نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی !

‌دڵشاد ئەنوەر

پێش ئەوەی بچمە ناو بابەتەکەوە، ئەوەی دەینوسم ڕا نیە، تەحلیل نیە، بەڵکو زانیاریە، کە تەواوی بابەتەکە، پەیوەستە بە دوو ڕووداوی جیا، ڕیککەوتن لەسەر بودجەی عێراق و بانگهێشتکردبی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا و هاتنی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ هەولێر.

نێچیرڤان بارزانی 

ڕۆیشتنی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا پەیوەندی بە کۆمەڵێک ڕووداو و پێشهاتەوە هەیە، گەر هەرێم باش مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکات، ڕەنگە هەرێم هەڵبسێتەوە، کە لەدوای ڕیفراندۆمەوە، هەرێم پێگەی لاواز بووە.

دۆخی عێراق خراپە، نێوان لایەنەکان ئاڵۆزە، وڵات لەبەردەم مەترسیدایە، وڵاتانی نێودەوڵەتی و فەرەنسا، دەیانەوێ هەرێم هەستێتەوەو ڕۆڵی میحوەری پێبدەن.
لە عێراق شوێنێک نەماوە بۆ هێزە نێودەوڵەتیەکان، هێرشیان دەکرێتە سەر، داوای دەرکردنیان دەکرێت، لەم نێوەندەدا، ئەوان پێویستیان بە دەعمی هەرێمە،هانی دەدەن تا پێداچوونەوە بەهەڵەکانی بکات و ئێرە وەکو پێگە بەکاربهێنن.

تەنها زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن ٩٠ هەزار چەکداریان هەیە، ئەمە جگە لە ٧٠ و ٨٠ و لیواکانی ترو دەیان جۆر هێزی تر، ئەوان لەگەڵ کەمکردنەوەو یەکخستنەوە و تونوتۆڵکردنی هێزەکاندان، دەیانەوێ هەرێم لەم ڕێگەوە تۆکمە بکەن.

قەتەر و وڵاتانی کەنداویش هاتوونەتە خەت، نایانەوێ چیتر عەرەبی سونە ژێر دەستە بێ و چاویان لەسەر پشتیوانی هەرێمە، تا لێرەوە ڕۆڵ لە عێراقی داهاتوو پەیدا بکەن.
وەلحاڵ ناوچەکە لەبەردەم گۆرانکاریە، هیزەکان دەیانەوی ڕۆڵ بۆ هەرێم بگێڕنەوە، نێچیرڤانیش وەکو هێزی نەرم دەبینن، دەیانەوی وەکو لینکێ بەکاری بهێنن، تا لە رێگەیەوە ئامۆژگاری هەرێم بکەن.

قوباد تاڵەبانی 

قوباد تاڵەبانی لە کۆڵنەدان و هاتووچۆکردنی بەغدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا، بەتایبەت لەهەردوولاوە، هەم هەرێم و بەغداش هێرشی لەسەر بوو، تەنهاش بوو، بەڵام گەیشت بەوەی هەوڵی بۆدا.( ئەڵبەت ناکرێ ڕۆڵی پەرلەمانتارانی کوردی نێو لیژنەی دارایی نادیدە بگیرێ، کە ڕۆڵی گەورەیان هەبوو)
ڕای شەقامی عێراق و چالاکوان و لایەنەکان زور توندبوو لەسەر هەرێم و کورد، ئێستا تاڕادەیەک گۆڕانکاری دروستبووە، هەندێک لایەن جیاواز تر مامەڵە دەکەن، بەڵام هێشتا دژ ماوە.

قوباد تاڵەبانی گەر لێرەدا ڕابوەستێ دەستکەوتەکانی کاتی دەبن و بو داهاتوو مەسەلەکان دەگەڕینەوە خاڵی سفر، بەڵام گەر کۆڵ نەدات، بڕواتە ناوچەکانی عێراق و چالاکوان و لایەنەکان ببینێت، موخاتەبەی شەقامی عێراق بکات، کە بۆ ئەمە کەناڵ زۆرە، هەوڵی گۆڕینی تێڕوانینەکان لەسەر هەرێمبدات، دەستکەوتەکانی گەورەتر دەبن، گەرچی ئەمە هەوڵی دەوێ، چونکە پەیوەندی نێوسن هەرێم و بەغدا موئەسەساتی نیە، بەڵکو حیزبی و شەخسیە، هەموو دەقەیەک موعەرەزە بۆ باشبوون و تێکچوون.

سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم بەغداش، من پێموانیە جێبەجێ بکرێ یاخود تاسەر بێت، چونکە جێبەجێکردنی بۆ هەرێم قورسە، ئینجا هەموو لایەنە شیعەکانی لەگەڵ نەبوو، بەڵکو دەوڵەتی یاسا و فەتح دژی تێپەڕاندنی بودجەکە بوون، بەڵام گرنگترین دەستکەوت بۆ هەرێم لە ڕێککەوتنەکەدا، شەرعیەتدان بوو بە فرۆشتنی نەوتەکەی و جێکردنەوەی لە ڕێککەوتنەکەدا، کە پێشتر عێراق دژی بوو.

گەر دۆخەکە وا بمێنێتەوە، ڕوداوی گەورە ڕوو نەدات، ڕێککەوتنەکەش جێبەجێ نەبێ، مادام شەرعیەت دراوەتە فرۆشی نەوتی هەرێم، هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ تەنگی جاران، چونکە نرخی دۆلار و نەوتیش بەرزە، ئەمە بووەتە خەیر بۆ هەرێم.


PM:02:27:01/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 1528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی