داخی گەل

‌یادگار مەحمود


من، منێكی كورد، هاوڵاتیەكی ساددەی ئەم كۆمەڵگایە وەك زۆربەی ئێوە، منێك خاوەنی زیاتر لە چوار قوربانی شەڕی براكوژی، مەحروم لە نازی باوك و ڕەشپۆشی براكانم، نەك كێشەم لەگەڵ یەكڕیزی نێوماڵی كورددا نییە، بەڵكو ئامانجیشمە، چونكە دۆزی سیاسی نەتەوەییمان زۆر زۆر باڵاترە لە كەیسی كەسی، هەموو ئەوانەی هەڵیشیان بژارد كە لەسەنگەری میللەتدا بن لە پێناو بەرژەوەندی باڵای نەتەوەدا بوو، نەك لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبی و دەستكەوتی كەسی، ئیتر تۆ كێشەت چییە لە یەكڕیزی كورددا! 

تۆیەك كە زەرەرمەند نەبوویت لە شەڕی براكان، لەوانەیە سودمەندبوویت یان سودمەند دەبیت... ئەوەی بتوانێت خەونی گەورە ببینێت پاڵپشت دەبێت بۆ بەدیهێنانی یەكڕیزی نێوماڵی كورد و یەك گوتاری كورد. خەونی گەورەش كوردایەتیە حزبایەتی نییە، حزب نابێت ئامانج بێت، بەڵكو  حزب دەبێت لە خزمەت دۆزی تۆی كورددا بێت، دۆزی تۆ بەرژەوەندی باڵای نەتەوەكەتە كە خاكتە، ناسنامە و دروستكردنی مێژووی پڕ شكۆیە وەك وەرەسە بۆ نەوەكانی داهاتووت.

زۆربەی میللەتانیش بە قۆناغی شەڕی ناوخۆدا تێپەڕیوون  و كورد تەنها نییە لەو ڕۆژگارە ڕەش و قۆناغە سەختەدا، هەر بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە چیدی بە تانە و پلارەوە  هەڵنەگەڕێینەوە سەر ئەو مێژووە، بەڵكو هەڵگەڕانەوە لە پێناو یەكڕیزی و دووبارەنەكردنەوەی ئەو مێژووەدا  بێت. 

وڵاتێكی وەك هندستان زۆرترین ئاین و زمانی هەیە، بەڵام ئێستا كێبڕكێی وڵاتە بەهێزەكان دەكات لە ئابوری و تەكنەلۆجیا و گەشت بۆ فەزای دەرەوە... بۆ من و تۆی كورد  كە تەنها لە یەك دوو شار و شارچۆكەدا دەتوانین كورد بین، بەڵام تەنها لەبەربوونی چەند حزبێك نەتوانین یەك بین ! 

چ پاساوێكی باڵامان هەیە بۆ یەكنەبوون؟! گەر یەك نەبین وەك میللەت لەم بازنەیەدا دەخولێینەوە، گەر لاوازترمان نەكەن. ئێمە وەك نەتەوە ئەنفالكراوین، بە عەرەب و تورك و فارس كراوین، كیمیاییان لە دژمان بەكارهێناوە و خاكمان وەك قوماش دەچێتە ئاو..... 

هەر بۆیە دوێنێ لە ئەمڕۆ زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی نیوماڵی خۆمان هەیە، ئەمڕۆ لە دوێنێ زیاتر پێویستمان بە یەكگوتاری كورد هەیە، كەواتە هێشتا درەنگ نی یە بۆ یەك ڕیزی..... ئێستا كاتی ئەوە هاتووە وازبهێنین لە فوكردنی بە ئاگا و بێ ئاگا لە خۆڵەمێشی خامۆشی ناكۆكی براكان، بە فیتی دوژمنانمان كەلێن و درز دروست نەكەین لە ماڵی خۆماندا بە پاساوی  بوونی گەندەڵی و دیموكراسی نەبوون. كێشە و پرسی ئێمە پرسی مان و نەمانە، چۆنێتی مان و بوونمانە ، لە كوێ... 

یەكڕیزی و یەك گوتاری بەرپرسیارێتی مێژوویی لایەنە سیاسیەكانە، ئێمەی میللەتیش وەك میللەتێكی هوشیارهەمان بەرپرسیاریتیمان هەیە لە بەرامبەر مێژوو، هەروەها نەوەكانی داهاتووماندا ....


PM:07:02:08/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 3220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی