"ئەگەر ئاشتیت دەوێت، خۆتی بۆ ئامادە بکە"

‌ئارام سەعید

عیسای مەسیح دەفەرموێت، "هەموو مەملەکەتێک کە لە دژی خۆی دابەش بووبێت، دەڕوا بەرەو وێرانکاری." بەر لە دەستپێکردنی هەر دانوستانێک هەرکات کێشەو ناکۆکی ناوخۆیی هەبوو ئەوا چاوەروان بە لایەنی بەرامبەر ئەوە بەکاردەهێنێت و بەجیا لەگەڵ ناکۆکەکان دادەنیشیت و نفوزی خۆی زیاد ەکات. کاریکی تر کە دەیکات ئەوەیە چەند پەیامێک ئاراستە دەکات کەدەبیتە هۆی قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکیەکان... بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنی کوردستانی ئەگەرەکانی بەردەمی رێکەوتنی تەسک دەبێتەوە و دەبێتە هۆی دواکەوتنی دانوستانەکان.

"یەکگرتووبین بەپێوە وەستاوین، دابەشبووین دەکەوین". لەم دانوستانانەدا لایەنەکانی بەغدا متمانە و ڕێزیان بۆ لایەنی کورد کەم دەبێتەوە کاتێک دەبینن کورد پەرش و بڵاوو نارێکخراوەو گیرۆدەی ناکۆکی ناوخۆییە، چونکە ناتوانیت بروا بەجێبەجیکردنی ئەو رێکەوتنە بکات و گومان دەکات لەکاتیدا لایەنێکی کوردی نارازیە،هەربۆیە دەرئەنجام کەوتنە.

بەکورتی دانوستانی کاریگەر پێویستی بەوەیە لایەنی کوردی بەیەک بەرەوە بچیتە دانوستانەکەوە، ئامانجەکانی روون و ئاشکرا بێت،  سازشکردن پێویستە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە دەرئەنجام تەنانەت ئەگەر ئەوە هەندی گروپ نیگەران بکات کە رەنگە لەبەرژەوەندیان بدریت چونکە لەکۆتاییدا ئەندامانی دانوستکار دەبێت کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکەن و خۆشگوزەرانی خەڵک لەسەرو هەموو ئارەزوە شەخسیی و حزبیەکانەوە بێت.

کانتی فەیلەسوف لەمبارەیەوە دەڵێت" ئەگەر ئاشتیت دەویت دەبێت ئامادە بیت بۆ رێکەوتن" بەلام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نیە کە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی ئامادەبن بۆ رێکەوتن و نزیکەی چل سالە رێک ناکەون و ناگەنە ئەنجام، لەکاتێکدا لەحکومەتدا پێکەوەن، بەلام ئایا لە رێکەوتنەکاندا بەرژەوەندی گشتی و خۆش گوزەرانی هاوڵاتیان ئەولەویەتە؟ یان بەرژەوەندی حزبی و فراوانکردنی دەسەلاتەکەیان لەپێشەوەی بەرژەوەندی هاوڵاتیانە، ئایا دروستە لایەنی کوردی بەتەنها پارتی بێت؟ یان پارتی و یەکیتی بەجیا دانوستان بکەن؟ ئەی ئەو هێزانەی تر لە کوێی ئەم دانوستانەدان؟ دەبوایە دەیان کۆبونەوەو راویژی ئاشکرا لەگەڵ هێزەکانی تر هەبوایە بەر لەدەستپیکردنی دانوستانەکان.

تۆ بڵێی هەرێمی کوردستان بەخاک و خەلکەکەیەوە موڵکی پارتی و یەکێتی بن؟  
لەکۆتاییدا پاش ململانێی سەختی چل ساڵی رابردوو، هەموو دانوستانەکان بەم دەردە دەچیت،هەربۆیە ئومیدیک نیە کەبتوانن لەهیچ دۆسیەیەکی کوردستاندا بیبەنەوەو کۆتاییەکەی دەبێتە لەدەستدانی ئەوەی ماوە لە دەستیاندا و هاولاتیانیش بەشێوەیەک بیزارن لەم دەسەڵاتە حوکمی بەغدایان پێباشترە لەوەی ئێستای کوردستان لەکاتێکدا دەرفەتی زێڕین هەبوەو دەسەلات لەدەستی داوە نەک هاوڵاتیان. پەنابردن بۆ حوکمی بەغدا بەم بیرکردنەوەو ئاراستەیەی ئیستای دەسەڵاتدارانی بەغدا ویرانکاریەکی ترە بەلام لای هاولاتیان سزادانێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتی ئێستای کوردستان کە لەهەڵبژاردنی داهاتودا دەرئەنجامەکانی تەواو دەردەکەوێت....


PM:01:56:29/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی