من_فێمینیستم

‌چۆمان هەردی

من فێمینیستم! دوژمنی پیاو نیم بەڵکوو دوژمنی سیستەمی پیاوسالاریم کە ئیمتیاز و ماف و ئازادی زیاتر بە پیاو دەدات و پیاوە توندوتیژ و چەوسێنەرەکان دەپارێزێت بەڵام لە ھەمان کاتیشدا پیاو بار دەکات بە کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی و ڕێی پێنادات سۆز و میھرەبانی و نەرمی بنوێنێت. سیستەمی پیاوسالاری تەنھا لە پیاو پێکنەھاتووە بەڵکوو ژنانێکی زۆریش تیایدا بەشدارن.

من فێمینیستم! کێشەم لەگەڵ باڵاپۆشییدا نییە بەمەرجێک ژنێکی پێگەیشتوو ئازادانە ھەڵیبژاردبێت، بەڵام بەرەنگاری ئەو ھەوڵانە دەبمەوە کە دەیانەوێت باڵاپۆشیی بسەپێنن و ئازادی هەڵبژاردن لە ژنان زەوتبکەن. باوەڕم بەوەیە کە ژن، ھەروەک پیاو، بوونەوەرێکی ھۆشمەند، بەتوانا و خاوەن عەقڵ و بەھرەیە و دەبێت خۆی بڕیار لەسەر جلوبەرگ و ژیانی تایبەتی خۆی بدات نەک کەس و لایەتی تر.

من فێمینیستم!  باوەڕم بە یەکسانی، دادپەروەری و دیموکراسیەتە. ئەو دیموکراسیەتەی کە جێگەی کەسانی جیاوازی تێدا دەبێتەوە. باوەڕم بەوە نییە کە تەنھا ئیماندار مافی ژیانی شەرەفمەندانەی ھەیە، باوەڕیشم بەوە نییە کە تەنھا یەک جۆر ئیمانداری ھەیە و ئەویش ئەوەیە کە گرووپەکەی تۆ باوەڕی پێیەتی. تەنانەت لە ناو ھێزە ئیسلامییەکاندا چەندین جۆری جیاوازی ئیمانداری ھەیە، بۆیە کەس مافی نییە شێوازی خۆی بەسەر سەرجەمی کۆمەڵگەدا بسەپێنی. 

من فێمینیستم! باوەڕم بەوەیە کە کۆمەڵگا بە ئامێزانکردنی جیاوازییەکانەوە جوانە نەک سەرکوتکردنی. باوەڕم بەوەشە کە ھەر ھێزێک بیەوێت جیاوازییەکان لەناوبەرێت و کۆمەڵگا بە دڵی خۆی یەکڕەنگ بکات ئەوا ھێزێکی مەترسیدارە کە بەرەو دیکتاتۆرییەت دەمانبات.


PM:02:35:22/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 896 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی