سەبارەت بە کوپ 27 ژینگە لە سایەی نیولیبرالیزمی سەرمایەداریدا ناپارێزرێت

‌کاوە محمود

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1992وە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گۆڕینی کەشوهەوا بڕیاڕداوە.

ئامانجی سەرەکی لەو ڕێکەوتننامەیە، هەر وەک لە ماددەی دووەمیدا سەبارەت بەئامانجەکانی هاتووە، ئەوەیە کە کۆتا مەبەست و هەر پەیماننامەیکی قانونی پابەند پێی، کە بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکانی، کۆنفرانس ببەسترێت، ئەوەیە کە چری ئەو گازانەی لە نێو بەرگی زەویدا هەن لە ئاستێکدا بمێنێتەوە، کە دەستتێوەردان لە لایەن مرۆڤەوە مەترسی بۆ هاوسەنگی ژینگە درووست نەکات و سیستمی کەشەهەوا نەشەوێنێت و، لەهەمان کاتدا کار بکرێت سیستمی ئایکۆلۆجی بە شێوەیکی سروشتی لە گەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوادا بگونجێت و، بەم شێوەیەش مەترسی لە کەمی بەرهەمهێنانی خۆراک دوور بخرێتەوە بە جۆرەێک پێشکەوتنی کاروانی گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام، دابین بکات.

بەشێکی سەرەکی ئەو ڕێکەوتننامەیە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و، زیادبوونی ڕێژەی کاربۆن لە سروشتدا هەیە، کە بە هۆی چالاکی ئابووری هەمەجۆری وڵاتە سەرمایەدارەکانەوە کارتێکردنی نەرێنی لەسەر ئاوی ئۆقیانوسەکان و ڕەوشی جەمسەرەکان و ژیانی بایۆلۆجی و گۆڕانکاری کەشوهەواوە هەیە.
پرنسیپە سەرەکییەکانی ئەو ڕێکەوتننامەیە بریتییە لە پاراستنی سیستمی کەشوهەوا بۆ بەرژەوەندی نەوەی ئێستا و ئایندەی مرۆڤایەتی، لە ڕوانگەی بەرپرسیاری هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان و بەهەند وەرگرتنی ڕەوشی تایبەتییان لە بواری ئابووری و گەشەسەندندا.

لە چوارچێوەی ئەم ئاراستە و بۆچونی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی 1992ی ئاماژە بێکراو، لە ساڵی 1997دا ڕێکەوتننامەی کیۆتۆ  لە لایەن 195 دەوڵەتەوە واژو کرا، کە ئەرک و پابەندبوونی هاوبەشی بۆ سەرجەم دەوڵەتان دەستنیشان کرد، جگە لە پابەندبوونی تایبەت بۆ دەوڵەتە پێشکەوتووەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی پلەی گەرمای زەوی و ڕاگرتنی زیادبوونی ڕێژەی گاز لە بەرگی زەویدا بە هۆی چالاکی ئابووری بێ کۆنتڕۆڵ و، جگە لە پابەندبوون بە هاوکاریکردنی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی ئاکامەکانی سیاسەتی پیشەسازی رەها کە لەلایەن ناوەندە سەرمایەدارەکان و وڵاتە زلهێزەکانەوە پەیڕەو دەکرێن و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.

لە 12ی دیسەمبەری 2015دا ڕێکەوتننامەی پاریس سەبارەت بە کەشوهەوا کە پێی دەوترێت کوب 21 لەلایەن 195 دەوڵەتەوە مۆرکرا و، تیایدا جەخت لەسەر ئامانجی سەرەکی یەکەمین ڕێکەوتننامەی ساڵی 1992 کرایەوە و باس لەوە کرا، کە تا ساڵی 2025 کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ساڵانە 100 ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەکان تەرخان بکات و، پلەی گەرمای زەوی کەم بکاتەوە بە مەبەستی ڕەوینەوەی مەترسی تواندنەوەی بەستەڵۆکی بەفری هەردوو جەمسەری زەوی.

لە دوای ڕێکەوتنی پاریس، ساڵی پار (کۆنگرەی لایەنەکان) کوپ 26 لە ئۆسکۆتلەندا و، لە 6 تا 18ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ لە شەرم الشیخ لە میسر کۆبونەوەی لایەنەکان کوپ 27 دەبەسترێت.

شایانی باسە هەر دوای کۆنگرەی پاریس لە سەردەمی حوکمی ترامبدا ئەمەریکا لە ڕێکوتننامەی پاریس کشایەوە و، لە کاتی دەسەڵاتی بوشی کوڕ ئەمەریکا لە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی کیوتۆ کشایەوە و، هۆکاری سەرکی هەردوو کشانەوەش ئەوەبوو کە پابەندبوون بە بنەماکانی ڕێکەتننامەکان دژ بە بەرژەوەندی گەورە کۆمپانیاکانی وزە و پیشەسازی سەربازی سەرمایەدارانە، و مەسەلەی 100 ملیار دۆلارەکەش فەرامۆش کرا.

هەرچەندە کوپ 27ی کە تا ئێستا کۆبونەوەکانی تەواو نەبووە و، کۆمەلێک بابەت لە ئەجیندەی کۆنگرەکەیە، لەوانە جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی پاریس و چۆنێتی کەمکردنەوەی گاز و ئەو پابەندبوونەی کە بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمای زەوی درابوو، جگە لەو بەلێنانەی بۆ چاککردنی نەخشەی کشەوهەوا لە کوپ 26 درابوو، بەڵام تا ئێستا ئەو بەلێنانەی کە لەم کۆنگرەیە چاوەڕوان دەکرا کە پلەی گەرمای زەوی 2،5 پلە تا کۆتایی ئەم سەدەیە جێبەجێ بکرێت و، یارمەتی دەوڵەتە هەژارەکان کە کەشوهەوا بە نەرینی کاری تێکردوون، بکرێت، بەتەواوی فەرامۆش کراوە.

یەکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە تا ئێستا ڕای گشتی چەپ و پێشکەوتنخواز لە جیهاندا سەبارەت بەم مەسەلە چارەنووسازییەی مرۆڤایەتی کاری لەسەر نەکردوە، کاراکردنی تێکۆشانی نیونەتەوەیی و نیشتمانییە سەبارەت بە مسەلەی پاراستنی ژینگە و ئەم بابەتە چارەنووسازییەی کە پەیوەندی بە نەوەی ئێستا و ئایندە و، دوا ڕۆژی مانەوەی زەوییە، خراوەتە دەستی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، کە لە ژێر هەژمونی وڵاتە زلهێزکانە و، ئەو سیاسەتانەیە کە ئەمڕۆ سەرمایەداری هاوچەرخ و ئاراستەی نیولیبرالیزم  بە ڕێوەی دەبات.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا پێویستە هێزی چەپ لە جیهاندا سیاسەتی ئەلتەرناتیفی خۆی سەبارەت بە بابەتی ژینکە بخاتە ڕوو. سیاسەتێک بابەتی ژینگە لە مەسەلەی چەوساندنەوەی سەرمایەداری و هەڵپەی بۆ کەڵەکەکردنی قازانج لە سەر حسابی بەرژەوندی چینی کرێکار و گەلانی هەژاری باشور، جیانەکاتەوە.

ئەمڕۆ چۆنێتی بەرهەمهێنان و شێوازەکەی لە لایەن کۆمپانیا و مۆنۆپۆلە سەرمایەدارەکانەوە دەستنیشان دەکرێت و، ئابووری جیهان بۆ "دەستە شاراوەکی" سەرمایەداری کە فریدمان و قوتابخانەی شیگاگو لە ئابووردا باسی دەکەن، واتە بۆ گێرەشێوێنی و هەڕەمەکی بازاڕ جێهێڵڕاوە و، لۆجیکی زیادکردنی قازانج و کەمکردنەوەی خەرجی و دەستبەسراگرتنی بازاڕی نوێ، بنەمای سیستمی موڵکداری تایبەت و پێشبڕکێ و کەڵەکەکردنی سامانە و، تێکڕای ئەم ئاراستەیەش بە زیاتر هەژارکردنی گەلانی باشوری هەژار و شێواندنی ژینگە و تێکدانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی ئاوی ئۆقیانووسەکان و فراوانبوونی بیابان و شێواندنی ژینگە بایۆلۆجی کۆتایی دێت.

لە میانەی جێبەجێکردنی ئەم ئاراستەیەی کارکردندا، ناوەندە سەرمایەدارەکان لە ساڵانی ڕابووردوودا سەرکەوتوو بوون لە دەستەمۆکردنی بزوتنەوەی سەوز لە وڵاتانی ناوەندی سەرمایەداری و، توانیان بۆچونی ئەو بزوتنەوانە کە لە دوای هەرەسهێنانی سۆڤیەت خۆیان بە جێگرەوەی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی دەزانی، لە چوارچێوەی بژاردەی سەرمایەداریدا ئابڵۆقە بدەن و، بەم جۆرەش بزوتنەوەکانی سەوز لە ناوەندە سەرمایەدارەکاندا هاوبەشی شەڕەکانی ناتۆ و هەژمونی سەنتڕاڵزمی ئەوروپایی و سیاسەتی کۆلۆنیالزمی نوێ بوون و، پاراستنی ژینگەش تەنیا بوو بە تایتڵی پڕوپاگندەکان لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا و، مانەوش بە شێوەیکی کردەیی لە چوارچێوەی ئەو بژاردەیەی کە ناوەندە سەرمایەدارەکان و ئۆلگیراشی و کۆمپانیاکانی وزە و پیشەسازی سەربازی نەخشەی بۆ دادەنێن.

ئەزموونی چەندین ساڵی ڕابووردوو دەریخستوە، کە پاراستنی ژینگە بە مانا فراوانەکەی لە مەسەلەی گەشەپێدانی مرۆیی و تێکۆشان بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی و، نەهێشتنی هەژاری و دابینکردنی یەکسانی جەندەری جیاناکرێتەوە و، پێویستە هێزی چەپ لە سەر ئاستی نیشتمانی و نێونەتەوەیی جەخت لەسەر بژاردەی سۆشیالستی بکاتەوە و، سەرجەم داهێنان و دۆزینەوە زانستییەکان لە بواری تەکنولۆجیادا بە شێوازێک بەکار بهێنرێت کە لە یەک کاتدا بەرهەم بۆ زگی برسی دابین بکات و ژینگەش بپارێزێت، نەک ــ هەر بۆ نموونە ــ بەو شێوەیەی کە مارکس سروشتی بەرهەمهێنامی کشتوکاڵی لە سایەی سەرمایەداری لە کتێبی سەرمایە دەخاتە ڕوو و دەڵێت: هەر پێشکەوتنێک لە کشتوکاڵی سەرمایەداری پیشکەوتنە نەک تەنیا لە هونەری  تاڵانکردنی کرێکار، بەڵکو تاڵانکردنی خۆڵ و خاک.


AM:11:34:15/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 1352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی