خولقاندنی بارگرژی دژ بە کوردستانیانی کەرکوک بەشێکە لە سیاسەتی فشار لەسەر کیانی هەرێمی کوردستان

‌کاوە محمود

سیاسەتی جیاکاری و فشارخستنە سەر کوردستانیانی کەرکوک و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وەک هاووڵاتی پلە دوو، ئاماژەیەکی ڕوون و ڕاشکاوە دەربارەی نیازی دەسەڵاتی حوکمران لە بەغدا و دەوڵەتی قوڵ سەبارەت بە باشگەزبوونەوەیان دەرهەق بە مافەکانی گەلی کوردستان و چارەسەرنەکردنی کێشەکان بە پێی دەستووری عێڕاقی فیدڕال، کە بنەمای بۆ پرۆسەی سیاسیی لە عێڕاقدا دانا.   

بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە ئاماژەیەکە بۆ وابەستەیی دەسەڵاتی سیاسی عێڕاق بە سیاسەتی دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان، کە پەنا بۆ وروژاندن و تێکدانی پەیوەندی نێوان نەتەوەکانی نێو کەرکوک دەبەن و، وەک کارتێکی ململانێی جەمسەرە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان، لە ململانێیەکانیان لە گۆڕەپانی عێراقدا بەکاریدەهێنن.

سیاسەتی داپڵوسین و بەعەسکەرتاریکردنی گەڕەکە کوردنشینەکان و شاڵاوی گرتن و هەڕەشە و توقاندن، کە بە شێوازی جۆراجۆر ئەنجام دەدرێ و قەدەغەکردنی چالاکی کوردستانیانی کەرکوک بۆ ناڕەزایی دەڕبڕینیان بە شێوەیکی مەدەنی و ئاشتیانە و، تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی سیڤیل و شەهیدکردنی چوار لاوی کەرکوک، تێکڕای ئەمانە ئاماژەیە، کە نەخشەیەکی داڕیژراو لە لایەن نەیارانی گەلی کوردستان لە ئارادایە و مەبەست لێی شکاندنی شکۆی کوردستانیانی کەرکوک و لاوازکردنی کیانی هەرێمی کوردستانە.

بەردەوامبوونی بارگرژی لە کەرکوک زنجیرەیەکی تەواوکەری شاڵاوی تەعریب و گۆڕانکاری دیموگرافی ئەو شارە کوردستانییەیە و، بە هەموو جۆرێکیش کار دەکرێ کە کوردستانیانی ڕەسەنی کەرکوک زێدەی باب وباپیرانیان جێبهێڵن.

ئەم شاڵاوەی نەیاران لە کەرکوک بەشێکە لە خۆئامادەکردنی لایەنی شۆڤینی بە مەبەستی ڕێگاگرتن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و تۆقاندنی کوردستانیان لە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و، لە هەمان کاتدا لە سیاسەتی ئابلوقەدان و فشارخستنەسەر هەرێمی کوردستان جیاناکرێتەوە.

گوتاری عەقلانی و خەمخۆری بۆ بەیەکەوەژیانی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک پێویستی بە ڕاکێشانی فتیلی جۆشدانی بارگرژی و پێکدادان و گوشارخستنەسەر کوردستانیانی کەرکوکی هەیە و، لە پاشاندا ئیدارەی قەیرانی کەرکوک بکرێت و، لە دواتریشدا کار بۆ چارەسەرکردن بە پێی مادەی 140ی دەستوور بکرێت، نەک فەرزکردنی دۆخێکی نەگونجاو و، دژ بە کوردستانیانی ڕەسەنی کەرکوک بە بڕِیاری دەرەکی کە هەرگیز لەلایەن کوردستانیانی کەرکوک جێگای قایلبوون نییە.

سەرخستنی گوتاری عەقلانی و ئاراستەی بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی جیاکاری نەتەوەیی، کە دژ بە کوردستانیان دەکرێت، پێویستی بە یەک هەڵوێستی و یەک گوتاری لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان هەیە، کە دەبێ چاو لە کوردستانیانی کەرکوک بکەن، کە چۆن وانەیەکی بەرەنگاربوونەوەی یەکگرتوویان دژ بە سیاسەتی جیاکاری و داپڵۆسین پێشکەش بە جیهان و ڕای گشتی لە هەرێم و حزبە سیاسییەکان کرد و، تەنانەت ئەگەر لایەنە سیاسیەکانیش لە ئاستی بەرپرسیاری مێژوویی سەبارەت بە کوردستانی بوونی کەرکوک نەبن و وەڵامیان بۆ پێشلکردنەکانی سوپا و حەشد و میلشیا جۆراجۆرەکان نەبێت، ئەوا خەڵکی کەرکوک و کوردستانیان چاوەڕی هیچ کەس و هیچ لایەنێک ناکەن، کە بە حساباتی بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکات و، لە کۆتایشدا بەردەوامبوونی سیاسەتی جیاکاری و درووستکردنی بارگرژی بۆ کوردستانیانی کەرکوک هیمای کۆتایهاتنی پرۆسەی سیاسییە لە عێڕاقدا.


PM:03:02:12/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی