شۆڕشی ئەیلول دژ بە خۆی و وەك سەرچاوەی کارەساتێکی نەتەوەیی؟!

‌ئه‌بو به‌كر كاروانی‌


وەك خاوەن فیکرو قەڵەمێك کە چەندین ساڵە دەربارەی ناسیۆنالیزم و جوڵانەوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی کوردستان دەنوسم، پێم وایە ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕێی شۆڕشی ئەیلولەوە بەجەماوەری بوو، بەحوکمی ئەوەی شۆڕشێکی سەراسەری بوو. توێژە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی باشور تێیدا بەشداربوون، ماوەیەکی زۆری خایاند، ئەوەش کاریگەریە کلتوری و سیاسی و مەیدانییەکانی زێدەتر کرد.

شۆڕشی ئەیلول توانی توانای مرۆڤی کوردو کوردستانی بۆ وێناکردنی کورد وەك نەتەوەیەکی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەراست و گەلی کوردستانی باشور  بەھێزتر بکات. پێشمەرگایەتی و شۆڕش و بەرخۆدان و چەکی نیشتیمانی و شەھید و جەنگ، توانیان خزمەتێکی بەرچاو بە خەمڵینی ناسنامەیەکی کوردستانیی جیاواز بکەن. شۆرش توانی ھوشیاری و ھزرو گیانی نەتەوەیی لەناو ئاپۆرای جەماوەردا بڵاوبکاتەوە، بۆ ماوەیەك و لە ئاستێکی دیاریکراویشدا بێت وایکرد ناسیونالیزمی کوردی سنوری ناوچەو خێڵ و زار تێپەڕێنێت و کوردستانی نیشتیمان بخاتە جێگەی (زێد)  و کوردو گەلی کوردستانیش بکاتە بەرجەستەکەری ناسنامەیەکی دەستە جەمعی نوێ. 

بەڵام، بەداخەوە ئەمە تەنھا بەشێکە لە دیمەنەکە چونکە شۆڕش لە ھەناویدا توخمی چەندین لاوازی ستراتیژی و دژبەیەکیی دژ بە ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی ھەڵگرتبوو؟! کە دواتر بوونە سەرچاوەی کارەساتێکی نەتەوەیی و سەرھەڵدانی ھەندێ کێشەی وا تاکو ئێستاش بەدەستایەنەوە بتلێینەوە؟! بەشێ لەو کێشانەش پەیوەندیان بە دۆخی پێش شۆڕش دژبەیەکییەکانی ناو پارتیەوە ھەبوو، کە ڕۆڵی پارتی پێشڕەوی لە شۆڕشەکەدا دەگێڕا. پارتی لەکاتێکدا ڕۆڵی گرنگی لە سازدانی خەڵك و ھوشیارکردنەوەیان و گۆشکردنیان بە ئاگایی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگێڕاو ڕێبەرایەتی سیاسی و سەربازی شۆڕشی دەکرد، لە ھەمان کاتدا بووە سەرچاوەی تەقینەوەی کۆمەڵێ کێشەی دژ بە سەرەتاکانی ھوشیاری و کاری نەتەوەیی؟! بەمەش بە کردەوە، بە گوتەی بارزانی ڕێبەری شۆڕش حیزبایەتی، بوو بە مایەی (فیتنە). 

دیارە ھەندێ کەس ئەم دەربڕینەی ناوبراویان وەك بەڵگەیەك بۆ ئیدانەکردنی و لاوازی ھوشیاری حیزبایەتی ئەو بەکارھێناوە، بەڵام ئێمە پێمان وایە وەسفێکی واقیعەکەی کردووە، تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت حیزبی کوردی لەو،ڕۆڵە فیتنەگێڕییە دژ بە نەتەوەییەی خۆی نەکەوتووە؟!

دژبەیەکیەکانی ناوخۆی شۆڕشی ئەیلول لە زۆر شتدا خۆی بەرجەستە دەکرد، بەڵام گرنگترینیان جیاوازی ئایدۆلۆژی ناو پارتی و مۆدێلی سەرکردایەتی و چۆنێتی ئیدارەدانی شۆڕش بوو. 

ئەم ناکۆکیانەش لە کەموکورتیە ستراتیژیەکانی شۆڕشەوە سەرچاوەیان گرتبوو. کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە بوون:

١- نەبوونی ستراتیژێکی پێشوەختە بۆ ھەڵگیرساندنی شۆڕش وەك بەرەنجامی ھەڵسەنگاندنێکی ھەمەلایەنەی ھەل و مەرجی نێوخۆیی و دەرەکی و بوون و نەبوونی توانستی مێژوویی لەناو کۆمەڵگەی کوردی بۆ لە خۆگرتنی شۆڕش. ڕووداوێکی ناشۆرشگێڕانە، کە بەرگریکردنی خاوەن موڵکە گەورەکان بوو لە بەرژوەندییە چینایەتیەکانیان لە دوای دەرچوونی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی، بوو بە کڵپەی دەسپێکی شۆڕش؟ بە واتایەکی تر، بە مانای وشە پارتی شۆڕشی دەستپێنەکرد، بەڵکو ھەندێ لە سەرکردەکانی بەسود وەرگرتن لەو دۆخە بەسەریاندا سەپاند؟! 

واتە، دۆخێکی ئاوارتەو لەناکاوی لە پشەوە بوو. ئەم سەرەتایەش تا کۆتایی شەستەکانیش مۆرکی خۆی بە سیمای شۆڕشەکەوە نابوو. شۆڕش لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ھێندەی کۆمەڵە، سەربەرزکردنەوەو بەرگری و ڕووداو ھەوڵی ھەڵکشاو و داکشاوی بەیەکەوە گرێدراوبوو، بەوئەندازە بەرجەستەی پەیکەرێکی تۆکمەی دۆخێکی شۆشگێڕانەی  چەسپاو و موکوڕ بەرجەستە ناکات.

٢- نەبوونی دیدو ستراتیژێکی ڕوون سەبارەت بە داواکاری و مەسەلە نەتەوەییەکان و پەیوەندی نێوان گفتوگۆو بەرەنگاری چەکداری. بە خوێندنەوەی مێژووی شۆڕشەکەو یاداشتی کاراکتەرەکانی ناوی، ھەستدەکەین داخوازی و گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ناھاوسەنگ ملکەچی ھاوسەنگی ھێزو گۆڕینی دەسەڵات لە عێراق بوون؟! ھەندێ جار داخوازییەکان سەقفیان بەرزو  ھەندێ جاری تریش بۆ ئاستی لامەرکەزی ئیداری و ھەندێ داخوازی سنورداری وا دابەزیون کە ناشێت  ناوی داخوازی شۆرشێکی نەتەوەییان لێبنرێت، بە ئاسانیش لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمدا جێگەیان نابێتەوە. شۆڕشی ئەیلول لەم ڕووەوە گەر ئاماژەبێت بە پاشەکشەی بیری سەربەخۆخوازی لەنێو ماڵی ناسیونالیزمی کوردیدا، بەھۆی کاریگەربوونی پارتی بە بیری چەپ و جەبرە سیاسیەکانەوە، ئەوا لە دوای دەستبەرداربوون لەم خواستە سروشتیەی ھەر ناسیۆنالیزمێكیش، نەیتوانی بە درێژایی شەستەکان ببێتە خاوەنی دیدێکی ڕوون و تۆکمە سەبارەت بە فۆرم و بنمیچی داخوازییەکان، بۆ ئەوەی لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا پێیان لەسەر دابگیرێت و بەرگریان لێبکرێت؟! 

٣- کێشەی ڕێبەرایەتیکردن وڕۆڵی پارتی لەشۆڕشدا، لەم ڕوەوە پارتی چەندە لەخزمەت شۆڕشدا بوو، بەوئەندازە زیانی لێدا؟! چونکە بووبووە سەر چاوەی ڕاجیاوازی و وناکۆکی لەناو دڵی شۆڕشدا؟!  ئەوەی واشی کردبوو دۆخەکە بەم جۆرەی لێبێت، چەند  ھۆکارێك  بوون لەوانەش:

. جوان نەخوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەوکاتە.

. کاریگەر بوونی حیزبەکەو بەشێك لەسەرکردە دیارەکانی بە چەپ لەوانەش سکرتێری مەکتەبی سیاسی، ئەمەش  چەندین بەرەنجامی کارەساتباری لێکەوتەوە، کە ئێرە جێگەی باسکردنیان نیە.

. کێبڕکێ لەسەر ئەوەی کێ خاوەن بڕیاری یەکە لەشۆڕشدا.

.  لەپاڵ سنورداری توانای حیزبەکە بۆ لەخۆگرتنی کۆی  ئەودۆخ ودەرھاویشتانەی شۆڕشەکە ھێنابونیە کایەوە.

. بەھەڵە خوێندنەوەی ڕۆڵ وڕەمزیەتی بارزانی وتوانای باڵی سەربازی بۆھەژمونکردن بەسەر دۆخەکەو ئاراستەکردنی وقورسبونی  ھەوڵدان بۆئەوەی بارزانی لەودۆخەدا بکەیتەوە بە سەرۆکێکی ئاسایی حیزب.

بەکورتی سەرنجام ناکۆکی ودژبەیەکیەکانی ناو پارتی وشۆڕش زۆریان نەخایاند بەشێوەیەکی زۆر خراپ تەقینەوە؟!

پارتی کەرتبوو، بەڵام ھاوشێوەی کەرتبونێکی ئاسایی حیزبیی نا، چونکە بەدوای ئەودا شۆڕشیش کەرتبوو، شەڕی ناو خۆ دەستی پێکرد!! دوابەدوای ئەمانە جوگرافیای کوردستانی باشور، ناسنامەی نیشتیمانی و مێژوی ھاوچەرخی کورد لەم پارچەدا کەرتبوون،  تەنانەت ناسیونالیزمی کوردیش کەرتبوو! کە کارێکی لەوجۆرە ھەرلەبنەرەتەوە  بەگوێرەی تیۆرو بەھاکانی ناسیۆنالیزم قابیلی تێگەیشتن نیە، ھەرئەوەش وایکرد ئەم ناسیۆنالیزمە دوچاری چەندین کەماسی ستراتیژی بێت وچەندین خەسڵەتی ناسیۆنالیستانەش لەدەستبدات وبشێوێت. بەم جۆرەوە لەوکاتەوە تاکو ئێستا کوردی باشور، خاوەنی مێژوو ڕەمزو شەھیدوسەرکردەو  جوگرافیاو ناسیونالیزم وشۆڕش وبۆنەی ھاوبەش نەما!!!  شکستی شۆرشیش لەم ڕوەوە ھێندەی تر کارەساتەکەی قوڵتر کردەوەو کۆمەڵگەی بەرەو لەبەریەکھەڵوەشانەوەی زۆرتر برد. بەم جۆرە گەورەترین وسەراسەرترین شۆرشی نیشتیمانی لەم پارچەدا، بەھۆی  چارەسەرنەکردن وتەقینەوەی دژبەیەکیەکانی ناوی وشەڕی دەسەڵات، بووە سەرەتای کۆتایی یەکگرتوویی خاك و خەڵك وشۆڕش جوگرافیاوناسنامەی نیشتیمانی لەم پارچەی کوردستاندا، ئەو عەقڵەی لەئێستا شدا لە ھەرێم وکوردستان و باشوریشدا بڕیاری بەدەستە، درێژکراوەی  ھەمان ئەوعەقڵە بریندارە پەرتخوازە نیگەرانە مێژوییەیە؟! ھەربۆیە سی ساڵە لەبەردەم کۆتایھێنان بەدۆخی نانیشتیمانی ونەتەوەییانەی دا بەشبوون، بیناکردنەوەی ھەرێمێکی بەھێزو تۆکمەو یەکگرتوو بەدامەزراوەیی کراو، کۆڵەواری وبێتوانایی خۆی نیشانداوە! توانای بڕینی قۆناغی نیەو وەك کائینێکی زەبون وبێ دەرەتان لە بازنەیەکی داخراوی بئ ئاسۆدا خەریکی دوپاتکردنەوەی حیکایەتە جاڕسکەرەکانی خۆیەتی.

دۆخەکە لەم ڕوەوە گەیشتۆتە شوێنێ تەنھا پارتی خۆی بەخاوەنی شۆڕشی ئەیلول بزانێت ویادی بکاتەوە؟! لەکاتێکدا شۆڕشی ھەموو کوردستانیانی باشور بوو، لەچەندین حەڵقەیدا  بەرجەستەکەری مێژوی ھاوبەشی تێکۆشانە، خۆبەخاوەنکردنەوەی ھاوبەشیش دەکرێت ھۆکارێك بێت بۆ دەرچون لەزیندانی ئەو ناکۆکیانەی لەھەناویدا سەریان ھەڵدا و تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت  لەناویدا دەژین، ئەوەش ڕێگەی لێگرتوین بۆئەوەی لەفەزایەکی کراوەی نیشتیمانپەروەریەکی کۆکەرەوەو ڕاستەقینەدا، چێژ لە ھەڵمژینی ھەوایەکی سازگارو شیفابەخش وەربگرین.


AM:09:43:12/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 1000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی