داوا مەترسیدارەکەی سوودانی

‌سەردار عەبدوڵڵا

سەرۆکوەزیرانی عیراق نامەیەکی ڕەسمیی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە، داوای کۆتاییهێنان بە کارەکانی (یۆنامی) دەکات. مەترسیی ئەم داوایە هەر لەوەدا نیە، کۆتایی بە حزووری زۆر گرنگ و پێویستی یۆنامی دێنێت، بگرە ئاماژەی زۆر ترسناکی تێدایە کە هەوڵ دەدەم هەندێکیان بخەمە ڕوو:

ڕاستە سوودانی دەرفەتی ساڵ و نیوێکی داوەتە یۆنامی بۆ دەرچوون لەعیراق، بەڵام لە نامەکەیدا کۆتوبەند بۆ دەسەڵاتەکانیشی بۆ ئەم ساڵ و نیوە دادەنێت، کە تەنها بوارەکانی ریفۆرمی ئابووری و ژینگە و هەندێک لایەنی دیکەی تەکنیکی دەگرێتەوە، کە دوور و نزیک پەیوەندییان بە هۆ و مەبەستەکانی دامەزراندنی یۆنامییەوە نیە. هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێین کە بەسەرنجی ورد لە خودی نامەکەی سودانی و بەلەرچاوگرتنی ماوەی ساڵ و نیو، ئاماژەیەکی ڕوون دەبینین بۆ ئەوەی کە سوودانی ناچار کراوە ئەم داوایە بکات، هەربۆیە ئەمە بەشێکە لە پیلانێکی گەورەتر.

هەر بەپێی ئەو کۆتکردنەی بۆ دەسەڵاتەکانی، یۆنامی ناتوانێ لە ساڵ و نیوەشدا هیچ ڕۆڵێکی لە کاروباری سیاسیی و ئەمنی و سەربازیدا هەبێت. بۆی نیە دەخالەت و چاودێریی سەرژمێری گشتیی بکات کە ٣٧ ساڵە لەعیراقدا نەکراوە، دوا سەرژمێرییش کە لە (١٩٨٧)دا کرا، ئەویش مەبەستەکەی زەمینەسازیی بوو بۆ تاوانەکانی ئەنفال، کە بابەتی ئەم وتارە نیە و زیاتر لە (١٦) پێشتر لەیەکێک لە ڕۆژنامە گەورەکانی عەرەبدا بڵاوم کردۆتەوە. بەهەمان پێوەر یۆنامی بۆی نیە هیچ دەخالەتێک لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراقدا بکات، چونکە ئەسڵەن هەڵبژاردنەکە دەکەوێتە پاش وادەی دەرکردنی یۆنامی لە عیراق. ئەمە جگە لەوەی ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ئەم مانگە دەنگ بە نامەکەی سوودانی بدات و قبووڵی بکات، ئەوا یۆنامی، ئەم مافەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا نامێنێت، ئەمەش زۆر زۆر مەترسیدارە. هاوکات مافی دەخالەتی لە پێشیلییەکانی مافی مرۆڤیشدا نامێنێت.

ئیدی تەنها ئاماژە هەرە ترسناکەکە باس دەکەم و لەوانی تر دەگەڕێم. سوودانی یان هەر بەڕێزێکی تر کە دەبێتە سەرۆکوەزیران لە عیراقدا، دەبێ دوو ڕاستی بزانێت:

یەکەم: ئەو پۆستە بەپێی دەستوور (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە) ئەمەش ڕوونە کە بڕیار لای سەرۆک نیە بەڵکو لای ئەنجومەنی وەزیرانە، کە ئەو سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە. بەڵام عەقڵیەتی جەمعی تەسلیمبوو بە کلتووری دیکتاتۆریی، ناتوانێ ئەم سنوور و کۆتوبەندانە ببینێت، بۆیە پێیوایە سەرۆکی حکومەت دەسەڵاتی ڕەهای هەیە. پێشتر ڕووبەڕوو لەگەڵ یەکێک لە سەرۆکوەزیرانە پێشوەکانی عیراقدا ئەمەم بەڕاشکاوی باسکردوە، مەسەلەکەش باسی کەرکووک و ناوچەدابڕاوەکان بوو. لەم سۆنگەیەوە بەڕێز سوودانی هەر بەپێی دەستوور ماف و دەسەڵاتی ئەمجۆرە بڕیارانەی نیە. بەڵکوو دەبێ بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتحادیی بێت، لێرەشدا دیقەت لە هێڵی ژێر وشەی ئیتحادی بدەن، چونکە هەڵگری مانا و لێکەوتەی یەکجار جەوهەرییە.

حکومەتی فیدراڵ هەر بەتەنها حکومەتێکی ئاسایی وڵاتێکی غەیرەفیدراڵ نیە، بە زۆرینە و کەمینە بڕیارەکانی یەکلا بکاتەوە، بەڵکو نوێنەرایەتی پێکهاتە و هەرێمەکانی دەوڵەتەکە دەکات، هەربۆیە لەمجۆرە بڕیارە ستراتیژییانەدا لەدەرەوەی زۆرینە و کەمینەی ئاسایی، دەبێ بۆچوون و بەرژەوەندی هەموو ئەم پێکهاتە جیاجیاکانی ناو دەوڵەتە فیدرالییەکە بکاتە بنەما بۆ بڕیاری لەمجۆرە.

واتا ناکرێ دەنگی وەزیرێکی سوننە، یان کورد لە مەسەلەی لەمجۆرەدا هاوتای دەنگی وەزیرێکی شیعە بێت. ئاشکراشە کە میکانیزمێک نیە بۆ ئەم پێوەرە، بۆیە دەبێ حکومەت پێشتر لەئاستی سیاسییدا، ڕای پێکهاتەکانی دیکە وەربگرێت و پابەندیشیان بێت. لەم سیاقەشدا دەکرێ راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتی لایەنە سوننە و کوردستانییەکاندا گفتوگۆ بکات، یان لە کۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا بڕیار بدرێت، کە هەموو لایەنەکانی ناو حکومەت دەگرێتەوە.

هەڵبەتە لێرەدا ڕۆڵ و دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار و وەزیرە کوردەکان گرنگ و کاریگەرە. چونکە ئەوان هەر بەتەنها تەنها وەزیر و سەرۆککۆمار نین، بەڵکو بەشێکی سەرەکیین لە دەسەڵاتی ئیتحادی کە لێرەدا نامەوێ باسی بکەمەوە، چونکە پێشتر لەم نزیکانە لە وتارێک بەناونیشانی (تێگەیشتنی وێرانکەری کورد، دەسەڵاتی ئیتحادی وەک نموونە) هەر لە سایتە فەقیرانەکەی خۆمدا بڵاوم کردۆتەوە.
تەنها بەمە، بە ئاماژەکان ئیکتیفا دەکەم و هەندێک پێشنیار دەخەمە ڕوو:

جەنابی سەرۆکی هەرێم بانگەشە بۆ کۆبونەوەی هاوبەش بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆککۆمار و وەزیرە کوردەکانی بەغدا، لەگەڵ لایەنە کوردستاییەکان و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و وەزیرە پەیوەندیدارەکانی هەرێم، بۆ وەرگرتنی بڕیاری یەکگرتوو. ئەرک و مەسئولییەتی هەموو لایەکیشە بەشدار بن.

بەپەلە لۆبییەکی بەهێز لە ئەنجومەنی ئاسایش بکەین بۆ ڕەتکردنەوەی داواکە، بەتایبەتیش جگە لە هەموو ئەندامە هەمیشەییەکان، دەکرێ لۆبی لای هەر یەک لە ژاپۆن، سویسرا و سلۆڤینیاش بکرێ، چونکە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشن.

داوا بکرێت حکومەتی عیراق نامەکەی هەڵپەسێرێت، تاکو کۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەت دەکرێت. واتا نابێ کاری پێ بکرێت تا ڕەزامەندیی کورد و سوننەی بۆ وەردەگرن.

وەزیرە کوردەکان، بەتایبەتیش جەنابی وەزیری دەرەوە کە راستەوخۆ بەرپرسی کەیسەکەیە و جەنابی وەزیری دادیش کە داوای هەڵپەساردنی دەسەڵاتەکانی یۆنامی بەشێکی کارەکانی ئەو وەزارەتەش دەگرێتەوە.

کوتلەی کوردستانی لە حکومەت بە یەکگرتووی واتا وەکو نوێنەری پێکهاتە لەناو حکومەتی فیدرالیدا هەڵوێستی تۆکمەی یەکگرتوو وەربگرن، چونکە ئەم هەڵوێستە تەنها گرێدراوی سەڵاحیاتی وەزارەتەکانی دەرەوە و داد نیە، بەڵکو مومارەسەی نوێنەرایەتی کوردە وەکو کوتلەیەکی وەزاریی کوردستانیی.

وەزیرەکانمان دەتوانن لۆبییەکی بەهێز بکەن لای وەزیرە سوننەکان و هەموو ئەو وەزیرە شیعانەش کە دەکرێ پاڵپشتمان بن. گومانیشم لە توانا و دڵسۆزیی هیچ یەک لە وەزیرەکانمان نیە، دەشزانم پێیان دەکرێت.

جەنابی سەرۆککۆمار کە وێڕای دەسەڵاتە تەشریعییەکانی، بەشێکی ئەساسی دەسەڵاتی تەنفیزیی و پارێزەری دەستووریشە. هەربۆیە دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە ڕێگریی لەم کارەساتە بکات.

لۆبییەکی گەورە لای ڕێکخراوە ناحکومیی و مەدەنییەکانی عیراق بکرێت،  بۆ بەشداریی لە ناڕەزایەتی دەربڕین.

ڕێکخراوە ناحکومیی و مەدەنییەکانی کوردستان هەموو پێکەوە ناڕازیی و هەڵوێستی تۆکمەیان بگەیەننە هەموو جیهان، خۆپیشاندان و بەیاننامە و... هتد.

ئەم مەسەلەیە نەک هەر پەیوەندی بە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ناکۆکیی لایەنەکانەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە بەرژەوەندی باڵای کوردستان و چارەنووسی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانەوە هەیە. هەربۆیە هیچ ئیحراجییەک بۆ هیچ لایەک دروست ناکات، لێرەشەوە دوپاتی دەکەمەوە، کە ئامادەبوونی پەرۆشانەی هەموو لایەک لەو کۆبونەوەیەدا و وەرگرتنی هەڵوێستی یەکگرتوو ئەرکێکی نیشتمانی ئەخلاقیشە.

سەرەتای ئەم وتارە باسی ئەوەم کرد کە ئەمە بەشێکە لە پیلانێکی گەورەتر، بەداخەوە ئەمە خۆی وتاری تایبەتی پێویستە، بەڵام زۆر بەکورتی، ئەمە بەشێکی ئەساسییە لەو پیلانەی دەیەوێ دەست بەسەر عیراقدا بگرێت و کۆتایی بەقەوارەی هەرێم کوردستان و گەلە سەربەرزەکەی بهێنێت، هەربۆیە دوپاتی دەکەمەوە، کە ئەمە چرکەساتی وەلانانی هەموو ناکۆکییەکانی دیکەمان و گفتوگۆ و کۆبونەوە و بڕیاری یەکگرتوی کوردستانییە، بەڵکو ئەمەش خۆی ببێتە دەرفەتێک بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بەنەفەسێکی دیکەی مامەڵە و ململانێ ناوخۆیی کوردستانیی.

بیرتان نەچێت ئەو کاتەی یۆنامی دامەزرا بەشێکی هێزەکانی ئێستای عیراق دژی دۆخەکە و نەتەوە یەکگرتوەکانیش بوون، بەشێکی تریشیان سەرباری ئەوەی نەیاری سەدام بوون، کەچی لەدەرەوەی پرۆسەکە بوون، ئەوانی تریشیان هەر دروست نەبووبون. لەو کاتەدا کورد هێزی هەرە سەرەکیی ناو پرۆسەکە و بونیادنانەوەی ئەم سیستەمە تازەیە بوو.

ئیدی کاتی ئەوە هاتوە کورد، سەرباری هەموو ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ببێتەوە بە هێزە یەکگرتوو و کاریگەر و یەکلاکەرەوە و بڕیاردەرەکەی ئەو سەردەمە، ئەمەشیان ئاسانە ئەگەر پەرۆشی خاڵە هاوبەشەکانمان بین و ئیرادەی یەکگرتوومان دروست بکەینەوە و بیسەپێنین بەسەر هەموو جیهاندا.
 


PM:03:01:12/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 4052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی