تایبەت بە دانیشتن و دانوستانی لایەنە سەرکەوتووەکان

‌هيمداد شاهين


سەبارەت بە دانیشتن و دانوستانی لایەنە سیاسییەکان بۆ دروستکردنی یەکڕیزی، لە چەند رۆژی رابردوودا جوڵانەوەی نەوەی نوێ پرۆژەیەکی خستەڕوو، کە تیایدا رامانگەیاندووە ئێمە هیچ پۆست و وەزارەتێکمان ناوێت و تەواوی ئەو خاڵانەی لەپرۆژەکەشدا هاتوون لەخزمەتی خەڵک و لەپێناو خەڵکدان.

لەوبارەیەوە، لەچەند رۆژی رابردوودا و سەبارەت بە سەردانی شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سلێمانی، داواکراوە کە شاندەکە سەرۆکی جوڵانەوەکەمان ببینن، بەڵام ئێمە پێمانباش نەبووە ئەو دانیشتنە لە ئێستادا بکرێت لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: پێمانباشە دانیشتن و دانوستان لەسەر پرۆژەکەی نەوەی نوێ بێت، یاخود لەسەر هەر پرۆژەیەک بێت کە لەپێناو ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵکدا بێت، هەرکاتێک پرۆژەیەک هەبێت کە لەپێناو خەڵک بێت ئێمە عوقدە و گرێی شەخسی و کێشەی تاکە کەسیمان نییە و بە ئاسایی دەزانین لەگەڵ هەر هێز و لایەنێکدا گفتوگۆ و دانیشن بکرێت لە پێناو مافی خەڵکدا نوک لو پێناو پۆست و بەرژەوەندی حیزبی، چونکە ئێمە پێش هەڵبژاردن و لەکاتی هەڵبژاردن و ئێستاش لەدوای هەڵبژاردن وتومانە کە لەپێناوی بەرژەوەندی و مافەکانی خەڵک کار دەکەین و هەر شتێک لەپێناو خەڵک و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانماندا بێت ئامادەین بیکەین.

دووەم: پێمان باشە ئەو وەفدانە لە سەر ئاستی خوارەوە پێشتر ئامادەسازی بکەن و وردەکاری پرۆژەکە یەکلا بکەنەوە، پاشان ئەگەر خاڵەکان یەکلا کرانەوە و نیەتێک هەبوو بۆ خزمەتی هاوڵاتییان، ئەوکات کۆبونەوەی باڵا ئەنجام بدرێت.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پرۆژەکەیدا وەک زەمینەسازیی ناوخۆیی بۆ دروستکردنی یەکدەنگیی لەبەغدا، داوای چەند خاڵێکی کردبوو کە تایبەتە بە غەم و پێویستی هاوڵاتییان، هەر کات ئەو ئامادەسازییانە کران و باس لە کێشە و گرفتی خەڵک و بەرژەوەندی خەڵک کرا، ئەوە نەوەی نوێ هیچ لاری نییە بۆ کۆبونەوە.


PM:09:10:21/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی