وێستگەنیوز شایەنی ستایش و رێزە، نەك ریپۆرتکردن

‌بارزان شيخ عوسمان

دوای ئەوەی دوجار  پەیجی رەسمی (وێستگە نیوز ) لە لایەن میدیایی رەسمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ریپۆرتکرا، رۆی یەكشەممە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامە نوسان لە بەیاننامەیەکدا بە هەمو جۆرێك ئەو رەفتار و ئسلوبەی رەتکردەوە کە وەك هەوڵێکی دەمکوتکردن سەیر دەکرێت.

بەندەش وەك رۆژنامەنووسێك وێڕای هاوپشتییکردنم بۆ بەیاننامەکەی سەنتەری میترۆ و دەستخۆشیی بۆ ئەو بەدەنگەوە هاتنە لە ئاست ئەو  کارە دور لە قانون و رێساکانی پەیوەست بە ئازادیی رۆژنامەگەریی، داوای سوربونی  رۆژنامەنووسە بەڕێزەکانی. ئەم پەیجە ئازا و ئازادە راستگۆیە دەکەم لەسەر رێبازە پیرۆزەکەیان.

لە راستییدا  جیا لەوەی  زۆربەی نووسینەکانم  لە  رۆژنامە و سایتە رەسمییەکەی ی ن ک  واتە (کوردستانی نوێ و PUKmidea)  چاودێر نیوز و روانگە و رەخنە بڵاودەکەمەوە، ماوەی سێ ساڵیشە  وەك رۆژنامەنووسێك  لە چەند سایت و پەیجێکی راستگۆی دور لە ئینتمای حزبیی بڵاودەکەمەوە  کە زۆر بە ئازادیی و کراوەیی و بێ سنوردانان  نووسینەکانم لەوێدا بڵاو دەبنەوە، وێستگەنیوز یەکێکیانە، هاوکات لە سپی میدیا و لڤینیشدا.

وێستگە نیوز لەگەڵ رەچاوکردنی نەریتی رۆژنامەگەریی پرۆفیشناڵدا  کاری خۆی دەکات. ئەو هەواڵەکان وەك خۆیان دەگەیەنێت بە ئەمانەتەوە واتە وەك خۆی و بێ رتوش و تێکەڵکردنی بیر روانینی  پەیامنێر و نووسەری هەواڵەکە.

کاتی خۆی لە ساڵانی پەنجادا جۆرج ڤیلەرس كە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی بی بی سی ئامۆژگاریی پەیامنێر و هەوڵنێرەکانی کرد کە لەگەڵ هەواڵەکاندا هیچ کۆمێنت و لێکدانەوەیەکی خۆیان نەنێرن، بەڵکو بی بی سی خۆی بە وتار و بەرنامەی لێکدانەوەی هەواڵ ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ. وێستگەنیوزیش یەکێکە لەو کەناڵ و پەیجە رەسەنانەی کە بەو جۆرە مامەڵە لەتەك هەواڵدا دەکات، ئەویتری جێ دەهێڵیت بۆ خوێنەر و گوێگر و بینەر و نوسەران، هەر بۆیە  نووسین و راڤەکردنی هەواڵ و گۆڕانکارییەکان لە کن وێستگەنیوز پانتاییەکی فراوانی هەیە.

وێستگەنیوز ئەو دوکانە لا چەپەکە دەم پیس و بێ ناسنامە و بێ دایک و باوکانەی ئەمڕۆی نێو سۆشیال میدیا نییە کە بە سویچێک دەمکوت بکرێت و کەس لەسەری هەڵنەداتێ و شەرم بکات. با ئەوانە وێستگەنیوز ریپۆرت نەکەن، با لە سایت و پەیجە زۆر و بۆرە دەم پیس وروژێنەرانە بپرسنەوە کە نەك نووسینی ئازا و ئازادە رەخنە ئامێزەکان بەرامبەر ئیسلامچییەکان و خودی ئاینەکان بڵاوناکەنەوە بەڵکو چەندین کەناڵی دزێویش بەڕێوە دەبەن کە  بیست و چوار سەعات ژەهری جەهل و نەفامی و خورافاتی ئیسلامچییەکان دەڕژێننە مێشکی  منداڵ و ژن و جەوان و بەساڵاچوانی ئەم مەملەکەتی بێ خاوەنە.

با لە جیاتی ئسلوبی بێ دەسەڵاتیی  ریپۆرتکردنی وێستگەنیوز، بچن سنورێك بۆ ئەو ژەهر رشتنە دابنێن کە کۆمەڵی دابەشکردوە بەسەر  سەلەفی و داعشیی و ئیخوانچێتیی لە ناویشیاندا قۆڵبڕە سیاسییەکان.

بە کورتی بەو رەفتارەی بەرامبەر وێستگەنیوز کراوە، کە خاوەنی داهێنانی وێستگەکڵاسە، نەك  نەوەستاوە بەڵکو لە هەر کات زیاتر لە برەو و بەرەو پێشچوندایە،  زیاتر دەنگی دلێر دەبێت، زیاتر رووپەڕە فراوانەکەی قەڵەمە ئازا و ئازادە نەترسەکان دەبێت. کەواتە پێویستە وێستگەنیوز و دەستە خوشکە ئازا و بێ مەرامەکانی رێزیان لێ بگیرێت و ستایش بکرێن  و زانیارییان زیاتر بدرێتێ لە بارەی هەواڵ و روداوەکان تا رێگری بکرێت لە موزایەدەکردنی هەندێك بە هەواڵ و روداوێکی سیاسیی، ئابوریی، کۆمەڵایەتیی و کلتوریی و هتد.


AM:11:36:13/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی