بۆمبە مەترسیدارەکە! ترسناکتر لە کۆرۆنا و سەرجەم ڤایرۆسەکان

‌ئاوات عەلی

مەبەستمان ترساندان و بڵاوکردنەوەی ترس نییە! ئامانجمان هۆشیارکردنەوەیە لەو مەترسییە گەورەیەی لەڕێگایە و ڕوبەڕوی هەموو تاک و خێزانێک دەبێتەوە بێ جیاوازی. مەترسی زیادبونی شێرپەنجە بەهۆی خۆراک و کەرەستەکانی ڕۆژانە و سوتەمەنییەوە دەیان جار لە مەترسی پەتا ڤایرۆسییەکان مەترسیدار ترە.

لەساڵی ٢٠٢٠ دا لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار کەس توشی شێرپەنجە بوون و لەو ژمارەیەش ٦٠٦ هەزاریان گیانلەدەستداوە، لەکاتێکدا پەتای کۆرۆنا تەنها ٥٨٩ هەزار کەسی لەو وڵاتە کوشتووە کە یەکەم وڵاتە لەڕووی توشبوون و گیانلەدەستدانەوە بە پەتاکە.

لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە ئاستێکی نزمدایە بە بەراوردی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا نزیکەی ٢٣٠٠ کەس لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی وەک نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراون. لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی توشبوون لە هەرێمی کوردستان نزمە، بەڵام سەرەتای دەرکەوتنی کێشە گەورەکەیە و پێشبینی ئەوە دەکرێت لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ساڵی داهاتوودا ئامارەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان زۆر بەرەو بەرزبونەوە بچێت.

لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی پیشەسازی نییە و ژمارەی کارگە پیشەسازییەکان زۆر نین، بەڵام سەرچاوەکانی شێرپەنجە جۆراوجۆرن و بەهۆی لاوازی کوالێتی کۆنتڕۆڵ و ئەو یاسایانەی پەیڕەودەکرێت، ڕۆژانە لە دەیان سەرچاوەی جیاوازەوە مادەی شێرپەنجەیی و زیان بەخش دەچێتە جەستەی تاک بە تاکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە و کەڵەکە دەبێت تیایدا.

یەکێک لە مەترسیدارترین سەرچاوەکان، خۆراک و دەرمانە، کە ئاستی کۆنتڕۆڵکردنی لەم بوارەدا زۆر لاوازە. ئەو پشکنینانەی لەلایەن کوالێتی کۆنتڕۆڵ و لیژنەکانی بەدواداچونەوە دەکرێن زۆر ڕوکەشن. بەهۆی نەبونی کەرەستە و ئامێری پێویست ناتوانن بگەن بە ئاشکراکردنی مەترسییە سەرەکییەکان و دۆزینەوەی مادە شێرپەنجەییەکان.

زۆرێک زانکۆکان و کۆلێژە زانستییەکان بەهۆی لاوازی ئاستی زانستی و لاوازی توانای کارکردنیان بەهۆی نەبونی پێداویستی تاقیگەیی و زانستییەوە نەیانتوانیوە بەشداربن لە ئاشکراکردنی ئەو مەترسیانە و هاوکاری کردنی لایەنە بەرپرسیارەکانی تەندروستی و سەلامەتی گشتی.

زۆرێک لە میدیاکان ڕۆڵێکی خراپ دەبینن لەم بابەتەدا، لە بری هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و ئاشکراکردنی مەترسییەکان، ئەو تۆمەتبارانەی ژەهر دەرخواردی هاوڵاتیان دەدەن، لەپێناو کۆمێنت و لایکی فەیسبوکدا وەک قوربانی وێنا دەکەن و کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسیان بۆ سازدەکەن.

یەکێکی تر لە سەرچاوەکانی مەترسی بونی سوتەمەنی بێ کوالێتی و ژەهراوییە. سەدان هەزار ئوتومبێل ئەم سوتەمەنییە ژەهراویانە بەکاردەهێنن و ڕۆژانە ژەهر دەکەنە ناو هەواوە کە هیچ تاکێکی هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لێ بپارێزێت.

بەهۆی ئەو گەشە ئابورییەی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هاوردەکردنی خۆراک و ئوتومبێل و دەرمان و کەرەستە و کەلوپەلی ڕۆژانە زۆر زیادیکردووە، ئەمەش ڕێژەی بەرکەوتنی بە مادە شێرپەنجییەکان زیاتر کردووە.

یەکێک لە مەترسییە گەورەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زۆرێک لە ناوچەکان ئاوی زێرابەکان بێ پاکردنەوەو پاڵاوتەکردن و پشکنین تێکەڵاوی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە دەبێتەوە.

بێجگە لەو سەرچاوانە چەندین سەرچاوەی تری مادە شێرپەنجەییەکان هەن کە زۆرکات هیچ تاکێک بیری لێناکاتەوە، وەک کەرەستەکانی جوانکاریی و مەیکئەپ، جلوبەرگ و قوماش، کەرەستەکانی ناوماڵ، تایەی ئوتومبێل، بۆن، کەرەستەی بیناسازی.

بەردەوامبونی لاوازی کوالێتی کۆنتڕۆڵ و زانکۆکان و کۆلێژە زانستییەکان، ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن و چەندین نەخۆشی تر زیاتر دەکات و مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی گشتی دروستدەکات.

چارەسەرەکان چین؟

یەکەم: دەرکردنی یاسایەکی نوێ و توند بۆ کوالێتی کۆنتڕۆڵ و سزای قورس بۆ ئەو کەس و کۆمپانیایانەی پابەندی ڕێنمایی و ستاندارد و یاساکانی هاوردەکردن نابن.

دووەم: ئەپدەیتکردنەوەی ستاندەرادەکانی بونی مادە کیمیاوییەکان لەنێو خۆراک و کەرەستەکاندا بەپێی ستاندرادە جیهانییە پەسەندکراوەکان.

سێهەم: دابینکردنی پێداویستی تاقیگەیی بۆ زانکۆ و کۆلێژە زانستییەکان و دابینکردنی توانای مرۆیی دەرەکی و هاندانیان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەسەر خۆراک، پیسبونی سەرچاوەکانی ئاو، هەوا، ریسایکلین، سوتەمەنی، دەرمان، کەرەستەکانی ڕۆژانە.

چوارەم: بەهێزکردنی دامەزراوەی کوالێتی کۆنتڕۆڵ و تەندروستی گشتی  تا ئاستی وەزارەتی سەربەخۆ و پشت بەستن بە سەرچاوەی مرۆیی دەرەکی لە سەرەتادا بۆ دروستکردن و بونیادنانی تیم و توانای مرۆیی بەهێز.

پێنجەم: ئەنجامدانی هەڵمەتی نیشتیمانی گەورە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسی مادە شێرپەنجییەکان و سەرچاوەکانی. لەهەمانکاتدا ئاشکراکردنی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی هۆکارن بۆ بڵاوکردنەوەی مادە شێرپەنجەییەکان.

شەشەم: چارەسەرەکردنی ئاوی زێراب و ڕێگرتن لە تێکەڵاوبونی بە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، کە یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکانی سەر تەندروستی گشتی.

حەوتەم: ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەو کەسانەی ڕۆژانە توشی نەخۆشی شێرپەنجەدەبن، بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکان و هۆکارەکانی ئامارەکانی شێرپەنجە.

مەترسییەکی گەورە لەڕێگایە و پێویستی بە بڕیار و جوڵەی خێرا هەیە! میدیا و سۆشیال میدیا دەتوانن ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینن بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و دروستکردنی فشار بۆ سەر دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن.

بەهیوای تەندروستییەکی باش بۆ هەمووان

 
ئاوات عەلی


PM:12:15:30/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 1220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی