هێرشەكانی كۆرمۆر

‌زریان رۆژهەڵاتی

پێچەوانەی هێرشەكانی رابردوو كە زیاتر هەولێر و دەوروبەرییان دەكردە ئامانج، ئەمجارە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا سێ هێرشی مووشەكی كرانە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام ئەمە پێشهاتێكی تازە و وەرچەرخانێكە لە پەلاماردانی گرووپە چەكدارییەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان، چونكە ئامانجی ئەمجارە ناوچەیەكە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێیدا نفوزی زۆرترە كە پەیوەندییەكی تووندوتۆڵتریشی لەگەڵ ئێران و گرووپە شیعییەكانیش هەیە؛ بەڵام بۆچی؟
 
كێ هێرشەكەی كردووە؟
 
هەرچەند سێكوچكەی نێوان باشووری كەركووك - چیای حەمرین و باكووری پارێزگای دیالە هێشتا شوێنی تەراتێنی داعشە و جاروبار لەوێوە هێرش دەكرێتە سەر پێشمەرگە، بەڵام بەو پێیەی كە داعش لانیكەم لە 2020 بەدواوە توانست و كەرەستەی هێرشی مووشەكیی وای لەبەردەستدا نییە، ئەستەمە كاری ئەو بووبێت. بە قسەی رایەدارانیش بێت، مووشەكەكان جۆری كاتیۆشا بوون و بە لەبەرچاوگرتنی جۆرە جیاوازەكانی ئەم چەكە كە لە عێراق هەن، دوور نییە لە شوێنێك لە ناوچەكانی نێوان باشووری كەركووك تاوەکو باكووری پارێزگای دیالەوە گیرابێتنە كۆرمۆر كە دوورییەكەیان لە 20 - 40 كیلۆمەتر زیاتر نەبێت! هەڵبەت ئەگەر جۆری كاتیۆشایەكە دیاری بكرێت و لەو جۆرانەش بێت كە تاوەکو مەودایەكی دوور بڕناكەن و دەوری 8 - 9 كیلۆمەترێك دەڕۆن، ئەوسا دەبێت لە نێوخۆی هەرێمی كوردستاندا بەدوای شوێنی تەقاندنی مووشەكەكەدا بگەڕێین كە ئەوەش رەهەندێكی جیاوازتری پێدەدات. بەو پێیەی كە لە تووندترین ململانێ نێوخۆییەكانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، هێزە كوردییەكان پەنایان بۆ چەك دژی یەكتر نەبردووە، ئەوە بژارەیەكی دوور لە واقیع دێتە پێشچاو كە كەس یان لایەنێكی نێوخۆیی ئەوەی كردبێت.
 
بەو پێیەی ئەو ناوچانەی نێوان سێكوچكەی باشووری كەركووك - حەمرین و دیالە، شوێنی گرووپە جیاوازەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیشە و لەوێش ناوچەی بۆشایی ئەمنیی زۆر هەیە، گومان هەر بۆ ئەو گرووپە چەكدارانە دەچێت كە لەپشت هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانی سەر هەرێمی كوردستانەوەن.
 
بۆچی ئەو هێرشانە كران؟
 
ئەو هێرشانەی سەر كۆرمۆر لە كاتێكدا دێن كە دوای ماوەیەك گرژی و ساردی، دوای دەستپێشخەرییەكانی نێچیرڤان بارزانی – پلاسخارت كرانەوەیەك لە پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی دروستبووە كە پێدەچێت لەدوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان و دەستپێكردنی قۆناخێكی تازە، ئەو دوو هێزە زیاتر لە جاران ناچاری رێككەوتن لەگەڵ یەكدی بن. هەروەها هێرشەكان دوای ئەوە هات كە لە رۆژانی رابردوودا زۆربەی سەركردەكانی شیعە پێشوازییەكی گەرموگوڕیان لە لاهور شێخ جەنگی كرد كە وەكو گوشارێكی سیاسی بۆسەر "یەكێتیی نوێ" هەژمار دەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پێشتر ئەو گرووپانە لە كاتی رووداوەكانی پەیوەست بە لەسەركارلادانی ئەو، زیاتر بێدەنگییان بە مەسڵەحەت زانیبوو! حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە سەرەتاكانی ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو كە دوو كۆمپانیا سەبارەت بە نەوت و گاز دادەمەزرێنێت! بێشك ئەستەمە بتوانێت ئەمە بەبێ رەزامەندیی یەكێتی بكات و رەنگە لەسەر ئەوەش لێكتێگەیشتنێك لەنێوان هەردوولا دروست بووبێت.
 
كاتێک ئەمانە پێكەوە دەخەیتە پاڵی یەك، هێرشی مووشەكی و گوشاری سیاسی وەكو دوو ئامرازی كاریگەر سەبارەت بە رێگرتن لە رێككەوتنێكی گریمانەیی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر بابەتی گازی سرووشتی وەكو ئەگەرێكی بەهێز دەردەكەوێت.
 
هەڵبەت دەبێت لە شوێنێكدا ئەوەش یاداشت بكرێت كە هێرشەكان، دەتوانن كاریگەرییان لەسەر بڕیاری كۆمپانیا بیانییەكانیش هەبێت كە لە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن و هاوكاتیشە لەگەڵ دووەمین نامەی ئاگاداركردنەوەی حكومەتی عێراق بۆ كۆمپانیا بیانییەكان سەبارەت بە چارەنووسی كاركردنیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان!
 
فاكتەرێكی دیكە كە باشتروایە لەپێشچاو بگیرێت ئەوەیە كە دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، لایەنە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەكو عامری و مالیكی ناچار دەبن سازش لەگەڵ پارتی و تەقەدووم بكەن بۆئەوەی حكومەتەكەی داهاتوویان رەواییەكی رێژەیی هەبێت. كاتێک ئەمەش بكەن، ئەوسا ناچارن بەرامبەر گوشاری گرووپە چەكدارییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان و پارێزگای ئەنبار (حەلبووسی) هەڵوێستێكی جیاوازتر لە جارانیان هەبێت. ئەمە بێجگە لەوەی كە ناچاردەبن هەندێك لە داواكارییەكانی ئەو گرووپانە پشتگوێ بخەن. بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی پێكهێنەرەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمە شتێكە كە رێی تێدەچێت. هادی عامری داوای كردبوو مەرجەعیەتی باڵا رێ لە تێكچوونی پرۆسەی سیاسی بگرێت، ئەمەش ناڕاستەوخۆ واتای ئەوەیە كە خەتی سوور بەسەر ناوی مالیكی دا دێنێت، چونكە پێشتر مەرجەعی باڵا گوتبووی ئەوەی تاقیكراوەتەوە تاقی نەكرێتەوە. بەپێی هەواڵەكانیش بێت، نووری مالیكی دەیەوێت هەرچی زووترە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیار لەسەر بەربژێری سەرۆكوەزیران بدات.  قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق گوتوویەتی [1] كارەساتە ئەگەر حكومەت وەكو جاران پێكبهێندرێت و دەبێت سەرۆكوەزیرانێك بێت كە بتوانێت كێشە ئابوورییەكان چارەسەر بكات. ئەگەریش نا، با هەڵبژاردن بكرێتەوە. ئەمەش شتێكە كە بە دڵی مالیكی نییە. پێدەچێت كەتائیبی حیزبوڵڵاش [2] لە دۆخەكە ناڕازی بێت كە وا مەزەندە دەكرێت لەدوای كشانەوەی سەدر، شەش كەسی نزیكی لەنێو پەرلەمان بن و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: ئێمە بەشێك نەبووین لە حكومەتەكانی جاران و بەشێك نین لە بارودۆخی ئێستاش.
 
لە سەروبەندی باسەکانی تایبەت بە ناتۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بایدن و گفتوگۆ چوارقۆڵییەکانی ئەمریکا، هیندستان، ئیمارات و ئیسرائیل، هێرش بۆسەر کۆمپانیایەکی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان، دەتوانێت رەهەندێکی رکابەریی هێزداریی ناوچەییشی تێدا بێت.
 
كۆتایی
 
هێرشەكانی سەر كۆرمۆر وەرچەرخانێكە لە هێرشی گرووپە چەكدارییەكان بۆسەر هەرێمی كوردستان. لەوانەیە رێگرتن لە ئەگەری نزیكبوونەوە و رێككەوتنی زیاتری یەكێتی و پارتی، بەتایبەت لە دۆسیەی وزە، لێرەدا ئامانجە سەرەكییەكە بێت. ئەمە بێجگە لە ناچاركردنی كۆمپانیاكان بۆ كارنەكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
 
مشتومڕێك لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدیدەکرێت لەسەر ئەوەی كە كێ ببێتە سەرۆكوەزیران. رەنگە مستەفا كازمی-یش حەزی لێبێت كە بمێنێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا، سەردانەكەی بۆ تاران بە هەر هۆیەكی دیكەش بێت، لەم ساتانەدا بۆنی ئەوەی لێدێت كە دەیەوێت بڵێت: من دەتوانم بەربژێری نەسازانی لایەنەكان بم و بمێنمەوە. هەرچۆنێك بێت، كازمی بیت یان هەر كەسیكی دیكە، گرنگە مژاری هێرشە مووشەكییەكان و رێكارە تەكنیكی و سەربازییەكان بۆ رێگرتن لەوانە، بابەتی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بێت لە دانووستاندنەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت!


PM:01:58:26/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی