عاقیبەتی ئەم ناتەباییە خێربێت..

‌رێبین عومەر

گەورەترین ئاواتی میللی گەلەکەمان تەبایی و یەکێتیی ناوخۆییە کە بۆتە خەونی شاعیرانە تەنها لە دێرەکاندا باس دەکرێت؛ یان وەک سلۆگان ماوەتەوەو لە بواری کرداریدا بێ ووزەیە و ئیشی پێناکرێت. دۆخی هەرێمی کوردستان، دوای سەدەیەک لە دابەشکاری لەبەردەم غەرەندێکی گەورە هەنگاو دەنێت. 

ئاڵەنگاری گەورە ئێخەی ئەم هەرێمەی گرتووە؛ بە هۆکاری ناتەبایی زیاتر بوار بۆ دوژمنانی میللەتەکەمان دروستبووە کە هێدی.. هێدی بەڕەکە لەژێر پێی ئەم ئەزموونە خۆبەرێوبەرییەدا دەربکەن.

لەئاستی هەرێمی کورد هەرمەترسییە لەسەر پێگەو سەنگی وڵاتانی ناوچە؛ تا ئەم سەردەمەش دۆستەکانی کورد دۆستی رۆژن و کاتین؛ وەک ئەو کابرایە دێنە بەرچاو کە گەرەنتی پەرینەوەت لەرووبار پێدەداو لە ناوەراستی رێ چاوی بۆ خنکانت حازرە؛ وڵاتانی ناوچە چاوەرێی پەرینەوە نین و دەیانەوێ کورد و ئەزموونەکەی جگەلە لاوازی نەمێنێت! 

لەگەڵ دۆخ و رۆژگاری بەرژەوەندی مامەڵە ئەکەن. بەشی زۆر نەگبەتی و بەڵای سەر سەرمان دردۆنگی، سپڵەیی و ناتەبایی ناوخۆییە کە لەمێژەوە بۆتە عورفی ناوخۆییان تەنانەت دوژمنەکانمان بە ناتەبا باسمان دەکەن.

 دۆخی ناوخۆیی جگەلە درز، شەبەقی تێکەوتووە.

لە ئێستادا جگەلەوەی تەنگەژەی ئابوری ئێخەی ئەم ئەزموونەی گرتووەو بارگرانی بۆ ژیانی خەڵکی دروستکردووە؛ بەڵام ئاراستەکردنی هەڵە لە سیاسەتی ئابوری و حکومرانی و تاک رەویی و دەستگۆرینی سیاسی؛ کارێکی کردووە کە مەترسی جدی لەسەر ئەم ئەزموونە دروستبێت. ئەگەر هەروا بروات و کێشەکان لە بنەچەوە چارەنەکرێن ئەوا بێشک دەردی دوو فاقی کێشەکانی هەریم و ناوەند دەباتە قۆناغێکی مەترسیدارو ئیرادەی فەرزکردن بەسەر چارەنوسدا زاڵدەبێت.


PM:05:29:19/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 1652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی