کامیان لە هەڵبژاردنەکەی تورکیادا دەیبەنەوە کلتوری پۆپۆلیستیی یا واقعیی؟!
بارزان شێخ عوسمان
چاوی جیهان بە پەرۆشیی و دیقەتەوە لەسەر رۆژی یەك شەممە ١٤ی مەی /ئایاری ٢٠٢٣ یە .کە بڕیارە دەنگدەران لە تورکیا بە دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیی و پەرلەمانییەکەدا لە هەشتاو پێنج بازنەی هەڵبژاردندا ، سەرکۆمارێک و نوێنەرانی نوێ بۆ پەرلەمانە شەش سەد کورسییەکەی وڵاتەکەیان دیاری دەکەن .
ئەو هەڵبژاردنە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە پێشبینیی جیا جیا لەئارادایە بۆ چارەنوسی رەجەب تەیب ئەردۆگان وەك سەرکۆمار و پارتی داد و گەشەپێدانی ئیخوانیی وەك پارتی دەسەڵاتدار لەو وڵاتەدا ، کە ئێستا شەڕێکی توند و گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن بە خۆوە دەبینێت لە نێوان هاوپەیمانیی Cumhur بە سەرۆکایەتیی ئەردۆگان و ئیئتیلافی Millet ی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرکردایەتیی کەمال قلیچدار ئۆغڵۆ(قلیچدار یانی شمشێر بەدەست) .
هەردو هاوپەیمانەکە لە بانگەشەکانیاندا رەخنە بارانی یەکتر دەکەن ،هەریەکەشیان بەڵێن و پەیمانی گەورە و قەبە بە دەنگدەران دەدەن کە ژمارەیان شەست و چوار ملیۆنە .
ئەو بەڵێنانە لە کاتێکدایە کە تورکیا روبەڕووی قەیران و کێشەی جیا جیای ،سیاسیی ،ئە منیی ،سەربازیی ،ئابوریی و هەڵاوسان و بەرز بونەوەی نرخی کاڵا و خۆراک بوەتەوە ،سەرباری ئاسەواری پڕ مەینەتیی وێرانکارییەکانی بومەلەرزەکەی مانگی فێبروەر/شوبات ی ئەمساڵ کە زیاتر لە پەنجا هەزار کەسی تیادا بوە قوربانیی و دەیان هەزار باڵەخانە و خانو وێران بون .
جیاوازی نێوان شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردنەکە لە نێوان دوکاندیدا سەرەکییەکەی سەرۆکایەتیی دا زۆرن .
ئەردۆگان هەر هاوار دەکات و سنورە دەستوریی و قانونیی ،تەنانەت ئەخلاقییەکانیش بەزاندوە ،بەڵام قلیچدار بانگەشەکە زۆر بە لەسەرخۆیی بەڕێوە دەبات و پێودانگە دەستوریی و قانونییەکان ناشکێنێت ،بگرە وەڵامی ئەو تۆمەتانەش ناداتەوە کە دەدرێنە پاڵ و خۆی و هاوپەیمانەکانی تری .
ئەردۆگان پشتی بەستوە بە شێوازی پۆپۆلیستی و گەمژاندن .
تاوێك پەنا دەبات بە لافلێدانی نەتەوەپەرستیی و ئاینیی (کە هەردوکیان تەواوکەری یەکترن ) تاوێکی تریش دەستکەوتەکانی رابردو بە بیردێنێتەوە و مژدەی درۆینە دەدات بەوەی پێشکەوتنی تر بەڕێوەیە لە قۆناغی داهاتویی سەرۆکایەتییەکەیدا .
دەنگدەران بەوە هەڵدەخەڵەتێنێت کە ئەو پەیام لە خوداوە وەردەگرێت ، بۆیە تورکیا بەرەوپێش دەبات و دەیکاتە خاوەنی بەرهەمی گازی سروشتیی و فڕۆکە ،درۆن ،ئۆتۆمبیلی کارەبایی ، ژێردەریایی ، فڕۆکە هەڵگر و زرێ پۆشەکان کە دەڵێت ئەوانە پیشەسازیی خۆماڵیین.
سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنیش دەست دەخاتە سەر برینەکانی بێ دەرامەتیی خەڵك ،گرانیی ،ئازادییە گشتییەکان و،شکستهێنانی دیموکراسیی و گەندەڵییەکان بە هەمو جۆرەکانییەوە ، لەوانە گەندەڵیی دارایی کە ئەردۆگان و ئەندامانی خانەوادەکەی تێوەی گلاون .
وەك ئۆپۆزیسیۆنیش دەڵێت ،ئەردۆگان و دەستوپێوەنەکانی چەندین ملیاریان چنیوەتەوە .
هاوکات عەلی باباجان سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسیی و وەزیری پێشوی ئابورییش وتویەتی، " ئەردۆگان گەنجینەی گشتیی گەیاندۆتە لێواری مایەپوچیی و تەواوی دەزگا و دامەزراوە و بەشەکانی دەوڵەتی تورکیای وێرانکردوە".
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە دەنگدەران لە تورکیا چۆن ئەو وتارە پۆپۆلیستیی و گەمژاندنانەی ئەردۆگان و لایەنگرەکانی هەڵ دەسەنگێنن ؟،ئایا وا بیر دەکەنەوە کە ئەو قسانە ،هەڵخەڵەتاندن و چاوبەستەکێن بۆ ئەوەی خەڵك چیتر بیر لە دیموکراسیی و ژیان و گوزەرانی خۆیان نەکەنەوە ؟، یا باوەڕ دەکەن بەو قسانە و ئەردۆگان بە فریاد رەسی تورکیا دەزانن ؟. هەمو ئەو تاوان و ماڵوێرانیانەیان لە یاد دەکەن کە لە ئەنجامی حوکمە دیکتاتۆرییە فاشیستە ئیسلامییەکەی بەسەر تورکیادای هێناوە و جارێکی تر دەنگی پێ دەدەنەوە ؟!.
ئەگەر وابێت کەواتە کلتوری (خۆش باوەڕیی و ئەوەی دەیبیستیت بەراستی بزانیت نەك ئەوەی دەیبینیت )، زاڵ دەبێت !.
بەڵێ تا ئێستاش ئەو مەترسییە لە ئارادایە کە پیلان و فێڵبازیی وقۆڵبڕییەکەی ئەردۆگان سەربگرێت ، ئەمجارەش ئۆپۆزیسیۆن و ئەو هێزانەی باوەڕیان بە دیموکراسییە دەرفەتیان لەدەست دەربچێت. بەمەش نەك هەرتورکیا ،بەڵکو ناوچەکە و جیهانیش ئەو دەرفەتە زێڕینەیان لە دەست دەچێت بۆ شکست هێنانی تاکڕەویی و رەواندنەوەی تارمایی جەنگە کارەساتبارە کان و خوڵقاندنی قەیرانەکان لەسەرئاستی ناوچەکە و جیهان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە ئاشکرا، کە ئەردۆگان و حزبەکەی روبەڕووی تورکیا و ناوچەکەیان کردۆتەوە جارێك بە ناوی داکۆکیکردن لە ئیسلام و جارێکیش بە ناوی پاراستنی خوێن و نەژادی تورک .
هەمو ئومێد و هیواکانی مرۆڤایەتیی بەو ئاڕاستەیەیە کە ئەقڵ و لۆژیک لەم هەڵبژاردنە چارەنوس سازەدا زاڵ بێت ، دەنگدەران دەنگ بدەن بە کلتوری دیموکراسیی و پێشکەوتنخوازیی و شکست بە پۆپۆلیستیی و گەمژاندن بهێنن، کە نەك هەر تورکیا بەڵکو ناوچەکەشیی گرتۆتەوە .
PM:01:50:13/05/2023
ئهم بابهته 908
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی