ھێرۆ خانی پێشمەرگە و سەرکردە راستگۆکەی گەل و یەکێتییەکەی
بارزان شێخ عوسمان
زۆر لەمێژە دەمەوێت بە خستنەروی راستییەکان وەڵامی ئەو پلار و تانە و تەشەرە ناڕەوایانە بدەمەوە کە دەرھەق بە پێشمەرگە ، کادیر ، فەرماندەو سەرکردەکانی دەورانی شۆڕشی چەکدار و خەباتی شاخی ی ن ک دەوترێت . بەڵێ شۆڕشێکی وا مەزن کە ھەزاران پێشمەرگە لەدەوری ئاڵاکەی کۆببونەوەبە دڵنیاییەوە کەموکورتیی ،پێشێلکاریی نەریت و رەوشتی پێشمەرگە و خەباتگێڕانی رزگاریی گەل و نیشتمان و ھەڵە و ناعەدالەتیشی تیادا رودەدات . بەڵام لەنێو ئەو ھەزاران پێشمەرگە و خەباتگێڕانەدا چۆن سەرکێش و نەریت شکێن ھەبوە ،سەدان نمونەی جوانیش ھەن . بەنوسینێک ،بە وتارێک ھەمو ئەو ناوانە رێک ناخرێن ،بەڵام دەکرێت چەند تێکۆشەرێکیان بەنمونە باس بکرێن کە لەژیاندان . لەوانە:-یوسف زۆزانی ، مامۆستا جەمالی حاجی محمد ،کاک ئازادی سەگرمە ،عادل شکور ، مامۆستا علی ٥٥ی قەرەداغ (مامۆستا علی پەرلەمان)، ئازادی تیپی ٣١ی سلێمانی،وریا ئاغجەلەری ، شێرزاد حافز ،مامۆستا سەیفەدین عوسمانی حاجی مەحمود ،محمد تۆڤیق رەحیم فەرھادی رێکخستن و کەرتی زیندان ، ،سالاری کۆمەڵایەتیی سەدان فەرماندەی تر و ھەزاران پێشمەرگەش نمونەی دەست و داوێن پاکین ،کە جگە لە خزمەتکردن و قوربانیدا ھیچ ئامانج و مەبەستێکی تریان نەبوە.پەنجەش دەکەن بەچاوی ھەرکەسێکدا کە بەجۆرێک تانەیان لێ بدەن.سەرەتا ویستم باسی کاک ئازادی سەگرمە بکەم کە چەک و فیشەک و مەخزەن و تەنانەت زمەی تفەنگەکانیشی بە لیست و ژمارە بون لە تیپەکایدا ، بەڵام بەرنامەیەکی دیکۆمینتاری کەناڵی کوردساتی ئازیز لەبارەی مامۆستای گەورە نەجمەدین مەلا ،رەوتی نوسینەکەمی گۆڕی کە سەرباری خستنەروی گەورەیی ئەم زاتە و بەخششەکانی بۆ گەلەکەی ،رۆڵی ژنێکی مەزنی وەک ھێرۆخانیشی خستە رو بۆ فریاکەوتنی بەرھەمەکانی تا لەناو نەچن و ئارامگەکەیشی لە چیای ئەزمڕ بەو جۆرە نۆژەنکردەوە کە شایستەی پێگەی مامۆستای مەزن بێت و لەشێوەی کەشتیی نوحەکەی نەجمەدین مەلا ئارامگەکەی نوێ کردەوە . بۆیە پێم باش بو لەریز بەندییەکەدا دادە ھێرۆ بخەمە ریزی پێشەوە کە ئەویش بەشێکی گرنگە لە مێژوی خەباتی شاخ و خەباتی شار ی (ی.ن.ک) ،داوای لەشساغیی و تەمەنی درێژ بۆ ئەو و تەواوی شۆڕشگێڕە پاک و قوربانیدەرەکەنی تر دەکەم .
ئەم زاتە مەزنە بەخۆڕایی و لەپڕێکدا نەبوە بەم ھێرۆ خان یان ( دادە ھێرۆ )یە . مێژوییەکی سەخت و دژواری پڕ لە چەرمەسەریی کردویەتی بەم ژنە پۆڵایینە خزمەتگوزار و میھرەبان و دڵ فراوانە . ئەو لەوەتەی ھاتۆتە ناو مەیدانی خەبات وتێکۆشان ھەمیشە ھەوڵ دەدات زۆرترین خزمەت بە گەلەکەی و بیروباوەڕ وپرانسیبە پڕ بەھاکان بکات کە باوەڕی پێیەتی ، ببێتە بەھێزترین داکۆکیکاری راستیی و ھەق بێژیی . ئەوەندەیشی لەتوانایدا بێت بیرۆکە و پەیامە لێوان لێو لە مرۆڤایەتییەکانی جێبەجێ کردوە سەرباری کۆسپ و رێگرییەکان . ھێرۆخان ئەو پێگە و جێگە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مرۆڤ دۆستانەیەی ھەیەتی، کارو و ھەوڵ و تێکۆشان و ماندو نەزانینەکەی لە خەبات بۆی دروست کردوە ،واتە بەو ھۆیە نییە کە تەنیا کچی مامۆستای نەمر ئیبراھیم ئەحمەد ،یان ھاوسەری سەرۆک مامجەلالە(ئەگەر چی ھەردو نزیکییەکە جێی شانازیین بۆی ) . ئەو مێژوە پرشنگدارەی بەرھەمی خەمخۆریی و پەرۆشییە ھەمیشەکانیەتی کە بەداخەوە کەمترین بایەخیان پێدراوە لە میدیاکاندا وھیچ روناکییەکی کامێرا و رۆژنامەکانیان لەسەر نەبوە ، دیارە لەوەدا خەتای خۆیەتی کە داوا و راسپاردە و فەرمانەکانی لەوەداکۆبوەتەوە کە کامێرای لێ نزیک نەبێت .
وەک خۆی دەڵێت ئەوانە ئەرکی سەرشانیەتی و پێویستە جێبەجێیان بکات ،ئیتر کامێرا و دەرکەوتن و باسکردنیان بۆچی یە ؟! ،خۆی وتەنی " ھەزاران سەربازی ون لە مێژوی گەلەکەمان و شۆڕشەکانیدا بە شۆڕشی نوێشەوە خاوەنی تۆمارکردنی دەسکەوت و سەروەرییەکانن بێ ھیچ پاداشت و ناوێک و بە بێ دەنگیی و دور لە ھەڵاو بگر ئەرکی خۆیان راپەڕاندوە،ئیتر بۆچی من ئەرکی سەرشانم جێبەجێ بکەم ئەبێت ھەمو دنیا بزانێت .
ھێرۆ خانی خۆمان سەرباری ئەوەی ھەر خزمەتێکی گەلەکەی و حزبەکەی بکات وداکۆکی لە ھەڤاڵەکانی بکات لە کاتی تەنگانەدا، بە ئەرکی خۆی دەزانێت . نە درەنگ ھاتوە بۆ ناوجەرگەی خەبات ،نە کەمیش ماندووبوە تا پێویستی بەوە بێت باسی کارەکانی بکات بۆیە ھەرگیز میدیای سێبەری نەویستوە و ناشیەوێت تا جوانکاریی بۆ کارەکانی بکات یا لە کاتێکدا بیەوێت بیان بکات بە گژ نەیارەکاندا .
ھێرۆ خان بەھۆی ململانێی لایەنە سیاسییەکان و کێشەکانی ناوخۆی حزب لە کوردستانی عێراق زۆڵمی زۆری لێکراوە و ناھەقیی و غەدری زۆری بەرامبەر کراوە (بە تایبەتی لەو کاتەوەی کە میتۆدی بێ مۆڕاڵیی جنێو فرۆشیی بوەتە نەریت ) .
، بەڵام خۆشبەختانە لە بەشەکانی تری کوردستان و عراق و ناوچەکە و جیھانیش پێگەکەی وەک خۆی و زیاتریش پارێزراوە و ئەو ناھەقییانەی بەرامبەر نەکراوە .
زۆر وێستگەی گرنگی خەباتی ئەم کەسایەتییە مرۆڤ دۆستە ھەن بێ ئەوەی رۆژێک باسیان بکات لەوانە :-
- ساڵی ١٩٧٥ لەسەرو بەندی بڵاوەپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلولدا لەو کاتەی پیاوانی دەسەڵاتداری( لە دەسەڵات کەوتو )فڕکان فڕکانی دەربازکردنی سەرو ماڵیان بون ، خانمی یەکەمی پێشوی عێراق (٢٠٠٥-٢٠١٤) ھەم لە روانگەی پەرۆشیی وخەمخۆرییەکەی ،ھەم وەک ئەرکی خەبات ،ژیانی خۆی خستۆتە بەر مەترسیی و دەستگیر کردن و نامەیەکی سەرۆک مامجەلالی لەدەرەوە ھێناوە تا بیگەنێت بە سەرکردەکانی شوڕش بۆئەوەی خۆ بگرن وچاوەڕێ بکەن نەڕوخێن .
-ھێرۆ خان ئاگاداری ورد ودرشتی دامەزراندنی( ی ن ک )ە ، نە خۆی باسیکردوە نە گلەیی و بۆڵەیەکی کردوە کە بۆچی ناوی ئەو نەھێنراوە،( وەک چۆن ئێستا ئەگەر لە ھەواڵێکدا ناوی کەسێک نەیەت قیامەت ھەڵدەستێت).
- کە شۆڕشی نوێ ھەڵگیرسا و ھەڤاڵ مامجەلال لە ٢٢-یۆلیۆ⁄تەموز⁄١٩٧٧گەیشتەوە چیاکانی کوردستانی عێراق ھێرۆ خانیش لەگەڵیدا بو ،ئەویش بوە پێشمەرگەیەکی سەرەتاکانی شۆڕش و بەشداریی سەختیی و دژوارییەکانی ئەو وێستگە پڕ ھەوراز و نشێوەی کرد ،چەندینجار بە نھێنیی نامەی گەیاندۆتە شار کە وەک ھەر پێشمەرگەیەکی ئاسایی و جێ متمانە ئەرکی شۆڕشی بەجێ گەیاندوە ،لەوەشدا ھەر لە ریزیی پیشەوەی گیان بەخشین بوە .
وەک ھەڤاڵ کاک یوسف زۆزانی ھاوخەباتی نزیکی ھەڤاڵ مامجەلال و ھێرۆ خان لە نوسینێکی دا بە زمانی عەرەبی لە رۆژنامەی (الاتحاد) لەساڵی ٢٠٠٥ بە بۆنەی وەستاندنی دادە شانبەشانی شاژنی ئوردون لە مەراسیمی پێشوازیکردن لە سەرۆک مامجەلال باسی کردوە، ھێرۆ خان بەشداریی ھەمو سەختییەکانی سەردەمە دژوارەکانی شوڕشی کردوە وەک پیشمەرگە و تێکۆشەرێک ،ئەویش وەک ھەر پێشمەرگەیەکی تر چەندینجار لە لێواری مەرگ گەڕاوەتەوە ، ئەوەش مێژوییەکی پرشنگداری ھێرۆ خانە وەک ھەر سەرکردە و پێشمەرگەیەکی تر کە شانازیی پێوە ئەکات و نایکاتە منەت .
لە دوای راپەڕینیش ھێرۆ خان شانی دایە بەر ئەرکی خەباتی نوێ و سەردەم ھەر لە بواری بایەخدان بە مناڵ و کەم ئەندام تا بوارەکانی ھونەر و ئەدەب بە ھەمو بەشەکانییەوە ،راگەیاندن ، ئاوەدانکردنەوە،
سەرباری ئەوەی ھەر وەک پشت و پەنای ھەڤاڵە کانی پێشمەرگایەتی مایەوە بۆ رێنوێنی و ھاریکاریی کردنیان لە کاتی پێویستدا . لە چارەسەر کردنی کێشە و ململانێکانی ناوخۆی حزبیشدا یارمەتی دەر و ئەھلی خێر بوەیارمەتیھەڤاڵەکەنی داوە (کە بەشی زۆری ململانێکان بەرژەوەندیی تاکە کەسیی بون ) ھەمویان پێویستیان بە نێوەند گیریی و قسەی خێری دادە ھەبوە بۆ رەواندنەوەی ئاڵوزییەکان و قایلکردنیان بۆ دەستبەردار بون لەو بیرکردنەوە چەوتانە کە لە زیان زیاتر چ دەستکەوتێکی نییە بۆ گەل و ی ن ک .
- ھێرۆخان خاوەنی پرۆژەی رزگارکردن و فریاکەوتنی مناڵانە تا باخچەی مناڵییان لە ناو کێشە خێزانیی و ئابوریی و سیاسییەکاندا نەبێتە خەزان . بۆ جەوانان و نەوجەوانانیش بەرنامەی تۆکمەی داڕشت تا کۆببنەوە و بەھرەکانیان ھەڵنەوەرێت (کازیوەکان، مناڵانی سەرجادە ، سەنتەرەکانی گەنجان ) نمونەیەکی ئەوپرۆژانەن.
- پرۆژەی رزگارکردنی مناڵانی توشبو بە نەخۆشییەکانی خوێن(تالاسیما، شێرپەنجەی خوێن )، ھەر بە ھیمەتی ھێرۆخان ھاتەدی ، سەرباری رزگار کردنی سەدان مناڵ لەنەخۆشییە زگماکییەکانی دڵ و ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات ،سەرەنجامیش نەخۆشخانەی ھیوا بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێر پەنجە کرایەوە کە بەتەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان نییە بەڵکو سەرتاسەری عێراقە. ئەوەش ھیمەتی ھێرۆ دان و سەرۆک مامجەلالی مەزنی پێوەدیارە
-لە رێی مناڵ پارێزی کوردستانەوە سەدان پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە لە،ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێکراون .
ھەرچەندە ئەم نوسینە پانۆرامای کاروچالاکییەکانی ھێرۆ خان نییە ،بەڵام ناکرێت کاتێک باسی ئەو زاتە ئەکرێت ئاماژە نەکرێت بۆ ئەو ھەمو خزمەت و پەخششانەی پێشکەشیکردوە بە گەل و نیشتمانەکەی کە بە وتار و نوسینێک و کتێبێک نرخی خۆیانی نادرێتێ . خۆ ئەگەر باسی کارەکانی شاخی بکرێت کە چۆن شانبەشانی پێشمەرگەکان بەشداریی نەبەردییەکانی کردون بۆ تۆماروئەرشیف کردنی قارەمانێتیی وداستانەکانی پێشمەرگە ئەوا چەندین رۆمان و کتێبی مێژویی لێ دێتە بەرھەم. ئەگەر دەربارەی ئاوڕ دانەوە لە ھونەرمەندە دێرین و فەرامۆشکراوەکانیش قسە بکەین ئەوا بەرھەمە نوێکراوەکانی ئەو ھونەرمەندە کۆچکردو و زیندوە لەبیرکراوانە شایەتیی دەدەن کە ھێرۆ خان چەندە بە پەرۆشییەوە فریایان کەوتوە ، لەوانە ئەحمەد شەماڵ و محمدی نێرگز و زۆری تریش . سەبارەت بە فریاکەوتنی کەلەپور و شوێنەوارەکانیش مۆزەخانەی سلێمانی و،پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر لە ساڵانی نەوەد شایەتی زیندون .خۆ فریاکەوتنی ھێرۆخان بۆ رێگرتن لە روخاندنی سەرای سلێمانی و چەندین ماڵی تری ناوداری تری وه ك سوفى كريم له شارەکەمان(سليمانى ) ئەوە ھەر باس ناکرێن .
کەواتە پێویستە ھەموان دەست بخەینە سەر ویژدانمان و کارتەکان تێکەڵ نەکەین و رەش و سپی وەک یەک نەبینین .
بەو ھیوایەی بتوانم لە داھاتودا دەربارەی ئەو زاتانەی تریش بکەم کە ھەر وەک سیمبولی پاکیی لێیان دەڕوانین لە شاخ و شاریش .
PM:04:56:06/11/2022
ئهم بابهته 3164
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی