دەردە دیارەکە. عەبە مەخموری و سادقی زیبا کەلام.

‌هۆمەر محەمەد

کلتوری ئێمە عەیبێکی گەورەی تێدایە، بابڵێم دەردێکی کوشندەمان هەیە، (دەردی خۆبەکەم زانی) نەک بەسەرتاپای جەستەماندا بەڵکو بەرۆحیشماندا چووەتە خوارێ .

 گرفتەکە ئەوە دەردەکە هەر دەسەڵاتداری نەگرتووەتەوە هەموو کۆمەڵگا دەردەدارە. 
وای بۆدەچم خەباتێکی کلتوری هەمەلایەن و درێژخایەن دەرمانی ئەم دەردە کوشندەیەمان بێت. 

دەنا نە بلاسخارت و نە سادقی زیبا کەلام حەکیممان نین، حەکیمی دەردی خۆمان هەرخۆمانین، ئەوەی ئەوان بەسەرکردایەتی کوردی دەڵێن دەرمان نییە، بەڵکو نیشاندانی دەردەکەیە، ئەوان قسە لە چارەسەر ناکەن بەڵکو کورت وکرمانج دەڵێن : ئێوە نەخۆشن ئێوە تەواو بوون دەردەکەتان بێ دەرمانە، سیل وسەرەتانتانە .. ناڵێن ئەوە دەرمانەکەتانە دەڵێن بەم دەردەتانەوە چاوەڕوانی مەرگێکی شێنەیی بن. ئاقڵ بن گوێ لەگەورەی خۆتان بگرن.  (ئێ ڕون وئاشکرایە گەورەی ئەوان کێیە).

ئەفسوس ئەوانەی دلخۆش و شاگەشکەن، بەقسەکانی بلاسخارت و سادقی زیبا هەر ئەو دەردەیانە، کەسەرکردەکان هەیانە، ئەوانیش قسەی بێگانە بەحیکمەت و بێگانەکەش بەحەکیم دەبینن .. 

دەنا زۆر لەمێژە کوردی خۆمان بەزمانی خۆمان لەوە گرنگتری پێگوتوون ( بێوژنە رەشپۆشەکان، مرۆڤە پەراوێزکەوتووەکان وعەبە مەخمورییەکان) لەسەر جادەو لەمەجلیس و لەپرسەو پانێل و پاڵتاکەوە لە شاشەی تیڤییەکانەوە قسەی باشترو کاریگەرتریان بەسەرانی حزبە دەسەڵاتدارەکان گوتووە . 
پێی گوتوون ئاقڵ بن شەڕی ناخۆ مەکەن، خۆتان بەکەم مەگرن ئەگەر سیاسەتتان پێناکرێ بچن دانیشن و کارتان بە سیاسەت نەبێت!! بوز بە یەکترەوە مەکەن باخەڵک پێتان پێنەکەنێ و بوزتان پێوەنەکا!! 

 پێی وتوون ئەوەی هەرێم دەپارێزێ خەڵکی کوردستانە نەک بێگانە ئەوەی رەوایەتیتان دەداتێ هەرئەو خەڵکەیە، بۆنی نەوت و گاز گێژتان نەکات، عاقڵ بن و بزانن مرۆڤ هەربمرێ بەبێ عەقلی نەمرێ باشە. 

ئێ ئەمانە سواری گای شێت بوون، خۆبەوە نییە چاکەت و پانتۆڵی مارکە لەبەردەکەن هێشتاکە هەر کوڕی سەردەمی فیودالیزمن . دەزانن ئەوەی سمێڵی سوربوو هەمزاغانییە بەڵام هێشتا ماویانە ئەوەی قژی زەدو چاوی شین بوو، پرۆفیشناڵ نییە. 

تو ئیمانتان ئەگەر هەتانە، تو ویژدانتان، ئەوەی زیبا کەلام وتی، عەبە مەخموری چەندجار رونترو عاقڵانەترو دلسۆزانە و ئازایانەتر وتوویەتی ؟ 

جارێکی تریش گوتوومە هەرێمی کوردستان رەنگە تاکە وڵات بێت خەڵکەسادەکەی لەسیاسیەکانی عاقڵ تربن.


PM:01:44:22/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی