حەشدی شەعبی و چاوەڕوانیەکان !

‌دڵشاد ئەنوەر

دوای هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز لە لایەن حەشدی شەعبیەوە، لەسەر دەستگیرکردنی فەرماندەکەیان لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی عێراقەوە، ئێستا چاو لەسەر هەڵوێستی مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی عێراقە.

حەشدی شەعبی بە کۆکردنەوەی هێز و چوونە ناوچەی سەوز، پاساوی زۆری دابەدەستەوەو زۆریش لەسەری کەوت، جگە لەوەی سەروەری عێراقی لەسەر ئاستی ناوخۆ خستە ژێر پرسیارەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەزمەیەکی گەورەی دابەدەستەوە.

حەشدی شەعبی زیاتر سەلماندی کە لەنێو عێراق دا ( دولەعمیقە) یە، واتە دەوڵەتێکە لە نێو دەوڵەتدا، بۆیە ئەم کارە هێندە لەسەری شکایەوە، تەنانەت ناکۆکی نێوخۆیشی دروستکردووە.

هەندێ پێیانوایە کازمی فەرماندەکەی ئازاد کردووە و شکستی هێناوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو بە سەرکەوتوویی لە گەمەکە دەرچوو، دەستی برد بۆ حەشدی شەعبی کە پێشتر کەسی تر نەیوێراوە دەستیان بۆ ببات، ڕاستەوخۆ ئەو پەیامەی گەیاندە شەقامی عێراقی کە حەشد لەمپەرە لەبەردەم هەنگاوەکانیدا و
ئەوانەشی خەڵک دەکوژن ئەوانن، هەروەک ناماڵی حەشدیشی لەتکرد، جگە لەوەی درزی نێوان حەشد و شەقامی قوڵترکردەوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هاوڕایی دژی ئەم هێزە دروستکرد.

ڕەنگە تا هەڵبژاردنی داهاتوو زۆر کێشمەکێشی تر لە نێوان حەشد و حکومەت ڕوو بدات، بەڵام گەر حەشد هەڵەکانی دووبارە بکاتەوە و عاقڵانە مامەڵە نەکات، پێگەی زیاتر لەدەست دەدات و ناوبانگی زیاتر دەزڕێ.

حەشد لەسەردەمی داعشدا بەفەتوایەکی مەرجەعیەت دامەزراوە و پێشتر وەکو هێزێکی پیرۆز لێی ڕوانراوە، بەڵام ئێستا تێڕوانینەکان گۆڕاون، مادام ئەم هێزە لەسەر فەتوای مەرجەعیەت دامەزراوە، ئێستا چاوەڕوانی قسەی مەرجەعیەت دەکرێ لەسەر هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز.

گەر مەرجەعیەت قسە بکات، قسەکانی دوادەخات، نایەوێ قسەی تێکەڵ بە مشت و مڕ و کێشمەکێشەکان بێت، چاوەڕێ دەکات تا دۆخەکە هێور دەبێتەوە، ئینجا قسە دەکات، خۆ گەر قسەکانی ئیدانە بێت بۆ حەشد، ئەو زۆر خراپتر دەبێت بۆ ئایندەی ئەو هێزەی کە پێشتر بە فەتوای مەرجەعیەت دامەزراوە، گەر بێدەنگیش هەڵبژێرێ، شتێ ترە.


PM:01:13:29/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 1016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی