سووتان لە وڵاتی من.. ماتۆڕ سیکل بەنموونە..!
بههێز حسێن
ئەم هەرێمەی ئێمە یەکپارچە سووتماکە ، تۆ لە سووتانی ماتۆڕ سکیلی ئەو گەنجە دلیڤەریکارەی هەولێر گەڕێ کە هۆکاری بژێوێکەیان دەستبەسەراگرت بەرگەی سووتانی نێو ژیانی بێڕۆحمی نەگرت و ماتۆڕەکەی کرد بە سووتماک ، بەڵام لانی کەم ئاوڕێک لە قرچە و هەڵپڕوزانی دڵی ئەو دایکانە بدەنەوە ڕۆژانە ڕۆڵە و کەسە ئازیزەکانیان لە ڕووداوی هاتوچۆدا لەدەست دەدەن.
بە فریای ئەو خوێندکارە دەرچوانەی زانکۆ و پەیمانگایانە بکەون کە خەریکە لە بێدادی دانەمەزراندنیان و نەبوونی هەلیکاردا گڕ لە خۆیان بەربدەن.
ئاخر گەر کرێکارانی ژینگە پارێز و پاککەرەوەی نەخۆشخانەکان کە شەش مانگە کرێیان بۆ سەرف ناکرێت ئاگر لە خۆیان بەربدەن کێ سووتووی ئێسکیان لەسەر شەقامەکان پاک دەکاتەوە!؟.
بە سیستمێکی زانستی و سەردەمیانەی نوێ هیوا بگێڕنەوە بۆ ئەو خوێندکارانەی قۆناغی ١٢ کە کۆنمرەی 75 ەو هیچ زانکۆیەکی حکومیی دەرگای لەسەر ناکاتەوە ، بۆ خۆیان بە پانکەدا هەڵبواسن و ئاگر لە خۆیان بەربدەن!؟.
عەرەبانچییەکان کە شوێنی کاسپییان پێ ڕەوا نابینرێت و هەر ڕۆژەی دەمە شۆفڵێک هەڕەشەی پانکردنەوەیان لێدەکەن ، ئەوانیش ناچارن یان خۆیان یان عەرەبانەکانیان لە نێوەندی شەقامەکاندا بسووتێنن.
ئاخر ئەو ژنانە چۆن گڕ لە خۆیان بەرنادەن کە بە چوار مناڵ و مێردێکی نەخۆش و پەککەوتەوە خاوەن ماڵ بە هۆکاری نەدانی کرێی چەند مانگەوە دەریکردوون و بێ ئەوەی کەس لێیان بپرسێتەوە دوو هەفتەیە لە پارێکێکی شاردا ڕۆژ دەکەنەوە!؟
لەم هەرێمەی مندا بەهۆکاری خراپی کواڵێتی بەنزین تاکسییەکان کڵپە دەسێنن، دارستان و پاوان و شاخەکانمان لە پشتگوێخستنیاندا ئاگر دەگرن ، ژنەکانمان لە بەدبەختی و هۆکاری توندوتیژی خێزانی خۆیان دەسوتێنن، سیاسییەکان بە نەزانی و خۆپەرستیان داهاتوومان دەسوتێنن ، هاتنەوە و پچڕان و بەرز و نزمیکردن و شۆرتی کارەبای گشتی و موەلیدە دەزگا و ئامێر و گڵوپەکانمان دەسووتێنن، دەستی نادیار کامپی نیشتەجێی ئاوارەی ئێزدیی دەسوتێنن و ...هتد، باشە ئەگەر ئێرە مەملەکەتی سوتان نەبێت ئەچی چی ناوبنێین!؟.
کێ بەرپرسە؟
PM:08:36:12/09/2022
ئهم بابهته 1236
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی