فەرموودەبازیی - بەشی یەكەم

‌په‌یكار عوسمان

- یەکێ لە کێشەکانی عەقڵی دینی، فەسادی فلتەرە. ئیتر ئەوەی کە بۆ سەردەمێک ئەبێ و بۆ سەردەمێکی تر نابێت، دێت. ئەوەی کە کولتورییەو بە کولتورێکی تر ناسازە، هەر دێت.

تەنانەت ئەوەی نائاکارییەو بۆ هەموو سەردەمێک نەشیاوە، لە بابەتی ستەمکاریی، لە پشتی ئەم دەق و ئەو تەفسیرەوە، ئەویش هەر دێت!

- ئەگەرچی زمانی قورئان تەفسیر و تەئویل هەڵئەگرێ و هەر گروپێک ئەتوانێ بەلای خۆیدا بیبات، بەڵام لەڕاستییدا قورئان ساحەی یاریی دنیبازەکان نیە، چونکە مەجازو تەئویل ئاستێکی بەرزی هۆشیارییەو مرۆڤ کە گەیشتە ئەوەی بچێتە ناو قووڵاییەکانی زمان، ئیتر لە دۆخی سادەیی دەرچووەو لێخوڕینی ئاسان نیە.

- بۆیە یارییەکە بە زمانی سادەو ڕاستەوخۆ ئەکرێ و ئیتر ساحەی سیاسەت و لێخوڕینی مێگەلیش، ئەبێتە فەرموودەو لێرەشەوە فەرموودە لە دەقی دووەمەوە ئەبێتە دەقی یەکەم. ئیتر گروپە ناکۆکەکانی دەسەڵاتیش، هەریەکەو بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی خۆیداو بە زمانی سادەی عەوام، کۆمەڵێ حەدیسی هەڵدایە ساحەکەوە.

- هەنێکیان ئالوبەیتیان پیرۆزکرد.. هەنێکیان سەحابەیان پیرۆزکرد.. ئەوەی لە دەسەڵاتبوو، وتی هەڵگەڕانەوە لە دەسەڵات کفرە.. ئەوەی موعارەزەبوو، وتی ڕاپەڕین لە ستەمکار ئیمانە.. بۆ هەموو ئەوانەش چی زۆرە حەدیس. یەعنی فەرموودە تەنیا دابینکەری شەرعیەت نەبوو بۆ سیاسەتی گروپە ناکۆکەکان، بەڵکو دەزگای ڕاگەیاندن و شەڕی ئیعلامیش بوو.

- سەیر ئەوەیە، پێغەمبەر خۆی دژی دەسەڵاتی خانەدانەکانی قورەیش هاتە مەیدان، کەچی دواتر خانەدانبوون و قورەیشیبوونی خەلیفە کرا بە دین! کاتێکیش خەواریج وتیان ئەوە ڕاست نیەو خیلافەت نابێ قۆرخی قەبیلەیەک بێت، کران بە شەیتان.. لەکاتێکا ئەو قسەیە، ئەگەر بە درۆشەوە وترابێت، قسە ڕاستەکەیە.

- خراپترین شت لە مێژووی ئیسلامدا، فەشەلی یاخیبوونی خەواریج بوو. ئەوان سەرکەوتنایە دین و دنیا جۆرێکی تر ئەبوو، نەک لەبەر ڕاستی و باشی خۆیان، بەڵکو لەبەرئەوەی یەکەم کردەی بتشکاندنی ناوەوەی ئیسلام سەرئەکەوت و ئیتر ئەو بتانەی قورەیش، کە هەر دوای پەنجا ساڵ ئەبوو بشکێن، تەمەنیان نەئەگەیشتە ئێستاو هەزاران ساڵ.

- ئا لەو ململانێیەوە زمانی قەبیلە زاڵبوو بەسەر زمانی عەقڵداو قورئانیش لەکارکەوت، چونکە ئیتر مەجازو تەئویل ڕووینەدا، بەڵکو سادەکردنەوەی زمان کرا بە حاکم بەسەر زمانی قووڵەوە.

مەسەلەن بۆ هەر ئایەتێک سەبەب نزول و حیکایەتێکی ئاسان دانراو ئیتر بیرکردنەوە کۆتاییهات و پێویست نیە بیر لە هیچ شتێک بکەیتەوە، هەر پرسیارێکت هەبێ، وەڵامە سادەکەی لە فەرموودەیەکدا حازرە!

- زمانی مەجازیی، ئاستێکی باڵای هۆشیارییەو حەزارەت بەدوای خۆیدا ئەهێنێ. زمانی ئەفسانەیی یەعنی حیکمەتی مێژوویەک چڕئەبێتەوە لە دەقێکداو دواتر دەقەکەش ئەبێتەوە بە بواری قووڵبوونەوە بۆ خەڵکەکەو ئیتر لە قۆناغێکەوە ئەچنە قۆناغێکی تر. یەعنی ئەوەی کە پێیئەوترێ کتێبی پیرۆز، لەڕاستییدا چڕبوونەوەی مێژوویەکی پێشترو لەدایکبوونی مێژوویەکی نوێشە!

- ئا لێرەشدا چەمکی "ئەهلی کیتاب" هەر پەیوەندی بە ئینجیل و تەوراتەوە نیە، بەڵکو هەر خەڵکێک، کە کتێبی ئاستە قووڵ و مەجازییەکانی زمانیان هەبێ، گەشەئەکەن و ئەکەونە پێش خەڵکێکەوە، کە تەنیا زمانی قەبیلەو ڕاییکردنی ژیانی ڕۆژانەو خواردن و خواردنەوەو شەڕو زاوزێیان هەیەو نەگەیشتوونەتە قۆناغی چڕبوونەوەی زمان!

- لێرەدا تۆ ئەتوانی ئیمانت بە قورئان نەبێ و هەزارویەک قسەشت لەسەری هەبێ، بەڵام خۆی گرنگی زمانی مەجازیی، لەو هەزارو یەک قسەیەدایەو کتێبەکانی فەلسەفەو ئەدەب و ئەفسانە.. هەر بۆ ئەوە باشن کە ئەو کەشە بخولقێنن. بەڵام حەدیس کە زمانی قەبیلەو بیرنەکردنەوەیە، زمانی مەجاز و بیرکردنەوەی کوشت. ئیتر هەزارویەک قسەکەش نەما، تەنیا یەک قسە هەیە کە هەزارویەک گروپ ئەیڵێنەوە: من ڕاستم و ئەوانیتر لادەرن!

- بەمجۆرە زمانی ئەعراب (اشد کفرا و نفاقا) بوو بە دین. بۆچی کافر؟ چونکە شاردنەوەی حەقیقەت کفرەو ئاسانترین ڕێگای شاردنەوەی حەقیقەتیش، کڵێشەی سادەو ئامادەیە، کە ئەدرێ بەسەر شتێکدا، پێشئەوەی بزانیت شتەکە چیەو عەقڵکاریی تێدا بکەیت.
- بۆچی نیفاق؟ چونکە زمانی سادەو یەکدیو، زمانی ئیدیعاو دروشمە، کە ئینسان لەتئەکاو دوو دیوی بۆ دروستئەکات. ئەودیوی دروشمبازی شتێکەو ئەمدیویشی شتێکەو ئیتر نیفاق دروستئەبێ.

جگە لە کوفرو نیفاق، زمانی ئەعراب، زمانی شەڕیشە، چونکە هەر بە سادەیی و بە ڕەهایی پێت ئەڵێ ئەمە ڕەشەو ئەوە سپییەو ئیتر دوای ئەوە بەس شەڕمان بۆ ئەمێنێتەوە!  

- ئا لێرەشدا ئیسلامی سیاسی و هەموو دوکان و بازاڕە دینییەکان، سەر بە زمانی ئەعرابن. هەر دوکانێک، بەدوای هێزو سوڵتەو کۆکردنەوەی قەرەباڵغییەوەیەو ئەوەش بە زمانی سادەی عەوام دابین ئەکرێ. بۆیە ئەبینی سەرەڕای ناکۆکییە زۆرەکانی ئیسلامچییەکان، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموویان فەرموودەبازییە!

- کەسێک ئەگەر خۆی بچێتە ناو قووڵبوونەوەی زمانیی، ئیتر ئەو خۆی لە زمانی ئەعراب ڕزگاریی ئەبێ و ئەچێتە ناو زمانی عەقڵ و حیکمەت، ئیتر کاریشی بە عەوامبازی و تۆپەڵکردنی ئەوانیتر نامێنێ، چونکە ئیتر خەمی ئەو ئەبێتە تێگەیشتنی خۆی، نەک دامەزراندنی سوڵتەو کۆکردنەوەی مێگەل.

- فەرموودەبازەکان ئەگەر ئاوڕێکیش لە قورئانەکەی خۆیان بدەنەوە، تەنیا بۆ لەبەرکردن و مقاماتە، ئەگینا هەر ئەوانەی ڤیستیڤاڵی لەبەرکردنی قورئان سازئەکەن، لە هەمانکاتا ئەو کەسانە بە کافر ئەزانن، کە بیریان کردۆتەوەو لە دەرەوەی زمانی ئەعراب و فەرموودەوە، قووڵبوونەوەیەکیان لەگەڵ قورئاندا دروستکردوە!

- هەر حەکیمێکی مرۆڤایەتی، قسەگەلێکی کردوەو قسەکانیشی حیکمەتیان تێدایە.. هەر کولتورێکیش حیکمەتی کۆیی خۆیان هەیەو بەشدارن لە بینای مەعریفەی بەشەرییدا.. کێشەکە لە بێحیکمەتییدایە کە بە حیکمەتی پیرۆز پێتی ئەفرۆشنەوەو بەمەش جەهل و هاوکێشەی سەردەست و بندەست دروست ئەبێت.

- هەڵبەتە لە فەرموودەبازییدا قاتلەبەرو شەرواڵ لەپێ، یاخود نەرم و توند فەرقی نیە. بینیمان لەکاتی کۆرۆنادا، پێش لەتیف و هەڵۆ، مامۆستا سەڵاح وتی شتەکە غەزەبی خوایە.. دەی خۆ ڕەوتێکی جیاوازو نەرمی ئاینی، هەر بۆ ئەوە باشە، کە لە زمانی قەبیلەو ئەعرابەوە بگوازێتەوە بۆ زمانی زانست و عەقڵ، نەکئەوەی بەهێواشی هەر ئەوە بڵێتەوە کە ئەویتر بە تووڕەیی ئەیڵێ!

- ئا لێرەدا سارتەر ڕاست ئەکا: (تەنیا یاخیبوونی مێژوویی بەس نیە بۆ ئازادی، بەڵکو مرۆڤ ئەبێ یاخیبوونی میتافیزیکییش بکات.) یاخیبوونی میتافیزیکی مانای ئەوەنیە هەموومان ببین بە مولحید، ئەسڵەن ئەگەر هۆشیار نەبیت، زمانی ئەعراب لەوێشدا زۆر ئامادەو کاریگەرە. بەڵکو یاخیبوونی میتافیزیکی ئەوەیە کە زمانی ئەعرابی هەموو ئایدۆلۆژییەکان تێپەڕێنین، کە زمانێکی کۆمەڵایەتی-دەروونی خوارعەقڵییە.
ماویەتی


AM:09:09:11/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی