بە ڕوونی بۆ ئەوەی پۆپۆلیستی نەکرێ بە هزر و ئایدیۆلۆجیا!

‌کاوە محمود

بۆچوون و ئاراستە هزرییەکان و شێوازەکانی کارکردن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بە شێوەیکی مێژووی لە سەرجەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتدا، لە یاساکانی ناکۆکی و ململانێ بەدەر نییە، کە ڕەنگدانەوەی ئاستی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و گۆڕانکارییە لە ریزبەندی چینایەتی.

یەکێک لە شێوازە باوەکانی سەرمایەداری سەردەم لە سایەی فراوانبوونی هەژمونی نیولیبرالیزم لە جیهاندا و، ڕەنگدانەوەی بە شێوازی جۆراجۆر لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیدا ، گرتنەبەری شێواز و گوتاری پۆپۆلیستییە لە کاری سیاسیدا، کە زۆر جار بەشێک لە بزافە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەڕبڕینی ناڕەزایی، خاوەندارێتی ئەم جۆرە گوتارە دەکەن، بێ ئەوەی ڕچاوی ئەوە بکەن کە نەک تەنیا خودی بزافە هەمەجۆرە ڕاستڕەوەکان لە دەرەوەی دەسەڵات، بەڵکو دەسەڵاتدارە کۆنەپەرستەکان و نوێنەرانی نیولیبرالیزم لە دەسەڵاتدا، سوودی تەوا لەو ئاراستەیە وەردەگرن و، دەبێتە مایەی خوڵقاندنی هۆشمەندی چەواشە و شێوازێکی کاریگەر لە پرۆسەی دژەشۆڕش.

گوتاری هەمەڕەنگی پۆپۆلیستی، کە بە شێوازی تایبەت و هەمەجۆر ئاراستەی هەر ناوەندنێکی کۆمەڵایەتی، بە ڕچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوەندە دەکرێت، ناکرێ  لە توێژینەوەکانی بواری سۆسیۆلۆجیا جیابکرێتەوە، چونکە لە کۆتاییدا ئەم گوتارە فرە ڕەنگ و فرە ڕەهەندە، کە لە ناوەڕۆکدا گوتاری ناوەندە سەرمایەدارەکان و هێزی ڕاستڕەوە و، تەنانەت کاتێکیش لە لایەن بەناو دژەکانیانەوە ــ گوایە بە مەبەستی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ــ بەرگی چەپ و گوتاری ناڕەزایی ڕیشەییان لەبەر دەکرێت، ئاکامەکەی بە بەرژەوەندی سەرمایەداران دەشکێتەوە و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لەباردەبات.  

گوتاری پۆپۆلیستی لە ڕێگای زانیاری نادروست و گوتاری وروژاندن کار بۆ دروستکردنی هیستریای بە کۆمەڵ، دەکات و، جموجۆڵی وەرزی لە ناڕەزاییەکان بە جێگرەوەی خوێندنەوەی ریزبەندی چینایەتی و دەستنیشانکردنی ئاراستە و پێداویستیەکانی تێکۆشان و گەڵاڵەکردنی بەرنامەی تێکۆشانی جەماوەری و، ریزبەندیکردنی ئەرکەکان و داوای جەماوەر، دادەنێت.

ناوەندەکانی داڕشتنی گوتاری پۆپۆلیستی بە شێوەیکی مێژوویی، بۆچون و گوتار و شێوازی کارکردنی خۆیان، ئاراستەی ناوەند و توێژە پەراوێزخراوەکان کردوە و، زۆربەی جار هەوڵیان داوە جلوبەرگێگی ئایدیۆلۆژی بکەنەبەر گوتاری پۆپۆلیستییەوە و وەک ئایدیۆلۆژی و هزری بزافی ناڕەزایی لە کۆمەلگادا نمایشی بکەن.

ئەم ئاراستەیە نوێ نییە و، لە ئەزمونی مێژووی تێکۆشانی گەلاندا هەبووە، و یەکێکێش لەو نموونانە، ئەو ئاراستە و گوتارە بوو، کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا لە روسیای سزاری بە ناوی تایبەتمەندی روسیا لە بواری مانەوەی کۆمۆنیستی کشتوکاڵی سەرەتایی، کە بە زمانی روسی بە "میر" ناسرا بوو، دوای نەمانی سیستمی درەبەگایەتی لە ساڵی 1861 لەو وڵاتەدا بانگەشەی گواستنەوە بۆ سۆسیالیستی جوتیاری دەکرا بێ تێپەربوون بە قۆناغی سەرمایەداری و پیشەسازی و، دوای هەوڵی نەزۆکیان، دەستەیەکی پۆپۆلیستیان بە ناوی "ناردوفولیا" (ئیرادەی گەڵ) درووست کرد و، لە ساڵی 1881ئیسکەندەری یەکەمیان تیرور کرد، و هەوڵێکی سەرنەکوتوویان بۆ تیرۆرکردنی ئیسکەندری سێیەمیان لە ساڵی 1886 نا و، پاشان سەرکردەکانیان لە لایەن حکومەتی ئەو کاتە کوژران و بەشێکیان گیران.

هەر لە سەرەتای جموجۆڵی شۆِڕشگیری بەلشەفیکەکان لە ڕوسیا، لینین کاری کرد کە چەمکی پۆپۆلیستی بۆ نارەزایی دەڕبڕین لە چەمکی شۆڕش وەک ناڕەزایی و تێکۆشان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی جیابکرێتەوە. یەکێک لە شاکارەکانی ئەم بوارە کتێبی (پەرەسەندنی سەرمایەدارییە لە ڕوسیا) کە لینین لە ساڵی 1898 نوسیوێتی.

جگە لەم بابەتە لینین باسی لە بۆچونێکی گرنگ کردوە، کە ئاماژەیە بەوە (هێچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگیری بێ تیۆرێکی شۆڕشگیری نابێت). بۆ ڕونکردنەوەی ئەم مەبەستەش باس لەوە دەکات کە هەر کارێکی سیاسی پشت بە ڕێوشوێنی زانستی  ببەستێت، پێویستە پرسیارەکانی سەبارەت بە ڕەوشێکی دیاریکراو بێت، وەک کیڵگە و گۆڕەپانی کاری هێزێکی چینایەتی دیاریکراو، بەڕچاوکردنی دوو پێوەری گرنگ. یەکەمیان: جیاوازی ڕەوشی بەرجەستەکراو لە ڕەوشی پێشتر. دووەمیان حاڵی بوون لە بەرژەوەندییەکانی پرۆلیتاریا و، کارکردن بۆی.

لە چوارچیوەی ئەم دوو پێوەرە، پێداویستی پێشەوەچوون و کارکردن بۆ گۆڕانکاری و، هەڵێنجانی ڕەواڵەتی ئەو گواستنەوەیە بۆ ڕەوشی خوازراو، دیاری دەکرێت و هێزی گۆڕانخواز ستراتیجی خۆی دادەڕێژێت.

لەم ڕوانگەیەوە جیاوازی نێوان دوو چەمک دەردەکەوێت. چەمکی شۆڕشگێری لە لایەک و چەمکی پۆپۆلیستی لە لاکەی دیکەوە.
لە چەمکی شۆڕشگێریدا بابەتی توێژینەوەی ڕەوشی سیاسی و دەستنیشانکردنی هێزی شۆڕش، کە هێزی گۆڕانکارییە و، خوێندنەوەیان بۆ هەلەمەرجی باو، کە مایەی ناڕەزییەکانە، بە بابەتی داڕشتنی ئەلتەرناتیف و جێگرەوە، بۆ ئەو ڕەهەند و قیرانانەی کە لە ڕەوشی سیاسییدا هەیە، دەبەسترێتەوە.

کاتێک هۆکاری قەیرانەکان بۆ نموونە بوون و تەشەنەکردنی گەندەڵی بێت، کە هۆکارەکەی بۆ بازاڕی ئازادی بەربەڕەڵا و، سیاسەتەکانی نیولیبرالیزم و سیاسەتی بەتایبەتکردنی ڕەها و بێ سنوور دەگەڕێتەوە، هاندانی جەماوەر دژ بەو جۆرە دەسەڵاتە، بێ خستنەڕووی سیاسەتێکی جێگرەوە و ئەلەترناتیف بۆ ئەو جۆرە سیاسەتە ئابوورییە و، هێشتنەوەی بژارەکان لە چوارچێوەی ئەو مۆدێلە سەرمایەدارییە، مانای خوڵکردنە چاوی خەڵکی زەحمەتکیشە و بەلاڕێبردنی ناڕەزایی جەماوەرە و، مەبەستی ئەو گرۆپەی کە ناڕەزاییەکان بەو ئاقارە دەبات، تەنیا زامنکردنی بەشە لە پرۆسەیەی سیاسی و ئابووری دابەشکردن لە سایەی بژاردەی سەرمایەداریدا.

بابەتی ناڕەزایبوون سەبارەت بە بابەتێکی دیارکراو، ڕەوابوون بە ناڕەزایی ناگەیەنێت،  بەڵکو دەستنیشانکردنی ناوەڕۆک و شوناسی ئەو ناڕەزاییە و تا چەند لە گەڵ ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و پرۆسەی گەشەپێدان دەگونجێت و، ئازادی دابین دەکات، پێوەری ڕەواییە.

ڕەوابوونی ناڕەزایی لە دیدێکی چەپگەراییەوە بەندە بە وەدەسهێنانی چەمکی عەدالەتی کۆمەڵایەتی واتە مۆرکی چینایەتی و نیشتمانی سەرجەم ئەو بابەتانەی لە شەقامدا ململانێی لە سەر دەکرێت.

ئەمڕۆ مەترسی گەوەرە لەوەدایە کە وروژاندن و هاندان بێ بەرنامەیەکی چینایەتی ونیشتمانی ڕوونی جێگرەوە بۆ بابەتەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی باو، بە کاڵای شۆڕشگیری بە خەڵک و سەرجەم زەحمەتکێشانی گەلەکەمان بفڕۆشرێت و ڕەفتاری پۆپۆلیستی بە جێگرەوە بۆ شۆڕشگیری دابنرێت و، وەک هزر و ئایدیۆلۆجیا بخرێتە بازاڕی سیاسەتەوە.
 


PM:11:02:13/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 1172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی