نەخێر...کاتی نووسینی دەستوور نییە، ئەگەر فاروق ڕەفیقیش بینووسێت!

‌‌ئالان م. نوری

لە وتارێکدا کە لە پەیجی خۆی  لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردەوە و پاشان لە چەندین ماڵپەڕ بڵاو بۆوە، نووسەر و چالاکوانی مەدەنی ناسراوی کورد، فاروق رەفیق دەربارەی ئامادەکاریی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ داڕشتنی دەستوورێک بە ڕاشکاوی دەڵێت: نەخێر، ئێستە کاتی نووسینی دەستوور نییە!

هۆکارەکانی کە بۆ گەیشتن بەم قەناعەتەی ریزی کردوون، بە کورتکراوی و هەندێک سەرلەنوێ داڕشتنەوە، ئەمانەی خوارەوەن:

یەکەم:‌ "شێوازی حوکمرانیی 30 ساڵەی کوردی و ئەو ئەزموونە، نەک شکستی خواردووە، بەڵکو یەکێک لە مۆدێلە هەر قێزەونەکانە و لێوان لێوە لە ستەمکاری و بێئابڕوویی سیاسی و گەندەڵی و کەوتنە گەورەکانی خستووەتە سەر خەرمانی ئەزموونە زۆر زۆر خراپەکانی حوکمڕانی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا." هەر لەبەر ئەوەش ئەم ئەزموونە شایستەی پاراستن نییە بە دەستوورێک کە چانسی گۆڕینی ئەوەندەی تر ئاڵۆز بکات.

دووەم: ئایدیۆلۆژیای زاڵ و گشتگیر لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی کوردستاندا، ئەمڕۆ، ئایدۆلۆژیایەکی ئیرتیجاعی (کۆنەپەرست)ە و " دژ بە ‌هەڵکردن (لێبوردن)، دژ بە پێکەوەژیان، دژ بە ئازادییەکان، دژ بە خودی کولتوور و مرۆڤ و تاک و ئازادی و هەر بەهایەکی ژیاری" ە.

هەرچەندە کاک فاروق تەنها مەبەستی لە هەژموونی فیکری ئایینی و مۆدێلی سەلەفی و ئیخوانییە لە ئایین، بەڵام ئەو وەسفەی پڕ بە پێستی "بیر"ی کوردایەتیی باویشە، بەو واتایەی مەناخی ئایدیۆلۆژیی باو، مەناخی بەگژ یەکدابردنی هاووڵاتییان و رق و کینە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانە و ئەو مەناخەش دۆکۆمێنتێکی گشتگیری لێ بەرهەم نایەت کە دان بە مافی بوون و گەشەسەندنی ئازادی دەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بنێت.

سێیەم: "جومگەیەک نەماوە لە ژیانی ئەم جڤاتەدا حیزب داگیری نەکردبێت، نەیشێواندبێت، لە پەلوپۆی نەخستبێت، داینەماڵی بێت لە گشت ماناکان." ئەمەش بە واتای ئەوەی ئەگەر دەستوور  دەربڕی ئەو چوارچێوەیە بێت کە چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لەسەری پێکهاتبن بۆ برەودان بە ئەجیندا و ئاواتەکانیان بێ ئەوەی ناچاری پەنا بردن بن بۆ بەرەنگار بوونەوەی سەروەریی یاسا، ئەوا مەرجی سەرکەوتوویی داڕشتنی ئەو چوارچێوەیە، بریتییە لە دەربڕینی چالاک و ئازادی ئەو چین و توێژانە لە بەرژەوەندییەکانیان لە کۆمەڵگادا.

بەڵام لە کوردستاندا ئەو توێژ و چینانە بوونی سەربەخۆیان لە دەرەوەی هەژموونی تێکشکێنەری حیزبی کوردییەوە نییە، حیزبی کوردیش کولتوورێکی فاشیستیانەی هەیە لە هەڵوێست بەرامبەر "مەترسی"ی دەربڕینی ئازاد لە هەموو سووچێکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەر لەبەرئەوە تا ئەم مەیلە فاشیستیە لە مامەڵەکردن  لەگەڵ‌ کۆمەڵگادا سەروەر بێت، دەستوور نووسین لە ئامانجە راستەقینەکەی بەتاڵ دەبێتەوە.

چوارەم: ئەو شەکرۆکانەی ئەم سیستەمە سیاسییە بە نوێنەرانی گەل دەیانفرۆشێت پێمان، لە راستیدا بەشی ئەوەندە نەفام و نەشارەزا و نەخوێندەوار و کەم بایەخن بە ئاکامیی مێژوویی بەرهەمهێنانی دۆکۆمێنتێکیی وەها، کە نەبوونی دەستوور زۆر لە دەستوورێک ئەوانە بەرهەمی بێنن باشترە.

پێم وایە کەسێک نییە، کە خەمخۆری پاشەڕۆژی ئازادی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئەم دەڤەرە بێت، لەگەڵ‌ ئەم بۆچوونانەی کاک فارووقدا، کەم تا زۆر، یەکنەگرێتەوە، بەڵام ئەو بەوەندەوە نەوەستاوە، بەڵکو ویستوویەتی بۆچوونی خۆی دەربارەی بارودۆخی لەبار و فەلسەفەی لەبار بۆ نووسینی دەستوور بخاتە روو، و بۆ ئەو مەبەستەش بارودۆخی مێژوویی نووسینی دەستووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەلسەفەی بنەڕەتیی ئەو دەستوورەی کردە نموونە بۆ دروست کردنی دوانەیەکی دژوار بە یەک کە (کۆمار) بەرامبەر بە (دیمۆکراسی)ە.

 رەچەتەکەشی بۆ دەستوورێکی شایستە، بریتیە لە: دەستوورێکی کۆماری نەک دیمۆکراسی لە دەقێکی پارێزراو لە گۆڕین (بۆ هەتا هەتایە؟)، بە تایبەتی پارێزراو لە ئەو جۆرە گۆڕینەی بزوتنەوەی چەپ دەیەوێت ئەنجامی بدات! جێی داخە کە بڵێم لە سەرەتای ئەم بەشەی وتارەکەیەوە تا دوا وشەی ئەم بەشە، هەمووی بریتین لە هەڵەی زەقی مێژوویی و جەهلی تەواو بە نمونەکەی خۆی، کە دەستووری ئەمریکییە… جەهلێک کە بەرەو دەرئەنجامێک بردوویەتی تەواو پێچەوانەی هەڵوێست و بیرکردنەوەی چەندین ساڵەیەتی.

ئەمەی لێرە بەدواوە دەیڵێم مەبەست لێی شکاندنی ئینسانێک نییە کە رێز و تەقدیرم بۆی، وەک رۆشنبیرێکی بەتوانا، بە ڕادەیەکە کە بەبێ یەک و دوو لە ریزی پێشەوەی رۆشنبیرانی وڵاتەکەمی دادەنێم، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە  ئاستی تێگەیشتنی ئەو بۆ نموونەیەک، کە خۆی هەڵیبژاردووە، وەک بەڵگەی هەژارییەکی ترسناکی توێژی رۆشنبیران پیشان بدەم، بەوانەشەوە کە لە ریزی پێشەوەی بەرهەڵستکاریی دەسەڵات و ئایدۆلۆژیای زاڵ و بونیادی حیزبایەتی کۆمەڵگاکەمانن.

 چونکە خستنەڕووی کەموکورتییە زەقەکانی تێگەیشتی ئەو چاکترین بەڵگەی پراکتیکییە بۆ گەیشتن بە ئامانجی نووسینەکەی؛ ئەویش ئەوەیە بڵێین ئەگەر ئەمە ئاستی زانیاریی دەستووریی رۆشنبیرێکی ریزی پێشەوەی دژە سیستەمی باو بێت، دەبێت حاڵی "رۆشنبیران"ی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی حیزبیی شەریک و هاوجیهانبینیی دەسەڵات چی بێت؟ لەوەشەوە دەمەوێت بگەمە ئەوەی بە هاودەنگی لەگەڵ‌ کاک فاروقدا بڵێم سەد جار نەخێر بۆ نووسینی دەستوور لەم هەلومەرجە نالەبارەدا.

ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی دەستووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

لەشەڕێکی درێژخایەنی 8 ساڵەدا (1775-1783) لە دژی دەسەڵاتی پادشای بەریتانیا، 13 کۆڵۆنیی بەریتانی لە کیشوەری ئەمریکای باکوور سەربەخۆیی خۆیان لە ساڵی 1776 دا بە دۆکۆمێنتێک رایگەیاند کە ناسراوە بە "راگەیەنراوی سەربەخۆبوون".

ساڵێک دوای ئەوە یەکەمین دەستووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان راگەیاند، نەک دوای 12 ساڵ گفتوگۆ وەک کاک فاروق لە نووسینەکەیدا باسی کردووە. ئەو دەستوورە ،پاش رەزامەندیی دەسەڵاتی یاسادانانی هەر  13 کۆلۆنیەکە، لە 1781 ەوە کاری پێکرا هەتا ساڵی 1789 ،نەک تا ئێستا و بۆ هەتا هەتایە وەک کاک فاروق باسی دەکات. 

پاش دامرکاندنەوەی راپەڕینێک بە سەرکردایەتی ئەفسەرێکی پاڵەوانی شەڕی دژ بە پادشای بەریتانیا، بە ناوی "شێز" راپەڕینەکەش بە ناوی ئەوەوە ناسراوە بە (یاخی بوونەکەی شێز) لە ساڵی 1786دا، بۆ دەسەڵاتدارانی داڕێژەری دەستوور دەرکەوت کە دەستوورەکەیان بەکەڵکی بەرگرتن بەو جۆرە راپەڕینە و دامرکاندنەوەی نەهات (ناچار بوون چەکدار بە کرێ بگرن بۆ دامرکاندنەوەی راپەڕینەکە).

لەبەر ئەوە، بانگەشەی کۆنگرەیەکی دەستوورییان کرد بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەستوور، لە ساڵی 1787 دا کۆنگرە دەستبەکار بوو و دەستوورێکی نوێیان بۆ ئەمریکا داڕشت و دوای دوو ساڵ رەزامەندیی هەموو ویلایەتەکانیان لەسەر وەرگرت، ئەو دەستوورە، لەگەڵ هەموارەکانیدا، تا ئێستە دەستووری ئەو وڵاتەیە. 

هەر لە کاتی پرۆسەی قەبووڵکردنی لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانی ولایەکاندا، جارێکی دیکە ناچار بوون دوای دوو ساڵ لە دەرچوونی دەستوورەکە یەکەمین 10 هەموار کردن لە دۆکۆمێنتێکدا دابڕێژن کە ناسراوە بە یاسای مافەکان، گەر ئەو دۆکۆمێنتەی یاسای مافەکان دەرنەچووایە، ئەوا ئەو دەستوورە لە دەنگدانی  ویلایەتەکاندا  ڕەت دەکرایەوە. 

هەرچەندە نازانم پێوەری ئێستای کاک فاروق چیییە بۆ چەمکی "چەپ"، بەڵام راپەڕینی شێز، بە پێوەری ئەو زەمانە ڕاپەڕینێکی چەپڕەو بوو، ئەفسەرێک سەکردایەتیی کرد کە حکومەتی کۆنفیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  مووچەکەی ئەو و هەزارەهای وەک ئەوی "بۆ پاشەکەوت کردبوون" کەچی لەسەر ئەوەی پارەیان نەبوو قەرز بدەنەوە هەمان حکومەتی پاشەکەوتکەر توندی بەندیخانەی دەکردن و ماڵ و زەویی بە یاسا لێ دەسەندن و دەیدا بە خاوەن قەرزەکانیان. 

شێز و هاوەڵەکانی بزووتنەوەکەیان بە ڕاگرتنی دانەوەی قەرز و بەزۆر دەرهێنانە دەروەی قەرزاران لە بەندیخانە دەستپێکرد، جا لەبەرئەوەی حکومەتی کۆنفیدراڵی ئەوسا بەپێی دەستوور مافی باج سەندن و سوپا دروستکردنی نەبوو، کاتێک خەڵکی راپەڕیو بەرەو پایتەختی ئەوسا کەوتەنەرێ بۆ داواکردنی خۆشبوونی گشتی لە هەموو قەرزێک، بە چەکداری بەکرێگرتە راپەڕینەکەیان سەرکوت کرد و شێز و هاوڕێکانی کوژران. 

ئەو "باوکانی دامەزرێنەر" انەی کاک فاروق باسیان دەکات، بەهۆی ڕاپەڕینی شێزەوە دەستوورێکیان بە تەواوەتی وەلانا و ئەم دەستوورە "بلیمەت"ی ئێستایان نووسی، واتە بزوتنەوەی "چەپ" ی ئەوسا هۆکاری سەرکی و راستەوخۆی نووسینی ئەم دەستوورەی ئێستایە کە زۆر بە دڵی کاک فاروقە! هەر لە سەروبەندی تێکشکاندنی راپەڕینەکەی شێز دا باوکانی دامەزرێنەر، بە زەبری پارە، چەندین کاری ستەمکارانەیان ئەنجامدا، لەو جۆرەی کە خۆیان وەکو هۆکاری رەتکردنەوەیان بۆ دەسەڵاتی پادشای بەریتانیا دایانڕشتبوو.

لەبەرئەوە ویلایەتەکان ئامادە نەبوون، بەپێی دەستووری تازە، دەسەڵاتی گەلێک فراوانتریان بدەنێ  تا دەستوور بە شێوەیەک هەموار نەکەنەوە کە مافەکان تێیدا بە راشکاوی نوسرابن و ببن بە ماڵ بەسەر دەسەڵاتی تازەوە، واتە یاسای مافەکانیش بەرهەمی "یاخی بوون"ێکی یاسایی بوو لە دژی دەسەڵاتی باوکانی دامەزرێنەر، نەک دەرئەنجامی بیرکردنەوە 4 ساڵییەکەی کاک فاروق باسی دەکات.

سیانزەهەمین هەموار کردنی دەستوور کە لە ساڵی 1865 دا پەسەند کرا، تێیدا کۆیلایەتی لە ئەمریکادا قەدەغە کرا، ئەوەشیان، ئەنجامی بیر کردنەوەی چەندین ساڵەی نەوەی "تابعین" ی دوای "صەحابە"ی باوکانی دامەزرێنەر نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی شەڕێکی ناوخۆ بوو لە دژی هێزی رێکخراوی خاوەن کۆیلەکان کە تا ئەو کاتە کۆنگرەی دەستووری رێی پێدابوون نەک هەر کۆیلەیان هەبێت، بەڵکو ژمارەی کۆیلەکانیشیان بۆ مەبەستی باج و دیاری کردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ حیساب کردبوون.

ئەو کۆنگرەی "فەیلەسووفان"ە بە دۆکۆمێنتی فەرمی هەر کۆیلەیەک بە ⅗ ی مرۆفێک حیساب دەکات! واتە بەلای ئەو فەیلەسووفانەوە کۆیلەکانی ئەمریکا بەشی ئەوەندە مرۆڤ نەبوون کە لە دۆکۆمێنتی راگەیەنراوی سەربەخۆبووندا شایستەی مافی‌ خودا پێداوی ئازادی بن، بەڵام بەو رێژەیەش حیساب دەکران تا بە بۆنەی ژمارەیانەوە کورسیی زیاتر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی فێدراڵی بۆ خاوەنەکانیان دیاری بکرێت. هەمواری ژمارە 13 ی دەستوور بە سەرکەوتنێکی مێژووی و بە جێ پەنجەیەکی پڕ شانازیی "چەپ" دادەنرێت.

بە هەمان شێوە خەباتی چەندین ساڵەی بزوتنەوەی ئافرەتانی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی، بەتایبەتی یەکسانی سیاسی، ساڵی 1919 توانیی مافی ئافرەتان لە دەنگدان و خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سیاسی، لە هەمواری ژمارە 19 ی دەستووردا، مسۆگەر بکات. ئەمە بزوتنەوەیەش بە مەنتیقی ئەوسا و ئێستاش بزوتنەوەیەکی چەپڕەو بوو.

دەستوور وەک دۆکیۆمێنتێکی ئابووری 

لەو کورتە مێژوویەی سەرەوە دەردەکەوێت، کە نووسەرانی دەستووری دووەم پێش ئەوەی فەیلەسووف و پیرمەد بن،  خاوەن بەرژەوەندیی تایبەت بوون و هەر لە روانگەی ئەو بەرژەوەندییانەوە تەماشای دەستووریان دەکرد.بەو پێیەی دەقێکی رێکخەری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بوو، هەر لەبەر ئەوەش دەستوورێکیان وەلانا و دەستوورێکی دیکەیان نووسییەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چ بەرژەوەندییەک بەپێی دەستووری نوێ چەسپێنرا؟

توێژەرەوەیەکی ئەمریکایی بەناوی (چارلس بیرد) ساڵی 1913 کتێبێکی ڕێچکەشکێنی نووسی بە ناوی (لێکدانەوەیەکی ئابوورییانە بۆ دەستووری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) تێیدا جگە لە وەسفی وردی بارودۆخی ئابووریی گشتی لە سەروبەندی نووسینەوەی دەستووردا، بێرد وردەکاریی بژێوی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی یەکە بە یەکەی بەشداربووانی کۆنگرەی دەستووریی ساڵی 1787 دەستنیشان کرد و روونی کردەوە کە زۆربەی هەرە زۆری بەشداربووانی کۆنگرەکە بەسەر چوار گرووپی سەرەکیدا دابەش دەکران: 

یەکەم: گەورە پارەداران، کە پارەیەکی زۆریان دابوو بە قەرز بە حکوومەتی کۆنفێدراڵی بۆ خەرجیی جەنگ و پارەیەکی زۆریشیان لە بازڕدا دابوو بە قەرز. بەرژەوەندییان لەوەدا بوو کە دەوڵەت توانای باج سەندنی لە هەموو ویلایەتەکاندا هەبێت، تا بتوانێت قەرزەکانیان بداتەوە (تا هەم پارەکانیان لای دەوڵەت نەفەوتێت و هەم "پاشەکەوتی مووچە" کۆتایی بێت تا کەس داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە قەرزێک نەکات.
 لەبەرئەوە، پێویستیان بە دەسەڵاتێکی راپەڕاندنی مەرکەزی هەبوو کە بە کاری باج سەندن هەستێت و بەشی ئەوەندە چەکداری هەبێت کە باج لە هەموو بسەنێت. هەروەها پێویستیان بە سیستەمی دادگاییەکی مەرکەزی هەبوو  بۆ توند و تۆڵکردنی کرداری باج و قەرز کۆکردنەوە.

دووەم:‌ گەورە بازرگانان و سەرانی پیشەسازی، ئەمانیش پێویستیان بە واڵاکردنی بازاڕەکانی هەموو ویلایەتەکان بوو هەروەها پێویستیان بە پاراستن بوو لە کاڵا ئەورووپییەکان کە پێشبڕکێی بەرهەمهێنانیان لەگەڵ دەکردن. ئەمەش بە دەسەڵاتێکی مەرکەزیی تۆکمە دەکرا.

سێیەم: گەورە بازرگانانی کڕین و فرۆشتنی زەوی، ئەمانیش پێویستیان بە دەسەڵات و چەکدار و دادگای پتەوی مەرکەزی بوو تا لە بەرهەڵستکاریی هاوشێوەکانی شێز بیانپارێزن کاتێک دەستیان بەسەر زەوییەکانیاندا، لە بریی قەرز، دەگرت.

چوارەم:‌ خاوەن زەویی گەورە و خاوەن کۆیلەکان، ئەمان پێویستیان بەوە بوو کە شێوازی بەرهەمهێنان و کولتوور و ژیانیان بپارێزن و ئەرکی مەسرەفکردنی پاراستنیان لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە و بیکەن بە ئەرکی ئابووریی هەموان، بەوەی سیستەمی مەرکەزیی باج و گومرگ بەشی هەرە زۆری ئەو تێچوونانە لە کۆڵ ئەمان بکاتەوە. 

بێرد دەیسەلمێنێت کە ئەم چوار گرووپە لە بەشداربووانی کۆنگرە بە راستەوخۆ قازانجێکی ئابووریی گەورەیان کرد لە دەستووری فێدراڵیی نوێ کە کۆتایی بە کۆنفێدراڵییەت هێنا و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و بەڕێوەبردن و دادگای فێدراڵیی دامەزراند... 

بەڵام، بۆچی ئەمەیان بێ گۆڕینی دەستوور بۆ نەدەچووە سەر؟ چونکە لە دەستووری یەکەمدا تەنها یەک دەسەڵاتی مەرکەزیی هەبوو، ئەویش ئەنجومەنی پیرانی بوو، نە جێبەجێکردن و نە دادوەری مەرکەزی هەبوون، ئەو ئەنجومەنەش دەنگێکی بۆ هەر ویلایەتێک دانابوو. 

بەپێی ئەو دەستوورە بۆ هەر بڕیارێکی تازە دەبوا 60% ئەنجومەن رازی بوایە و بۆ گۆڕینی هەر بڕیارێکی پێشوویش دەبوا 100% رازی بوونایە. ئەمەش وای کرد کە مەحاڵ بوو ئەو هەموو بڕیارە نوێیەی داپچڕینی دەسەڵات بۆ مەرکەزی لێ بکەوتایەوە.
 واتە، ئەو مەرجە خەیاڵییەی کە کاک فاروق بۆ کاری ئەنجومەنی پیرانی ئێستا دایناوە و پێی وایە یەکێکە لە رواڵەتەکانی بلیمەتیی "باوکانی دامەزرێنەر" لە راستیدا لە دەستووری دووەمدا بوونی نییە و بگرە دەستووری دووەم، بە پلەی یەکەم، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا دەستووریەی دەستووری پێشوو داڕێژرا. لە دەستووری ئێستای ئەمریکادا، لە هەندێک حاڵەتی تایبەتیدا نەبێت، ئەنجومەنی پیران بە سیستەمی 50% +1 بەڕێوە دەچێت!

ئەوەی سەری لە کاک فاروق تێکداوە، تاکتیکێکی پەرلەمانییە کە ناوی (فیلیبەستەر)ە کە رێ بە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران دەدات بۆ کاتێکی نا دیاری کراو قسە بکەن، جا لەبەر ئەوەی تا گفتوگۆ تەواو نەبێت، یان لەسەر داوای 60% ئەندامان نەبێت، ئەنجومەنی پیران ناتوانێت بچێتە سەر بەندی دەنگدان، لەبەر ئەوە هەندێک لە سێناتۆرەکان، بە درێژایی مێژوو کاتێک زانیویانە ئەگەر دەنگ بدرێت ئەوا ئەوان دەیدۆڕێنن و زانیویشیانە کە 60 ئەندام نییە داوا بکەن کۆتایی بە گفتوگۆ بهێنرێت، لە ئەنجومەنی پیران قسەیان کردووە تا ئەو رادەیەی ئەوانی دیکە بێزار بوون و سەر لە نوێ سەودایان لەگەڵیان کردووە. 

یەکێک لە نموونە قێزەونەکانی ئەم تەکتیکە وەستانی سێناتۆرێکی ئەمریکایی بە ناوی(سترۆم پۆرمان) بوو لە دژی یاساکانی نەهێشتنی جیاکاریی رەگەزپەرستی، کە بۆ ماوەی زیاد لە 20 سەعات لەسەر یەک قسەی کرد، تەنانەت پەردەیان بۆ هێنا دایپۆشن لە کاتی خۆ خاڵیکردنەوەیدا... لە ناو هۆڵی ئەنجومەندا!

ئەم تاکتیکە پەیوەندیی بە دەستوورەوە نییە، بەڵکو لە بەندەکانی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی پیرانە و چەندین جار بەتاڵ کراوەتەوە. ئێستاش لەناو زۆرینەی ئەنجومەنی پیراندا مشتومڕ هەیە لەسەر لابردنی، بە بڕیارێکی ئیجرائی، نەک بە هەموار کردنەوەی دەستوور!

کۆمار لە بەرامبەر دیمۆکراسی؟

باوکانی دامەزرێنەر، سەرەڕای مەیلی دژە دێمۆکراسییان، دانیان بەوەدا ناوە کە لە بنەڕەتدا دەسەڵاتی سیاسی لە دەستووری ئەمریکادا دەسەڵاتی زۆرینەیە، ئەوان چ لە دەقی دەستووردا و چ‌ لەو دۆکۆمێنتانەی ناونراون توێژینەوە فێدراڵیستییەکان، سیستەمی کۆماری بە ئەلتەرناتیڤی دیمۆکراسیی پوخت (راستەوخۆ) دادەنێن، واتە دوانەکەی کە لە بیری ئەواندا هەبوو، دیمۆکراسیی نوێنەرایەتی (ناڕاستەوخۆ) بەرامبەر دیمۆکراسیی راستەوخۆ بوو، هۆکارەکەشی لە کولتوور و مێژووی چەمکی دێمۆکراسیدا لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە دیبەیتێکی گەلێک باوە.

 لە دیمۆکراسیی راستەوخۆدا، هەموو بڕیارێکی سیاسی و هەموو کات بە دەنگدانی راستەوخۆی گشت هاووڵاتیان دەبێت، ئەم فۆرمە لە دێمۆکراسی، تەنها لە کۆمەڵگای زۆر بچووکدا نەبێت (گوندێک، شارێکی بچکۆلە...تاد)، قابیلی بەدیهێنان نییە، بۆیە بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتان یان جوگرافیای گەورە، مێکانیزمی نوێنەرایەتی بەکار دێت، کە هاووڵاتییان لەبری بڕیاری راستەوخۆ، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، ژمارەیەکی زۆر کەم (بە بەراورد بە کۆی دانیشتوان) نوێنەر هەڵدەبژێرن کە لە بریی هاووڵاتیان کاری بڕیاردانی سیاسی بگرنە ئەستۆ.

لەلایەکی دیکەوە تێڕوانینیان بۆ دیمۆکراسی، هەروەک یۆنانی کۆن، پێچەوانەی (ئۆکلۆکراسی) یە کە مانای دەسەڵاتی یان حوکمی (باندی چەکدار)ە کە تێیدا گرووپی چەکداری دەسەڵات بەدەست، بە ناوی زۆرینەوە، یان راستتر بڵێین زڕە زۆرینە وە، بە بەردەوامی رێ بە پەیڕەوکردنی یاسا دەگرن، رەنگە نموونەی زەقی ئۆکلۆکراسی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بێت کە لە راستیدا نەک شێوازێکی پەککەوتەی دێمۆکراسییە، بەڵکو راستتر وایە بڵێین بریتییە لە حوکمی باندی چەکدار کە سەروەریی یاسا بۆ ئەوان شتێکی ئەوتۆ نییە.

بەڵام باوکانی دامەزرێنەر،وێنەی هیزرییان بۆ ئۆکلۆکراسی بریتی بوو لە راپەڕینەکەی شێز، ئەوان لە دیمۆکراسییەک دەترسان کە زۆرینەی ئابووری تێیدا هێڵی جیهانبینیی تایبەتی خۆی هەبێت و بە ڕێوشوێنی سیستەم و سەروەریی یاسا بگەن بە ئاستێکی ئەوتۆ لە زۆرینەی سیاسیی کە ئەمجارەیان دەستوور بە بەرژەوەندیی ئابووریی ئەواندا هەموار بکەنەوە.

 بۆیە بەدوای سیستەمێکدا دەگەڕان کە "ستەمی زۆرینە" رەت بکاتەوە، دەرئەنجامی ئەم هەوڵەشیان، لە راستیدا مایەی شەرمەزاریی ئەمریکایە لە بەرامبەر دێمۆکراسییە پێشکەوتووەکانی دونیا. واتە ئەو سیستەمەی دایانڕشتووە بووە هۆی ئەوەی لە ساڵی 2000ەوە تا ئێستا کە 6 جار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کراوە، لە سیانیاندا ئەوەی زۆرینەی دەنگی هێنا دۆڕاندی و ئەوەی کەمتری هێنابوو بە سەرۆک، ئەنجومەنی پیرانی ئێستا 50 -50 یە لە نێوان دێمۆکرات و کۆمارییەکاندا، سەرەڕای ئەوەی بەپێی ژمارەی دانیشتوان دێمۆکراتەکان نوێنەرایەتیی زیاد لە 41 ملیۆن کەسی زیادتر دەکەن! لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەراندا، دیمۆکراتەکان نزیکەی 3 ملیۆن دەنگیان زیاتر هێنا لە کۆمارییەکان، کەچی نەک هەر کورسییان زیادی نەکرد، بەڵکو دوو کورسیشیان لە دەست دا! 

باسکردنی هۆکارەکانی ئەم بلیمەتییە ئابڕوبەرەی دەستووری ئەمریکا، هەویرێکە ئاو زۆر دەکێشێت و لێرە جێی نابێتەوە، بەڵام ئەگەر کاک فاروق خۆی لە سەنگەری داکۆکی کردن لێی ببینێتەوە، ئامادەم لە داهاتوودا درێژە بەم باسە بدەم.
 
جۆن لۆک و دەستووری ئەمریکا

دوا وتەم، لەسەر بابەتەکەی کاک فاروق ئەوەیە کە گومانم نییە لەوەی خوێنەرێکی باشی "جۆن لوک"ەو قەدری لە مێژووی فیکری مرۆڤایەتیدا دەزانێت، پێم وابوو دەبوا شێوازی شێواندنی باوکانی دامەزرێنەر بۆ فیکری بلیمەتی جۆن لۆک، هیچ نەبێت مایەی ناڕەزایی ئەو بوایە، ئاشکرایە کە بنەما فیکرییەکانی جۆن لۆک سەرچاوەی سەرەکیی داڕشتنی دەستووری ئەمریکایە…. 

بەڵام لە سەرەکیترین بڕگەکانی فیکری ئەم پیرمەندەدا، باوکانی دامەزرێنەر، لەبەر بەرژەوەندیی ئابووریی خۆیان دەقی خواستراوی جۆن لۆکیان شێواند. 

جۆن لۆک بڕوای وابوو کە سێ مافی سەرەکی هەن، سەرچاوەکەیان خوداوەندە و بەخشیونی بە هەموو ئینسانێک: مافی ژیان، مافی ئازادی و مافی سوودمەندبونی تایبەت لە سروشت، ئەو بڕوای وابوو خوداوەند بەکارهێنانی سروشتی بۆ گشت مرۆڤێک رەخساندووە و هەرکاتێک کە مرۆڤ سروشت بەکاربێنێت بۆ بەرهەمهێنان، ئەوا ئەوەی بەرهەمی هێناوە، بەو بەشە لە سروشت کە بەکاری هێناوە بۆ بەرهەم، هەمووی دەبن بە "موڵک"ی ئەو.

 واتە لای لۆک سروشتی بەکارهێنراو (زەوی بۆ نوونە) و بەرهەمەکەی (بەروبوومی کشتوکاڵ بۆ نموونە) تەنها موڵکی ئەو کەسەیە کە بە کرداری سوودمەندبوون لە سروشت هەستاوە، واتە راستەوخۆ کاری کردووە. جگە لەوە و بە هەمان شێوە، بەکار بردنی خود (ماندوو بوونی ئینسان وەک سەرچاووەیەکی سروشتی) ئەو خودە دەکات بە تەنها موڵکی ئەو کەسە خۆی، بە مانای بۆ کەس نییە مرۆڤێکی دیکە بە "موڵک"ی خۆی بزانێت.

ئاشکرایە کە ئەم بۆچوونانەی لۆک دەربارەی سوودمەندبوون لە سروشت، تەواو پێچەوانەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی باوکانی دامەزرێنەر بوو، بۆیە لە دۆکۆمێنتی راگەیەنراوی سەربەخۆبووندا مافی ژیان و مافی ئازادی وەک خۆی دەهێڵنەوە، بەڵام لە بریی مافی سوودمەندبوونی تایبەت لە سروشت، بڕگەیەکی کۆمیدییان داناوە کە بریتییە لە مافی هەوڵدان بۆ دڵخۆشی ... نەک مافی دڵخۆشی، بەڵکو مافی "هەوڵدان" بۆ دڵخۆشی! 

بەداخەوە کاک فاروق لە خوێندنەوەیدا بۆ دەستووری ئەمریکا، لەوە دەچێت لە خراپترین سەرچاوە رۆژنامەوانییە، پڕ لە ئەفسانەکانی باڵی راستڕەوی ئەمریکا بەولاوە هیچی دیی نەدیوە، هەر بۆیەش گەیشتووە بەو دەرەنجامە سەیر و سەمەرانە.

لێرەوە جارێکی دی دەمەوێت بڵێم، هاوڕام لەگەڵ‌ وەسفی کاک فاروق بۆ ئاستتەنگەکانی بەردەم نووسینی دەستوور لە کوردستاندا، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو، دەڵێم، ئەگەر لە داهاتوویەکی پرشنگداردا، لە دوای هەرەسی دەسەڵاتی کلیپتۆکرات و ئۆکلۆکراتی کوردیدا، دەستوورمان نووسییەوە، با چاومان لە دووبارەکردنەوەی "موعجیزە"ەکەی ئەمریکا نەبێت.

دیمۆکراسیی پێشکەوتوو زۆرن کە شەرمەزارییەکانی دەستووری ئەمریکایان تێپەڕاندووە، یەکێک لە سوودە دەگمەنەکانی دواکەوتن لە قافڵەی دیمۆکراسیی جیهاندا ئەوەیە ئەزموونی هەموو دونیامان لەبەردەستایە...کە "شەکرۆکە"کانی ئەم دەسەڵاتە وەلانران، ئەوسا دەکرێت لە فێربوون لە هەڵە و چاکەکانی هەموو ئەو ئەزموونانە سوودمەند بین.


PM:01:51:08/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 1004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی