ئەی تەگبیر!

‌ئارام سەعید


ژیان بەبێ هیوا دەبێتە دۆزەخ، وەک دوستۆیفسکی دەڵیت " کاتێک بێ هیوا دەبین وەک ئەوەیە ژیان بوەستێت" لەهەمان کاتیشدا ناکریت پشت ببەستین بە بەڵێنی درۆ ووەهمی سیاسیە بێ ئومیدەکان وەک ئەوەی لەکوردستان دەیبینین. دەبێت بپرسین دوای ئەو هەموو هەڵبژاردنەی سی ساڵی رابردوو ئایا حکومەت گوێ لە هاوڵاتی ئەگرێت؟ هەر هەڵبژاردنێک دەکرێت رێژەی دەنگدان دادەبەزێت ئایا کەمبونەوەی بەشداری لەدەنگدان کاری کردۆتە سەر سیاسەتی حکومەت و پێداچونەوە؟ ئایا ئەو ئامرازە باشە کە خەڵک بەشداری هەڵبژاردن ناکات؟ دەتوانێت کاریگەربێت؟ 

لەم نێوەندەدا یاریکردن بەهەستوسۆزی جەماوەر هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک نابێت جگە لە دواخستنی ئەو ئومێدەی بەگۆڕانکاری راستەقینە هەیە..راپەرین و خەباتی چەندین ساڵەی کورد لە دژی حوکمڕانەکانی عێراق و دەسەڵاتی بەعس بۆ ئەوە نەبوو کە خزمەتگوزاری خراپە، موچە دوادەکەوێت، کارەبا و ئاو خراپە، کەرتی تەندروستی و پەروەردە خراپە، بەلکو بۆ ئەوە بوو کە ئازادی نەبوو، رژێمێکی دیکتاتۆر بوو، فرەحزبی نەبوو، بەڵام ئێستا هەموی پێکەوە خراپە و رۆژ بەرۆژ ئازادیەکان بەرتەسک دەکرینەوەو هەڵبژاردن دوا دەخریت و تەزویر دەکرێت ولەسەر شەقامەکان شەق دەوەشێنرێت...

ئەوکاتەی حزب دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەک یان گروپێک ئیتر پەیوەندی نێوان دەنگدەر وحزب تەواو لاواز دەبێت و دەپچڕێت، بەمەش ریژەی بەشداری هاوڵاتی لە دەنگداندا دادەبەزیت و کەس بڕوای بە سندوقەکانی دەنگدان نامێنیت وەک ئەوەی لەدوا هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق رویدا، ئەوەی جێی داخە ئەوەش هەر لەبەرژەوەندی ئەوانەیە کەدۆخی ئەمڕۆیان دروستکردوە و ژمارەی دەنگدەر کەم دەبێتەوەو ژمارەی کورسی پارلەمانی ئەوان وەک خۆیەتی.  

 بەداخەوە بە سەردەمێکی زۆر تاریکدا تێپەڕ دەبین کەلەمێژوی هەرێمی کوردستاندا تاریکترینیانە، وهاولاتی کاتێک سەرنجی هەواڵەکان دەدات و سەیری تەلەفیزیۆن و سۆشیال میدیا دەکات بەئاسانی ئەو سیاسیانە دەبینێت کە خیانەت لە متمانەی خەڵک دەکەن، جا ئیتر پارلەمانتار بێت یان ئەندامی ئەنجومەن یان شارەوانی، یان سەرکردە سیاسیەکانی سەرەوەی حزب، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن خەلکەوە دەنگیان پیدراوە یان ئەندامانی حزب دەنگیان پێداون، ئەوانە زۆر زیاتر بێزراو دەبن، هەلسوکەوتیان وا دەکات هاوڵاتی رقی لە حزبی سیاسی بێتەوەو متمانەیان نەمێنێت. بەگشتی ناشرینیی مامەڵەو خۆپەرستی هەندێک سیاسی کارێک دەکات مرۆڤ سیاسەت بە بیزراو بزانێت و وەک یاریەکی ناشرین لێی بروانێت....ئەمانە بێ ئومێدین بەڵام رەشبینی نیە! 

هەربۆیە حزبە سیاسیەکان ئەوانەی رەگ وریشەی قوڵیان هەیە لە کۆمەڵگادا پیویستە چالاک بن و ئەو دابرانەی تێیکەوتون چارەسەری بکەن چونکە ئەوکاتەی دەنگدەران وەک دوژمن سەیری پارتە سیاسیەکان دەکەن بێ ئومێدی گەورە سەرهەڵدەدات و دواتر لەو بێ ئومیدیەوە هێزی تازەوجیاواز، هەوڵ دەدەن بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە هەرچەندە  لەسایەی دەسەڵاتی سیاسی ئەمرۆدا پێناچێت سندوقەکانی دەنگدان بتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات، ئەگەر سندوقەکانی دەنگدان نەیکرد ئەوکات شەڕ وتوندوتیژی هێزێکی باشتر لەمەی ئێستا ناهێنێتە بەرهەم.

سەرۆکی پێشوی پارتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی و باشوری ئەفریقا جاکوب زوما لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی ٢٠١٤ دا بەڵێنیدا بە دامەزراندنی شەش ملیۆن کەس و دروستکردنی پێنج ملیۆن خانوو بۆ هەژاران، کەبەهیچ شێوەیەک نەئەو بودجەیە هەبوو نە تواناکەش، چاوەروان بن گویتان لەجەندین بەڵێنی وا ببێت پێش هەلبژاردن.

لەکۆتاییدا ئایا هیچ ئومێدێک هەیە بەگۆڕانکاری ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی لەکاتێکدا هەمان نەخۆشیەکانی دەسەڵاتی سیاسی بەربۆتە گیانی ئەوانەشی دژی دەسەڵاتن، ئەوانیش سکرتێر و سەرۆکەکانیان دەیانەویت بۆ ئەبەد سەرۆک و سکرتیربن، ئەی تەگبیر!


AM:12:24:19/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی