضوء فلسفة التاريخ، 2011
8- العرب و البراكين التراثية- هل من سبيل الى اسلام الانوار؟ 2016
9- لماذا يشتعل العالم العربي؟ 2018
10- الاسلام في مرآة المثقفين الفرنسيين، 2022
11- من التنوير الاوروبي الى التنوير العربي، 2023



AM:11:20:16/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی