بە بۆنەی رۆژی دروستکردنی شاری سلێمانی

‌بارزان شيخ عوسمان

هەرچەندە بیروڕای جیاواز هەیە سەبارەت بەم تەقویمەی دروست کردنی سلێمانی کە لە دوای نانگی ئەپریل ەوە دەستکراوە بە دروستکردنی، بەو پێ یەی لە نۆڤامبردا سارد و سەرما و شەختە بوە ،بەڵام ئیتر ئەم رۆژە چەسپا.

گرنگ نییە تەئریخەکەی چ وەختێکە ،بەڵکو ئەوەی گرنگە ئەم شارە بۆ  دروستکردنی شار هاتوەتە کایەوە ،نەك لادێ یەك بوبێت و گەورە بوە.

سلێمانی وەها ناسرابو کە شارێکی روناکبیریی و بیری نوێ و نوێگەرییە .لای نەیارانی رژێمە یەك لە دوایەکەکانی عێراقیش خۆشەویست بو بەوەی شارێکی سەرسەختە و نوچ نادات لەبەردەم کۆنەپەرستان و  سەرکوتکەراندا ،بە تایبەتیی لە نێو جەماوەری باشوری عێراق.

خوێندکارە عەرەبە روناکبیر و مێشك کراوەکان  شانازییان دەکرد کە لە زانکۆی سلێمانی دەخوێنن ،شانازییان دەکرد کە راستەوخۆ  لەگەڵ خەڵکی سلێمانیدا مامەڵە دەکەن، هەر بۆیە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان هەزاران خوێندکاری عەرەبی عێراقیی  پێشکەوتو خواز  و چین و توێژە جیاجیاکانی سلێمانیدا  دامەزرابو.

سلێمانی خەسڵەتی خۆی هەبو لە نیشتمان پەروەریی ،سیاسەت، خواپەرستیی و دینداریی، کاروکاسپی ،بیناسازیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی.

سلێمانی کەسایەتیی مەزنی زۆری تیادا هەڵکەوتوە ،کەسایەتیی زۆریش بەهۆی نزیکییان لە خەڵکی ئەم شارە  و پشتیوانیی ئەم شارە ،هەڵکەوتون و ناودار بون.لە بەرگریی و مقاوەمەتدا سەرمەشق و رێچکە شکێن و داهێنەر بوە    لە هەمو سەردەمەکاندا.

 لە چەند وێستگەیەکی  ژیانمدا  تا ئەمڕۆ ،هێندەی تێکەڵاویی و ئاشنایەتیم لەگەڵ  خەڵکی دەرەوەی شارەکەم  بوە ،بە کورد و تورکمان و عەرەب و ئاشوریی و شیعە و سونەوە  ،هەمویان بە پەرۆشەوە ئەو پەیوەندییانەیان لەگەڵمدا بە هێز کردوە.

هەمیشە ئەو پرسیارەم دەکرد !، بۆچی  کە دەچومە بەغدا   لە هەمو جێگەیەك کە بە زمان و فۆنەتیکە کوردییەکەم و بە روخسارمدا دەیانزانی کوردم دەستبەجێ کە دەمگوت خەڵکی سلێمانیم،ئیتر  سلێمانی وتەنی دەبونە برای باوکم؟!.

بۆیە سلێمانی بون. سیمایەکی تایبەتیی هەبو ،یانی جێ متمانە ، پێشکەوتنخواز،زۆرزان ،کراوە ،دژ بە دواکەوتن و زۆرداریی، نەیاری رژێم بە تایبەتیی رژێمە لە ناوچوەکەی بەعسی سەدامیی.

ئێستا دەپرسن ئەوە بۆچی  هەمو رستە و وتەکانت  بە شێوە و سیغەی رابردوە ؟!،ناشێت بڵێیت ئێستا سلێمانی وا نییە؟!.
لەوەڵامدا دەڵێم  بەڵێ  ئێستا بە داخەوە سلێمانییەکەی  دەساڵ لەمەوبەر نییە ،رێك لەو کاتەوەی ئیتر   ئەو زاتە بە پەرۆش و پێداگرە لەسەر  بە زیندو هێشتنەوەی سلێمانی ئیتر وەك جاران  زاراوەی  (شارە حەیاتەکە)ی لە زار نەدەهاتە دەرەوە ،ئەویش سەرۆك مامجەلالی مەزن بو  کە خۆی دەیزانی چۆن  داکۆکیی لە سلێمانی دەکات ،چۆن نایەڵێت ناسنامە کلتوریی و پێشکەوتنخوازیی و کراوەییەکەی  بپارێزێت.

ئێستا  وەڵامەکەی (سالم)ی مەزن بۆ حەزرەتی (نالی)  بەسەر ئەو  شارە بە زوخاڵ کراوەماندا  جێ بەجێ دەبێت کە  پێی فەرمو "
توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم

بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر”.
چونکە کانی ئاسکان ئێستا مەکانی گەلەگورگە رەشەکانی سەردەمی غەزاکانی سەدەکانی ناوەڕاستە ،ئێستا تاریکپەرستیی ،داخران و دابڕان لە کلتور و نەریت،خۆ جیاکردنەوە  بوەتە ناسنامەی ئەم شارە دیلکراوەی دەستی ئیسلامچییەکان.

ئەوسا سلێمانی بە گۆرانیەکەی  مامۆستا عەلی مەردانی نەمر " کۆڵان بە کۆڵان جادە بەجادە
نەشمیلەی چاومەست پەچەکەت لادە، پەچەت لاده
خۆمم بۆ سێدارەت کردوە ئامادە

شەرمی پێ‌ ناوێ پەچەکەت لادە، پەچەت لادە" پەچە و عەبای رەشییان  قەڵاچۆ کردبونە سەرمەشقی کوردستان و عێراقیش ،کەچی ئێستا  رۆژانە فەرمانی لە سێدارەدان بۆ عەلی مەردان دەردەچێت،هەزاران کچ و ژن ئەتۆقێنرێن و حیجابی  سەید قوتب و حەسەن بەننای تێرۆریستیان  لەسەر دەکرێت . ئەوسا تەلەفزیۆنەکان  پەروەردەی نیشتمانیی و پێشکەوتنخوازیان بڵاو دەکردەوە کەچی ئێستا تەلەفزیۆنەکانی سلێمانی ژەهری  ئیسلامچێتی دەڕێژن و  نەفرەت لە مێژو و تێکۆشانی سەدان  هەزار گەشمردەی کوردستان دەکەن و بە بزوتنەوە سەرەتانییەکانیان ناو دەبەن ،ئێمەش دەبێت هیچ قسە نەکەین چونکە پێمان دەڵێن  کافر.

ئەوسا  تەلەفزیۆنەکانی سلێمانی دیالۆگی بیر و فیکر تیادا بو ،ئێستا  موناقەشەی ئەوەیە  کێ ئیسلامە؟! ،کامیان راستن سەلەفی یا ئیخوانچی؟!،

مناڵ چۆن فێری نوێژی جەژن بکرێت؟! ،بە قاچی چەپ بچیتە ناو تەوالێت یا راست ؟!، بەسەر دەمدا بخەویت کافر دەبیت یا نا؟!،

بە کورتییەکەی ئێستا  پیرەمێرد وتەنی” لەبەر ئاشووبی خێڵم، هیچ شەوێ خەو نایەتە چاوم
خەوی ناخۆش ئەبینم بەم پەرێشان خاوییە خاوم” .بۆیە ئێستا سلێمانی هی ئێمە نییە هی  ئیرهابی فیکر و جەستەیی ئیسلامچییەکانە.

ئیتر بەچی بڵێم شاری  روناکبیریی و شارستانیی ؟!.


AM:08:38:15/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 1044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی