من لەتۆ باشترم!

‌محەمەد فاتیح حامید

ئەم دەستەواژانە ئەم بیرۆكانە، كە زۆربەی كات هەر لەمنداڵیەوە دەخرێتە مێشكمانەوە، "موسوڵمان لە مەسیحی باشترە، موسوڵمان لەجولەكە باشترە، تەنها موسوڵمانان دەچنە بەهشتەوە، ئەوەی نوێژ نەكات كافرە مەلعونە، ئەوەی بخواتەوە كافرە، هتد"، ئەم جیاكاریە رێگە خۆشكەرە بۆ بڵاوكردنەوەی رق و كینە و دواتر بەكەمزانینی بەرامبەرەكەت و دروستبونی بیرۆكەی توندوتیژی لەلای تاكی موسوڵمانان!

ئەوەی جێگای مەترسی و داخ و نیگەرانیە، ئەم بیرۆكە ژەهراویانە زۆر بەربڵاوە لەنێو موسوڵماناندا بەتایبەت بانگخواز و مەلا و زانایانی ئاینی و زۆربەی پیاوانی ئاینی ئیسلام.

ئەم دەستەواژە و بیرۆكانەی بەمێشكی ئێمە و نەوەكانی ئێمەدا بڵاودەكرێنەوە و زۆرجاریش دەچەسپێنرێن، زۆر مەترسیدارە و دەكرێت بڵێین سەرچاوەی سەرهەڵدانی بیرۆكەی توندوتیژیە!

بێگومان تۆ كەجیاكاریت دروستكرد، كە وات لەمنكرد خۆم لەبەرامبەرەكەم بەباشتر بزانم و ئەو بەكەم و نزم و تاوانبار و گوناهبار و كافر و مەعلون بزانم، بێگومان هەرچ رۆژێك دەسەڵاتم هەبێت وەكو داعش ئەتكیان دەكەم و لەتوپەتیان دەكەم و ئەو كاتە كوشتن و بڕینیش بە ئەركی سەرشانی خۆمی دەزانم نەك بە تاوان!

بەڕاستی ئێمە كەوتوینەتە مەترسیەكی زۆر گەورەوە، من چونكی خۆم موسڵمان و لەناو موسوڵماناندا دەژیم و گوزەر دەكەم، زۆر دركم بەم مەترسیە كردوەو رۆژ بەرۆژیش ئەم مەترسیە گەورەتر دەبێت لەكۆمەڵگەكەماندا!

بەڵام خۆ ئەگەر هەرچ كەسێكیش بەدەر لەموسوڵمانان، تەنانەت ئەگەر عیلمانی و شیوعیش بن بۆ نمونە، هەڵگری ئەم بیرۆكانەبن و كەسانی دیكەیان پێ‌ كەمتر و نزمتربێت و لەنرخ و بەهای مرۆڤەكان كەمبكەنەوە بەبێ‌ پشتبەستن بەبەهای مرۆڤایەتی، دواجار ئەمانیش هیچیان لەتوندڕەوەكان كەمترنیە، یان لەهەڵگرانی خاوەنی بیرۆكەی توندڕەوەی!

پاشەڕۆژی ئێمە و نەوەكانمان لەژێر مەترسیدایە، چونكە ژمارەیەكی زەبەلاح لەخاوەن بیرۆكەی توندوتیژی خۆیان بۆمان مەڵاسداوە و هەر كاتێكیش زەمینە بۆیان لەباربێت، سەر لێكردنەوەی ئێمە و جنینی قنچكە پیازێك لەلای ئەوان وەكو یەكە!

زۆربەی ئۆباڵی ئەم بیرۆكە ژەهراویانەش لەسەر ئەستۆی زانایانی ئاینیمانە، كە پێویستە چاوێكی جدی بە شەرعی ئیسلامدا بخشێننەوە و بیرۆكەی میانڕەوی لەرێگای مینبەر و مامۆستایان و پیاوانی ئاینی بڵاوبكەنەوە و دژی هەرچ بیرۆكەیەكی جیاكاری و توندوتیژی و خۆبەزیاترزانین بوەستنەوە و بەتاوانی لەقەڵم بدەن!

دەبێت هەموان لەچوارچێوەی مرۆڤایەتی و بەمرۆڤ بون هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكتری بكەین و جوانترین بەهاش لەلامان پێشكەشكردنی چاكەكاری و هاوكاری بێت بەیەكتری و دژ هەرچ بیرۆكەیەك بوەستینەوە كە لەنرخ و بەهای مرۆڤ كەمبكاتەوە و ناشرینی بكاتو خوێنی حەلاڵ بكات لەژێر هەر ناونیشانێكدا بێت !


PM:02:34:11/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی