دابەشبوونەوەی باشور، لەنێوان دەنگهەڵبڕینەکان و تەماشاچییەکاندا!

‌مەریوان عەلی

جارێکی تر وێنەی دابەشبوونەوەی باشوور.. وێنەیەک، لە روانگە کۆمەڵناسی و روانگە سیاسییەکەشی، نەژادیی- نەتەوەیی، بۆتە ئازارێکی گەورەی سەرباری تاکی کورد!

بەشێک لەگەڵ رۆژهەڵات و بەشێک تەماشاچی! بەشێک لەگەڵ رۆژئاوا یان باکوور، بەشێکی تر تەماشاچی! لەو نێوەندەشدا گروپێک ئیسلامی سیاسی، کەلێنەکان دەقۆزنەوە، نەرمونیان یان توندوتیژانە دەیخەنە خزمەت ئەو پرۆژە سیاسییەی وەک فۆرمی دەسەڵاتخوازی خەونییانە..

ئەم ناکۆکی و دابەشبوونە سیاسییە، هەندێکجار جوگرافییەش، لە مێژووی نزیکدا، بەتایبەت لە دوای راپەڕینەوە، روخساری تۆختر بۆتەوەو مێدیاش، لە نەخش و نمایشکردنی کۆی وێنەکە بەردەوامەو ئەو ناکۆکی و دابەشبوونەشی بە درێژایی ئەو ساڵانە، ئارشیف و تۆمارکردووە.

مەرگی ژینا ئەمینی، ئەم دابەشبوون و ناکۆکییەی لەمێدیا و سۆشیالمێدیا، بێ پەردە خستەڕوو! بەشێک لەگەڵ ئەو خرۆشانە و بەشێکی تر تەماشاچی! گروپێکی تریش، بە مەبەست یان بێ ئاگایەنە، لەسەر پارچە پەڕۆیەک کە لەژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەدا، کە لە لەچکێکی سوننەتی زیاتر هیچی تر نییەو لای زۆرینە بەشێک نییە لەپرۆژەی باڵاپۆشی و حیجاب، هەروەکو چۆن جامانە بەرلەوەی وەک سیمبولێکی سیاسی پێناسە بکرێت، خۆ داپۆشینێکی پیاوانەی سوننەتیی بووە، هیچ جیاوازییەکیان نییە! کەچی کەوتوونەتە هەڕەشەو گوڕەشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. 

زۆرتر سەرنج، دەنگهەڵبڕینە بەرزەکەی ئەم گروپەیە بۆ خودی لەچکەکە و نوزە شەرمنانەکەش بۆ مەرگی ژینا، کە ئەمەش هۆکارگەلەکەی مەزهەبگەراو سیاسییە، نەک مەرگی ژینا وەکو نەژاد- نەتەوەی کورد، یا نەخێر وەکو مرۆڤ..

سەرنجەکە زۆرتر ئەوەیە، ئەم پرۆژە سیاسییە، برینەکانی سەری ژینا نابینێت و یانهەژێنێت، کەچی سوتاندنی نیو مەتر لەچکی خام و مەخمەلی، هەژاندوونی..! ئەگەر قەرارە ئەم لەچکە پیرۆزو رێزلێگیراوبێ، ئەوا دەبێت ژن، هەم وەک بونیادەم و هەم وەک جەستەش، پیرۆزترو رێزلێگراوتربێ! 

بۆیە، ئەگەر برینەکانی سەری ژینا و مەرگی، هێشتا نەیهەژاندوویت! یان هاواری بەرزی نێو خیابانەکان راتانناگرێت! گەر هەموو ئێوەی قەرارتانە هەر تەماشاچی بن! ئەوا واز لەو نوزە نوزە بهێنن و بێدەنگیش بن، خۆتان رەپێش مەکەن و لەژێر پەردەی پیرۆزییەکانی کۆمەڵایەتی، مەبن بە بەشیک لەسەنگەری ئەوانەی هەزار و دوو هەنجەت بۆ مەرگی ژینا دەدۆزنەوە..


PM:05:00:22/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 2204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی