هەژمونی گریان و پاڵەوانی مەجازی

‌ئاڵا هۆشیار

هیچ کام لە ئێمە بیری نایەت کێ بوو بۆ یەکەمجار لە بەردەم کامێرا و مایکی پەیامنێرێک گریا!
ئەگەر ڕووداوی یەکەم وەک هەڵچوون بێت، ئەی گریانی دووهەم و سێهەم و چوارەم و ... چی بوون؟
ناکرێت هەموو ئەو گریانانە وەک دیاردەی کۆمەڵایەتی سەیر بکرێت، دەبێ وەک کاریگەری و هەژموونی گریان سەیر بکرێت
ئێمە دەتوانین بە کەڵک وەرگرتن لەو کەسانەی کە دێنە پێش کامێراو دەگرین کۆمەڵگای کورد بخوێنینەوە و تێبگەین بۆچی ئەمانە دەگرین.

ویستی گریان لە پێش کامێراناتوانێ شتێکی سروشتی بێت، بەڵکو ئەم دیاردیە لە نێوان پانتایی مەجازی و پانتایی واقیع یاری دەکات.

ئەوانەی کە لە پێش کامێرادەگرین( لە پانتایی مەجازیدا دەگرین) و لە ڕاستیدا ناتوانن بەو شێوە بن، واتە کەسێک کە لە پێش کامێرا دەگریی، ناتوانێ لە دونیای ڕاستی ئەم کردەیە دووبارە بکاتەوە. هەڵبەت کەسانی تر هەن کە دەتوانن لە واقیعدا بگرین، بەڵام ناتوانن لە پێش کامێرادا بگرین'' ئەمە دەکرێت لە ئیستادا بەشە سروشتیەکە بێت'' بەڵام لە داهاتوودا گریانی واقیعی دەبێت بە شتێکی ناسروشتی و ئێمە هەموومان گریان و فرمێسکەکانمان دەکەین بە مەجازی و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوی دەکەینەوە.

کۆمەڵگای ئێمە هێشتا لە نێوان ''مەجاز و واقیع'' باڵانسی تەواو نییە، هەر بۆیە ئەوانەی کە یەکەمجار لە دونیای مەجازی قسە دەکەن دواتر لە ژێر فشاری واقیع دێن و لە فەزای مەجازی دەڵێن -ببورە ڕادیۆ بوو- هاوسەنگی تێکچووە لە نێوان ئەوەی ئێمە دەمانەوێ پاڵەوانی مەجازی بین یان پاڵەوانی ژیانی راستی خۆمان، هێشتا ململانێ لەنێوان  دونیای واقیع و دونیای مەجازی بوونی هەیە، نازانین چەند ساڵی تر دەخاینێ هەتا دونیای واقیع دەتوانێ شکستی خۆی بەرانبەر بە دونیای مەجازی بە یەکجاری ڕابگەینێت، بەڵام دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم: ''واقیع بەرانبەر بە مەجاز لە شکستدایە'' شکستێک کە هیچکات هەستی پێناکەین چوون گۆڕانکاریەکان بە هێواشی ڕوو دەدەن.

بۆ ئەوەی بابەتەکە زیاتر ڕوون بێتەوە، دەگەڕینەوە بۆ ڕووداوی خۆ سوتاندنی کوڕە تونسیەکە، ئەگەر لە بیرتان بێت کوڕێک خۆی سوتاند و بە دوایدا بەهاری عەرەبی ڕوویدا، ئەمە دەتوانێ باشترین نموونە بێت بۆ سەردەمی خۆی'' لەو سەردەمەدا مرۆڤەکان واقیعی بوون و تەنیا پێویستیان بە چەخماخێک بوو کە لە دونیای مەجازەوە پێیان بگات'' هەتا بتوانن شار و وڵاتێک و دیکتاتۆرێک بڕوخێنن، بەڵام لە ئیستادا کە تای ترازوو بە زەرەری واقیعە  دەبینین کە هیچ ڕووداوێکی واقیعی ناتوانێ وەک خۆی بەرەو پێش بڕوات و ڕووداوە واقیعیەکان تەنیا دەبن بە ماتریاڵ و کەرەستە بۆ ئەوەی ئێمە لە دونیای مەجازدا قسەیان لە سەر بکەین و خۆمان بەتاڵ بکەینەوە، بۆ نموونە خۆکوشتنەکەی حاکمەکەی ڕیفراندۆم و خۆسوتاندنەکەی پەنابەرەکەی بەردەم ڕێکخراوی UN لە هەولێر.  

مرۆڤی سەردەم، بووە بە خاوەنی بیرگەیەک لەو داتاو وێنانەی کە لە ڕێگای فیلم و سینەما و ڤیدیۆ لە ناویدا کەڵەکە بووە، فیلمگەلێک کە پاڵەوانەکان تێیدا گریاون، پاڵەوانەکان توشی شکست و سەرکەوتن بوون، عاشقەکان دڵیان شکاوە، هەژارەکان لە تەنیایی خۆیاندا لە نێو فیلمەکان بۆ برسیەتی گریاون، هەموو ئەم وێنانە یادگەیەکی بۆ مرۆڤی کورد (وەک ئەو میللەتەی کە بەردەوام تووشی شکست بووە) و ناچارە وەک پاڵەوانی فیلمەکان لە سوچێک بگری، دروستکردوە.

هەر وێنەیەکی ئاسایی کە ئێمە دەیبینین خاوەنی ''هەزار وشەیە'' واتە ئەگەر وێنەیەک کە ڕۆژانە ئێمە سەیری دەکەین بیکەن بە تێکست وەک ئەوە وایە تۆ هەزار وشەت خوێندبێتەوە، هەر بۆیە گواستنەوەی زانیاری لە ڕێی وێنە و ڤیدیۆ بە بینەر رۆژانە زۆر لە پێویستە و ئەوانەی کە بەردەوام سەیری وێنە و ڤیدیۆ دەکەن، بەردەوام خەریکی وەرگرتنی زانیارین (قسە لە سەر بەسود و بێسود بوونی زانیاریەکان نییە) قسە لە سەر زانیاری گواستراوە هەیە.

 هەر بۆیە ئەم دیمەنانە ئێمە دەباتە نێو دونیایەک کە گرێداراوی واقیع نییە و مرۆڤ بەردەوام وەک بوونەوەرێکی لاسایی کەرەوە کەڵک لەو بابەتانە وەردەگرێت کە دەیانبینێت و هەڵسوکەوەتیان لەگەڵ دەکات، لاسایی کردنەوە شتێک نییە بە ئاسانی لە ئێمەدا ڕووبدات، بەڵکو لاسایی کردنەوە دەبێت بە بەشێک لە نەست و دواتر کە بە دووبارە کردنەوەی دەریدەبڕیت دەبێت بە کولتوری کەسێتی یان کۆمەڵی.

 ئێمە لە ڕێی ئەم هەموو وێنەیەوە کە بەرچاومان دەکەوێ یادگەی تایبەتمان بۆ دروست بووە و ئەم یادگە پێویستی بە کەرەستە هەیە، کەرەستەیەک کە بتوانین بیکەن بە گۆڕەپانی لاسایی کردنەوە، ئەو شوێن و پانتاییە پێش کامیرایە بۆ ئەوەی چێژی کەوتنە بەرچاو و بوون بە پاڵەوان تاقی بکەینەوە. هەر بۆیە پەنا دەباتە بەر کامێرا و لە مایکی دەستی پەیامنێرکەوە، دەبێتە پاڵەوانی مەجازی و خوڕ خوڕ دەگری.

لە هیچ کەس شاراوە نییە ئێمەی مرۆڤ بە گشتی بەرەو دونیای مەجازی دەڕۆین دونیایەک کە هەموو ژیانی ئێمەی داپۆشیوە و لە داهاتوودا بەرینتر و بەرچاو تر دەبێ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم دونیایە پێویستی بە یەک فەرهەنگ و یەک جۆر هەڵسوکەوت هەیە، هەڵسوکەوتێک کە لایکی بۆ دێت شێر دەکرێت و کۆمێنتی لە سەر دەنوسرێت، واتە ئەگەر وتەی ئەو هەرزەکارە بکەین بە ئارگۆمێنت کە پەیامنێرە کچەکەی وت: ( دووانی وەک تۆ بەرگەی ناگرێت) بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم قسەیە لە فەرهەنگی مەجازیدا نەگونجاوە، لە کاتێکدا ئەو قسانە بەشێکن لە دونیای واقیعی ئێمە، ئەگەر بە وردی سەیری ڤیدیۆەکە بکەن، دەبینین کەسێکی تر لە هەرزەکارەکە توڕە دەبێ و دەڵێ: بێدەنگبە ئەوە کامیرایە!

واتە کامێراخاوەنی فەرهەنگی خۆیەتی کامێراخاوەنی کولتور و ئیتیکی خۆیەتی. ئەگەرچی کامێراو ڤیدیۆ مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام گۆڕەپانی دەرکەوتن لە پێش کامێرا لایەنی کەم بۆ کورد زۆر تازەیە، ئەگەرچی پێش کامێراتازەیە، بەڵام مێژووی نەست و یادگەی ئێمە لەگەڵ گریان و شکست و سەرکەوتنی پاڵەوانەکان کۆنە، کەوایە ئێمە بۆ لاسایی کردنەوە ئیستا هەلومەرجی لە بارمان دەستکەوتووە.
من هەوڵەکانی ئەم چەند کرێکارە بە پەلەقاژەی هەوڵەکانی دونیای واقیع بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵدونیای مەجازیدا دەبینم، ئەوان بێ ئاگا لە دونیای مەجازی یان ئاگادار لە ژیانی واقیعی خۆیاندا دەژین و ژیانیان لە نێو واقیعدا دەستەبەر کراوە،

مرۆڤی نوێ لە ڕێی ''فەرهەنگی دەسکردی مەجازی'' وەک فەرهەنگی سەپێندراوی کۆڵۆنیالیزمی مۆدێرن داتابەیس کراوە و دەکرێت'' چەمکی مرۆڤایەتی بەردەوام گۆڕانکاری بە سەر دێت و بە پێی ویستی سەرمایەداری'' زیاتر دەگوڕدرێت.
هاتنی مۆبایل شۆڕش بوو، بەڵام هێدی هێدی بوو بە پێویستی، کەوایە تۆ ناتوانی دەسبەرداری بیت، دەسبەردار بوون لە مۆبایل واتە دابڕانی یەکجاری لە دونیای دەوروبەرت، کەوایە فەرهەنگێک لێرە کار دەکات کە ناوی فەرهەنگی سەرمایەدارییە.

مەبەست لە فەرهەنگی دەستکردی مەجازی چییە؟!
بەو مانا دێت کە ئەوان '' بەرێوەبەرانی فەیسبووک، تیکتۆک یوتوب، ئینستاگرام، تویتەر'' وەک بەڕێوەبەرانی ئێمە بۆمان دیاری دەکەن کە ئێمە کێ بکەین بە پاڵەوان و حەزەکانمان بۆ چی بێت و چۆن هەڵسووکەوت بکەین هەتا بتوانین بابەتەکانمان بگەینن بە زۆرترین کەس
بۆ نمونە لە لای فەیسبووک وێنەی ئوجەلان وەک تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدەکرێت و بڵاو کردنەوەی ڕێ پێدراو نییە، کەوایە فەیسبووک ئەو قارمەنە کە ڕەمزە بۆ لایەنگرەکانی لێیان وەردەگرێتەوە و ناهێڵێ پەرە بە ناوی ئەو کەسانە بدرێت ئەم نموونەیە بۆ دەیان نموونەی تر بەرچاوە.

چەمکی تەسلیم بوون
 ئێمە لە تەسلیم بووندا دەست دەکەین بە گریان، گریانێکی ناچاری لەوەی کە نەمانبینن، ئێمە لەم فەرهەنگی مەجازیەدا پێویستمان بە دەرکەوتن و بینینە، هەر بۆیە دەبێ بە هەر شێوەیەک بووە سەیرمان بکەن و هەستمان پێ بکرێت، ئەمە ئەو بابەتەیە کە سەرمایەداری '' کاپیتالیزم'' لێمان داوا دەکات. ئەو داوات لێدەکات هەست بکەی تۆ بوونت هەیە، هەست بەوە بکەی کە تۆ گرنگی و خەڵک گرنگی بە بابەتەکانت دەدەن و ئەو هەستەیە کە تۆ لە دونیای مەجازیدا دەهێڵێتەوە و ناهێڵێ ئەو دونیا وەهمیە بە جێ بهێڵت.





PM:06:33:20/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 1668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی