کفری بەهاناوەچوونی دەوێ!

‌دڵشاد ئەنوەر


چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، کاتێک دواجار چوومە کفری، تەواو تێگەیشتم لە بێزاری و مانوو بوونی خەڵکەکەی، تێگەیشتم لەوەی بۆچی لەهەر کۆڵانێک لەسەر چەند خانوویەک نوسراوە ( بۆ فرۆشتن)، تێگەیشتم لەوەی بۆچی خەڵک کۆچ دەکات.
تێگەیشتیشم لەوەی بۆچی دەمێگە دڵسۆزانی شارەکە هاوار دەکەن و گوێ یان لێناگیرێت، نیگەرانیش بووم لەوەی برا شەهیدێک بۆ دەربڕینی توڕەیی و وەکو هەڵوێستێک بەرامبەر دۆخی شارەکەی، ئاڵایەکی گەورەی عێراقی لەسەر ماتۆرسکیلەکەی هەڵکردووە!
ڕێک بیرم چوو بۆ لای ئەوەی کاتێک مەسەلە دێتە سەر داهات و موڵک داگیرکردن و پارە پەیداکردن، ئێمەی گەرمیانی چەند خاوەن بەرپرسی کوێخاین، بەڵام مەسەلە هاتە سەر ئازار و موعانات، چەند بێ کەسین..
گەر لە ڕابردوودا، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکانی کفری دەنگیان هەڵبڕی بێت، ئەوا ئەمجارە خەڵکەکەی بە کۆچ گوزارشت لە ئازارەکانیان دەکەن، چ کۆچێک؟!
ئەو کۆچەی ئیستا قەزاکە ٦٥٠ ماڵە عەرەبی تێدایە و هەر ماڵێک لە ١٠ کەس کەمتر نین، ئەمەش ئەو مەترسیەیە کە پێشتر زۆر شاری تری کوردی دەردەدار کرد و دیموگرافیاکەی گۆڕا..
وا مەزانن پشتگوێ خستنی کفری ئاسانە لەبەر ئەوەی شوێنی کۆکردنەوەی پارەی مۆڵ نیە، بێ باکیتان بەرامبەر کفری و پشتگوێ خستنی کفری کارەساتە، کفری سەنگەری پێشەوەی گەرمیان و پشتوێنەی ناوچەیەکی فراوانە، بۆیە دڵنیابن، لەقبوونی کفری، سەرەتای دروستبوونی مەترسیشە لەسەر کەلاری ناو جەرگەی ئیدارەی گەرمیان.
بۆیە کاتی بەهاناوەچوونی خێرای شارەکەو ئیشکردنی ڕاستگۆیانەو جدیانەیە بۆی، کاتی گوێ گرتنە لە دڵسۆزانی شارەکە و کارکردنە بەپێشنیارەکانیان، کاتی گۆڕانکاری ریشەییە لەو شارە.
گەر پێشتان ناکرێت، ڕووی دەمم لە حکومەتە بە هەموو بەشداربووانیەوە، ڕووی دەمم لە یەکێتی یە، وەکو هێزی دەسەڵاتداری دەڤەرەکە، پاشان لە پارتیش وەکو بانگەشەکاری کوردایەتی، داهاتی دوو مانگی یەکێک لە دەروازەکان بۆ ئەو شارە تەرخان بکەن، ئەوکات بەرپرسیارێتی بوژاندنەوەی شارەکە بە ئێمەی گەرمیانیەکان بسپێرن، تا لە ڕێگەی دەیان لیژنەی پسپۆر و خۆبەخشەوە، ئەنجامتان پیشان بدەین.


PM:12:21:14/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی