کۆپیکردنی نارەزایەتی "لەچک سوتاندن بەنمونە"

‌ئارام سەعید

لەهەموو کۆمەڵگەکاندا کێشە هەیە و نارەزایی دەربڕین هەیە، ئەوەش ئازادیە کە هاولاتی نارەزایی خۆی نیشان بدات بەرامبەر هەڵوێستێک یان بریارێکی دیاریکراوی دەسەڵات یان کۆمپانیایەک یان حزبێک. ئەوەی گرنگە هەر کۆمەڵگەیەی شیوازی خۆی هەیە بۆناڕەزایی دەربرین وئەوەش بەشێکە لەکەلتور و میژووی ئەو کۆمەڵگەیە.

لەماوەی رابردودا کوژرانی ژینا ئەمینی کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەشارەگەورەکانی ئێران تا شارە بچوکەکانیش چەندین شیوازی نارەزاییان نیشاندا، یەكێکیان ئەوەبوو خانمان لەمەراسیمێکدا ئاگر دەکەنەوەو لەچکەکانیان دەسوتێنن، لەئێران لەچککردن بەفەرمانی دەولەتە و هەموو خانمێک بەناچاری دەبێت لەچک بکات بۆیە تورەن لەو بڕیاڕە، مافی خۆیانە نارازی بن، ئەوەی مایەی سەرنجی منە هەندێک لە چالاکەوانان پێیان وایە ئەو نارەزاییە بۆ ئێرەش گونجاوە لەکاتێکدا لەهەرێمی کوردستاندا لەچککردن ئیجباری نیە و هەموو خانمێک ئازادە لەوەی لەچک بپۆشێت یان نا بۆیە کۆپیکردنی ئەو شیوازە تورەیی ونارەزایەتی لێکەوتەوە.

ئەمە لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئیسلامیەکانی کوردستان بەیاننامەو نارەزاییان دەربریوە بەرامبەر شەهیدکردنی ئەو خانمە، بەڵام کاردانەوکانیش دەرفەتی دا بەهەندێک لایەن و کەسایەتی توندڕەو کە شیکردنەوەو هەڕەشەی سەیر بکەن لەکاتێکدا ئەوەی ئەو کردارەی کردوە بریتی نیە لە زۆرینەیەک بەڵکو هەلویستێکە بەشێکی لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە بەهەڵە نارەزایەتیەکەیان کۆپی کردوە.

لەکۆتاییدا نارەزایی دەربرین ئاساییە بەڵام بە ئاگایی و رێزگرتن لەبەهاکانی کۆمەڵگەو دور لەبریندارکردنی هەست وسۆزی خەڵکێکی زۆر نەک کۆپیکردن و لاسایکردنەوەی بێ بنەما..


PM:09:52:21/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی