نەخێر بۆ دەستنیشانکردنی ڕۆژێک بۆ ئایندەی کۆمەڵگا..!!

‌هه‌ژار سورچى

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ڕۆژی جیهانی منداڵان بدەیینەوە بۆمان دەردەکەوێت مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ساڵی (1954)دا لە بڕیاری ژمارە (836) بڕگە (9_د)دا ئەوەی ڕاسپارد دەبێت هەموو وڵاتانی جیهان ڕۆژێکی جیهانی بۆ منداڵان ناوزەند بکەن یاخود سازبکەن، دیارە زۆربەی وڵاتانی جیهان یەکی حوزەیرانیان دەستنیشان کردووە.

 لەم ڕۆژەدا ئاهەنگ بگێرن و شادی و دڵخۆشی ئاوێتەی دڵ و دەروونی منداڵان بکەن و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت، دیارە لەکۆمەڵگەی کوردیدا هاوشانی وڵاتانی جیهان، یەکی حوزیران بە ڕۆژی جیهانی منداڵان ناوزەند کراوە، بەڵام بەداخەوە لە جیهان بەگشتی و ناوچەی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بەتایبەت ڕۆژ بەڕۆژ بارو دۆخی منداڵانمان بەرەو خراپتر دەڕوات و ژیانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم ناکرێت و بەڵکو بگرە لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردەکردن دادەبڕێن و کاری سەختیان پێدەکەن بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان بۆ خۆیان هەم بۆ خانەوادەکەیان..

جیهانی منداڵ جیهانێکی پاک و بێگەردە، پێویستە هەر یەکێک لە ئێمە گرنگیەکی زۆر تایبەت بدەین بە جیهانی منداڵانمان،  جیهانی منداڵ جیهانێکە کە هەموو کەسێک  پێیدا تێپەڕ دەبیت، هەموومان جیهانی منداڵیمان بینیوە بە خۆشی و ناخۆشیەکەیەوە، پێویستە ئێمە کارێکی وەها بکەین کە نەوەکانمان نەوەیەکی دروست و تەندروست و خۆشبەخت بەرهەم بێنین.

 لە جیهانێکی سنوردارە بۆ جیهانێکی بێ سنووریان ببەین بۆ ئەوەی جوانترین و پڕ چێژیترین ژیان بکەن، لە جیهانی ئازادی منداڵان پێشەنگی ئەو ئازادیەن بە بوونی ئەم تایبەتمەندیانە لە منداڵدا هەیە، کە لەم تەمەنەدا خاوەن گەورەترین هزری گۆڕانکارین، بە سنوودارکردن و تەسککردنەوەی ئەم جیهانە ڕەنگاوڕەنگ و پڕ چێژە لە ڕۆژێکدا، داهاتووی نەوەیەک لەناودەبەین، چونکە کاتێ دەلێن منداڵ واتا ئازادی لە قسەکردن و بیرکردنەوە.

کەواتە مندالان خاوەنەی ئەفسانەیه‌کی بێ وێنەن، کە لە ئاسمانی مێشک و خەیاڵیاندا گوزەردەکات، ئەم جیهانە بە سنوودارکردنی کۆتایی پێدێت.


AM:10:59:01/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 1532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی