بەشداریی سەرۆکی هەرێم لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە شاژنی بەریتانیا

‌جەواد قادر

ئەمڕۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی بەریتانیا دەگاتە لەندەن و بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی شاژنی کۆچکردوو ئێلیزابێتی دووەم دەکات. هەر لە ماوەی سەردانەکەیدا، بڕیار وایە کە سەرۆکی هەرێم و پۆلێک سەرکردەی دیاری جیهانی لەلایەن پاشای بەریتانیا چارڵزی سێیەمەوە پێشوازییان لێ بکرێت. 

بە دڵنیاییەوە، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شاژن ڕەنگە گەورەترین میوانداریی بەریتانیای دوای جەنگی جیهانیی دووەم بێت و هەر لەو سۆنگەیەیشەوە مەراسیمەکە بە وردبینی و هەستیارییەکی یەکجار زۆرەوە ڕێک خراوە. مەراسیمەکە جگە لەوەی کە ماڵئاواییە لە شاژنێک کە درێژترین ماوەی فەرمانڕەواییی شاهانەی لە مێژووی بەریتانیادا پێ بڕا، هاوکات ئەو ڕێوڕەسمە هەڵگری پەیامێکی سیاسیشە بۆ دنیای مۆدێرنی دوای کۆرۆنا و بۆ ئەو جەمسەربەندییە ڕوونەی کە ئێستا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دروست بووە. 

نزیکەی ٥٠٠ سەرکردەی سیاسی و کەسایەتیی دیاری جیهانی بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بە فەرمی داوەت کراون، لەوانە سەرۆکی ئەمەریکا و هەموو سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی کۆمۆنوێلز. بەڵام داوەتنامە بۆ بەشێک لە وڵاتان نەچووە کە وتاری فەرمیی ڕۆژئاوا سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتانەی پێ ناکۆکە لەگەڵ پرەنسیپەکانی کۆمەڵگەی کراوە و دنیای ئازاد. ئەمە پەیامێکە کە مەراسیمەکەی ئەم دوو ڕۆژەی لەندەن بە ئاشکرا ناردوویەتی و نایەوێت شاراوە بێت.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە وتار و کرداردا هەوڵی داوە دەرگای هەرێمی کوردستان و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی بە ڕووی دنیای ئازاددا بکاتەوە. ئەو داکۆکیکارێکی سەرسەختی ئاشتەوایی و دیالۆگ، دیموکراتی، بیری لیبڕال، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی سیاسی و میدیا، ئازادی کۆمەڵایەتی و ئایینی، مافی هاووڵاتیبوون، مافی مرۆڤ و مافی ژن بووە و ئەو هەوڵانەی ئەو لە چاوی ڕۆژئاوا شاراوە نەبوون. بە دڵنیاییەوە هەر بۆیەیشە نێچیرڤان بارزانی لە ڕیزی  بانگهێشتکراوانی مەراسیمە مێژووییەکەی ئەم چەند ڕۆژەی بەریتانیادا دەبێت. 

ئەم ڕووداوە دەگمەنە مێژوویەی لەم دوو رۆژەدا لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ عێراق و بۆ تاکی کورد، گرنگییەکی سیاسیی ڕوونی هەیە. هەرێمی کوردستان، عێراق بە گشتی و کورد وەک زوڵملێکراوترین نەتەوەی دوای میراتی کۆلۆنیالیزم، جێ و پێگەی لە کۆمەڵگەی کراوە و دنیای ئازاددا پێ ڕەوا بینراوە. ئەمە ڕووداوێکی مێژووییە و مایەی سەربەرزییە.


PM:10:27:18/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی