چارەنووسێكی نادیار بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا

‌کاوە محمود

رۆژ لە دوای رۆژ ڕەوشی سیاسی لە عێڕاقدا بەرەو ئاڵۆزبوونێكی گشتگیر و سەرانسەری دەچێت. قەیرانەكان بە ڕووكەشی لە مەسەلەی دامەزراندنی حكوومەت دوای دواهەڵبژاردن، كۆدەكرێنەوە، بۆیە هەوڵ و كۆششەكان زیاتر لە مەسەلەی جەختكردنی هێزە تایفەگەرییەكانی ناوخۆ و دەرەوە دەبینرێن كە لایەنی ئیسلامی سیاسی شیعەی دەسەڵاتدارە بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەك بێت نابێ دابەشبوونیان ببێتە هۆی ئەوەی حوكمی عێراق لە دەست هێزە ئیسلامییە شیعەكان دەربچێت، و ئەم بابەتە بە هێڵی سوور دادەنێن، بەڵام ئەم بابەتە سەرخانێكی بچووكە بۆ داپۆشینی قەیرانی سەرەكی كە قەیرانی دەوڵەتی عێڕاقە.

قەیرانێك كە تەمەنی بە قەد تەمەنی دامەزراندنی دەوڵەتە لە عێڕاقدا. قەیرانێك هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دانیشتوانی و پێكهاتەی ئەم دەوڵەتە كە بە بریاری كۆلۆنیالزمی ئینگلتەرا درووست بووە و سنوری بۆ دەستنیشانكرا، لە بنیاتنانی ئەم دەوڵەتە بەشدار نەبوون، بەتایبەتی خەڵكی كوردستانی باشور كە دوور لە بڕیار و ئارەزووی خۆیان خاكەكەیان بە دەوڵەتی عێراق لكێنرا.

بۆ مانەوەی حوكم بە دەست تایفەی باڵادەست كە ئەمڕۆ دۆسییەكی هەرێمایەتییە نەك تەنیا ناوخۆیی نێو ئەم دەوڵەتە، چاوەڕێی سازشی جیاجیا لە نێوان لایەنی ئیسلامی سیاسی شیعە لە گەڵ یەكتر دەكرێت، و دەستێوەردانی هەرێمایەتی بۆ ئەم مەبەستە كۆتایی نایەت، چونكە بەشێكە لە ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی دیكە.
ئەم تابلۆیە وا دەكات كە هەر هاوپەیمانییەكی لایەنی كوردستانی لەگەڵ لایەنەكانی ئیسلامی سیاسی شیعە هاوپەیمانییەكی لەرزۆك بێت، و بە هیچ جۆرێك چاوەڕێیی بەردەوامبوونی لێ نەكرێت.

دەمێنێتەوە ئاماژەیەك بۆ لایەنە كوردستانییەكان بكەین كە لە ڕوانگەیەكی نەگۆڕەوە تەماشای پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان دەكرد و باسی مەزڵومیەتی شیعە و كوردیان دەكرد وەك بناغەیەكی هەتاهەتایی بۆ ئەو جۆرە هاوپەیمانێتییە، و لەم چوارچێوەیەش تەماشای پرۆسەی سیاسیی عێراقیان دوای ساڵی 2003 دەكرد، و ساكارانە دڵیان بە دەستورێك خۆش بوو كە نەك پابەندبوون پێوەی یەكێتی دەوڵەتی عێڕاق دەپارێزێت، وەك ئەوەی كە لە پێشەكییەكەیدا هاتووە، بەڵكو بە نیسبەت نەتەوە و تایفەی باڵادەست لە دەوڵەتی عێڕاقدا پابەندنەبوون بەو دەستوورە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەپارێزێت كە بریتیە لە ئاسایشی نەتەوە و تایفەی باڵادەست و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی دراوسێ.

ئەم هاوكێشەیە وای كردووە كە سەڕەڕای بوونی قەیرانی دەوڵەت لە عێڕاقدا، لایەنی توند و میانڕەو بە شێوەی بەردەوام لە هەڕەشەكانیان بە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان كۆكبن، و گوشارەكانیان بە شێوازی جۆراجۆر پەیڕەو بكەن.

بەڵام سەرەڕای ئەم حاڵەتە لە وەدەچێت دەسەڵاتی كوردستانی یان بەشێك لێی تازە بە تازە لە نیەتی بەرانبەر حاڵی بوو بێت. ئەمەش لە هەلومەرجێكدایە كە خۆشباوەڕی پێشوو بە بەرانبەر و باسكردنی نیەتپاكی چارەسەری دەردەكانمان ناكات، و ڕووداوەكانی پێشوو دووبارە نابێتەوە بۆ ئەوەی بە وریاییەوە هەڵوێست وەرگرین و لە نیازی بەرانبەر حاڵی بین.

ئەوەی كە ئەمڕۆ بە لایەنە كوردستانییەكان دەكرێت پێداچوونەوەیەكی ڕەخنەگرانەی بە كۆمەڵە بۆ سیاسەتی ڕابردوو و گەڕانەوەی متمانەیە بە جەماوەری زەحمەتكێشی كوردستان كە سەد ساڵە قوربانی دەدات، و ناكرێت ئەمڕۆ دەوڵەمەندە نوێیەكان و سەرمایەدارانی مشەخۆر بە شێوازی جۆراجۆر كۆنتڕۆڵی ژیانیان بكەن.


PM:05:11:21/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی