کورد بوون لە ناو ریسکی تورکدا

‌دلێر محەمەد نوری

کوردبوون لە نێو عەرەبی عێراقدا کیمیاباران و داگیرکاری و ئەنفاڵ و سێدارە و زیندان و تەبعیس و تەرحیلت بیر دەخەنەوە. بەڵام هیچ عەرەبێکی عێراق بە سوننە و شیعەیەوە، هیچ سەرگەورەیەکی عێراقی لە مەلیکییەوە بۆ سەرۆکی، بە بنەبڕی، نکۆڵییان لە بوونی کورد و زمانی کوردیی نەکردووە.

ئەگەر چی کوردبوون لە نێو عەرەبی سوریدا بێ ناسنامەیی و نا هاوڵاتی بوون و بێ بەش بوون لە مافەکانت بیردەخاتەوە، بەڵام هەمیشە کوردبوون لە نێو زۆرینەی عەرەبی سوری تا پێش بەهاری عەرەبیش کارێکی زۆر ئەستەم نەبووە. هەرچەندە ڕژێمەکانی ئەوێش لە قۆناغێکە بۆ یەکێکی دیکە سەرکوتکاری و دژایەتی گیانی کوردایەتییان بە توندی کردووە. بەڵام خۆ بە کوردزانین، کێشەیەکی یاسایی بۆ دروست نەدەکردی و نەدەبووە مایەی نەنگی و سەرێشەی زۆر گەورە، لە ژیان کردن لە نێو عەرەبەکانی سوریادا.

کاتێکیش دێیتە سەر ئێرانییەکان، لە مەڕ مەسەلەی کوردبووندا. هەر لە شاهانشاکانیانەوە تا ئیمامەکانی فەقیه، پەتی سێدارە و جیاکاری و ستەم و جەنگی چەند جارەی مێژووی ئێرانییەکانت لە گەڵ شۆڕشگێڕەکانی کورد بیردەخاتەوە. بەڵام هیچ کات بوونی کورد و خاکی کوردان و کولتور و مۆسیقای کوردی بە بنەبڕی نکۆڵی لێ نەکراوە.

ئەم سێ بڕگەیەی سەرەوە هیچ کاتێک پاساوهێنانەوە نین بۆ هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی نەگونجاوی ڕژێمەکانی ئەو سێ وڵاتە دەرهەق بە کورد. بەڵکو کورد شایەنی ژیانێکی پڕ ئاسایش و ئارامی بووە، بەر لە خودی عەرەبەکان و ئێرانییەکان، چونکە کورد لە سەر خاکی خۆی مافی خۆی لێ زەوت کراوە. ژیانی تاڵیی پێ چەشتراوە تا ئەوانی دیکە خۆشتر بژین. ئەم سێ بڕگەیە تەنها بو بەراوردکردنە لە گەڵ بڕگەی چوارەم کە کوردبوونە لە نێۆ تورکدا.

کوردبوون لە نێو تورکدا کوردنەبوونت بیر دەخاتەوە. تۆی کورد بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی تورکیادا هەناسە بدەی، بەر لە هەر شتێک ئەبێ کورد نەبیت و تورك بیت. نکۆڵی کردنی تورکەکان بە تەواوەتی، تەنها لە کوردبوونت نیە وەکو ئیتنێکی جیا لە خۆیان. بەڵکو نکۆڵییە لە زمانت، کولتورت، مۆسیقات، مێژووت، ئاسەوارت. تورکەکان ئەو تاڵە مووەش بە مەترسی ئەزانن کە ئەتبەنەوە سەر ڕەچەڵەکی کورد.   

لەم ساڵانەی دواییدا چاوم بە گەلێ کوردی تورك زمان کەوت لە تاراوگەدا. کاتێک لێم ئەپرسین خەڵکی کوێت و چیت؟ دواجار زۆرێکیان ئەیانووت  ئێمەش کوردین. پێم سەیر بوو کە زۆرێک لەو کوردە تورک زمانانە هەر کوردییان نەدەزانی و هەندێکیشیان ئەیانزانی بەڵام یان ڕاهاتبوون بە تورکی بدوێن یاخود  بۆ ئەوەی بەرانبەرە کوردەکانیان لێیان تێبگەن بەکارهێنانی زمانە تورکییەکەیان پێ باشتر بوو.

هەر کاتێکیش لە هۆکارەکەیت بپرسییایە هەر یەکە و هۆکارێکی بە بیانوودەهێنایەوە کە تینوێتی ئەو غەدرەی لە زمان کراوە نەدەشکاند. هەتا خۆم بە دوای سەرچاوەدا گەڕام و لە نێو ئەو سەرچاوانەشدا، هیچیان هێندەی بیرەوەرییەکانی موساعەنتەر کۆمەکی پێ نەکردم.

موسا عەنتەری ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەوان و نووسەری گەورەی کوردی تیرۆرکراو، لە بیروەرییەکانیدا، هەر لە دوا ساڵەکانی حوکمی عوسمانییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە دوا وشەی نێو کتێبە بە نرخەکەی، وێنایەکی ڕوون و وردمان پێشکەش دەکات، سەبارەت بەوەی کە بە  سەر زمان  و کولتور و کەسایەتی کورد هێنراوە لە تورکیا.

بە خوێندنەوەی ئەو بیرەوەرییانە، سیاسەتی تورکاندنی زمان و کولتور و کەسێتی کوردت زۆر بە ڕوونی بۆ دەردەکەوێت. ئەو سیاسەتە هێنده چەوت و توند و بێ بەزەیی  و ئامانجدار بووە کە  بە درێژایی مێژوو نە لە وێنەی هەبووە و نە دەبێت. ئەوەی جارێک ئەو کتێبە بخوێنێتەوە، ئەتوانێ لە هەر کوردێکی باکوری کوردستان ببوورێ کە کوردی نەزانێت. ئەتوانێ له هەر یەکێکیان ببورێ کە خۆی بەکوردیش نەزانێت.

ئەتوانێ لە هەر یەکێکیان ببوورێت کە هەوڵ نەدات فێری کوردیش ببێت. کوردبوون له تورکیا هێندە سەختە کە لە دوا هەڵبژاردنی تورکیادا هەر لایەنێک بیویستایە دەنگی زیاتر کۆبکاتەوە ئەوا ئەبوو  پەیامی لە ناوبردنی کورد بڵاوبکاتەوە. هەر لایەنێکیش کە پێویستی بە دەنگی خودی کوردیش بووایە لە بەر ئەوەی جەماوەر پشتی تێنەکەن نەدەبوو بە وشەیەکیش ناوی کورد بهێنێت.

لە گەڵ هەموو ئەو سەختە ڕێگایانەش بەڵام کوردی بە نامووسی وا هەبوو کە وەکو شێری بریندار  لە ناو ئەو هەموو ڕیسکەدا بەرگری لە کوردبوون ئەکرد. بەڵام ئەوەی بۆ شێرە کوردی باکور ماڵوێرانییە، ڕێوی و چەقەڵە کوردەکانی باکور و باشورن کە لە گەڵ گورگە بۆرەکاندا دەستییان تێکەڵ کردووە.


AM:09:18:18/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی