پرسی چەپ و ئاین لە هەڵبژاردنی تورکیا !

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی مایسی ٢٠٢٣ی تورکیا، چوار هاوپەیمانێتی هەن بۆ بەدەستهێنانی شەش سەد کورسی پەڕلەمانیی و پێنج ساڵ ویلایەتی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەوانیش بریتین لە هاوپەیمانێتی کۆماری دەسەڵاتدار و بەرەی میللەتی ئۆپۆزسیۆن و لیستی ڕەنج و ئازادی کوردو چەپەکان و هاوپەیمانی ڕاستڕەوی نەتەوەی توندڕەو کە بە (ئاتا) ناوزەدکراون و لەگەڵ بەرەی یەکێتی هێزە سۆسیالیزمەکان.

هیچ یەک لەم هاوپەیمانێتیانە بەناوی مەزهەب و تەریقەت و سڵۆگانی شەریعەت جیهادییەوە بانگەشە ناکەن، پارتی دەسەڵاتداریش، ئاکەپە کە خۆی بە میراتگری خەلافەتی ئاینی عوسمانیەکان و ئوممەی ئیسلامی ڕۆژهەڵات و ئاسیاو بەڵکان و کەنداوی عەرەبی وێنا دەکات، پڕۆژەکەی وەک چەپ و ناسیۆنالیستەکان و نەژادپەرستەکانەو هیچ بۆن و بەرامەیەکی ئاینیی لێنایەت جگە لە دروشمە خەڵەتێنەرەکان، کەواتە ئەم جەنگە جەنگی چەپ و ئیسلامیی نییە، جەنگی تورک و کوردو ماف و ناسنامەو دیموکراسیەتە، پرسەکە پرسی یەکلاییکردنەوەی فاشیزم و ئازادییە بۆ گەلانی تورکیاو ناکرێ مۆرکی مەزهەبی و ئاینی ببڕین بەباڵایداو بە چەمکی کوفرو ئیمان و ئیلحاد لێی بڕوانین و وابزانین سوڵتان فریشتەو کڵیچدار ئۆغلۆ مولحیدو کافرە.

 لەو چوار کوالیسیۆنەش، تەنها دوو بەرەی ستراتیژیی لە تورکیا لە ململانێدان بە تۆپزیی بۆ بەدەستهێنانی دەنگ.

* بەرەیەک پارتی دادو گەشەپێدان و بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپەو پارتی یەکێتی گەورەو ڕەفاهی نوێ و هوداپارە بۆ ڕاکێشانی دەنگی ئیسلامخوازان و پارێزگارانی سوننەتی و نەژادپەرستان و گورگەبۆرەکان و ئەرگەنەکۆن و هێڵی فاشیزمی وەک مەهەپەو نیۆفاشیزم و راسیستی نوێی گەنجان و ئی پارتی و پۆلیس و دەزگا سەربازیی و دادییەکان.
* بەرەکەی دیکە هاوپەیمانێتی میللەتە بۆ ڕاکێشانی دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن کە بریتین لە پارتی گەلی کۆماری کەمال کلیچدار ئۆغلۆ، پارتی ئاسودەیی تیمیل کارامولا ئۆغلۆ، پارتی ئایندەی ئەحمەد داود ئوغلو، پارتی دیموکراتی پێشکەوتنی عەلی بابا جان، پارتی دیموکراتی جۆڵتکین ئویساڵ و ئۆپۆزسیۆنی چەپ و هەدەپەو بەشێک لە ئیسلامییە کراوەکانی نوورو گویلەنیەکان و کوردانی پارێزگار کە توانیان سەرۆک شارەوانییە گەورەکانی وەک ئەستەمبول و ئەنکەرەو مێرسین لەدەست ئاکپارتی بسەننەوە لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨.

بۆیە ئەوەی موفاجەئات دەخوڵقێنێ و دەبێتە ڕەگەزی دیارو فیگەری سەرکەوتنی هەڵبژاردن پرسی چەپ و دین و شیعاراتی ئایدۆلۆژیی نییە بەڵکو ئەم هەنگاوانەن؛

١- خودی ئەو کارت و پێدراوانەی ناوخۆ گرنگن بۆ یەکلایی کردنەوە، فاکتەری ناسیۆنالیزم و میساقی میللی تورک و نەژادپەرستی و سیاسەتی دەرەکی و دەوڵەتی قوڵ و ئەرگەنەکۆن، واتە کاتژمێری کۆتایی کێ قسەی دڵی تورکان مەشرەب و پڕۆژە ناسیۆنالیستیەکە دەکات.

٢- ئەو هاوپەیمانێتییەی لە دواچرکەکاندا دەتوانێ ڕق و توڕەیی و فاشیزم و داڕزانی لیرەو ئابوری بە ڕیکلامی کچە شۆخ و گەنجان بگۆڕێت بە سەرکەوتن و میلۆدیی پڕوپاگەندەو قەناعەتپێهێنانی دەنگدەری هیلاک، ئەوە بێگومان سەردەکەوێ.

٣- خستنەڕووی سیناریۆو هەڕەشەو ئەڵتەرنەتیڤی دەسەڵات بە هێزوپارەو کڕینی کاراکتەر، بۆنمونە؛ چەند سەنتەرو دەزگایەكی پرسەوان ئاماژەیان بەوە داوە، هەندێک کەسایەتی وەک موحەڕەم ئینجە کە پاڵێوراوی سەرۆکایەتییە سەدا حەوت بۆ هەشته دەنگەكان بەدەست دەهێنێت، هەموو ئەو دەنگدەرانەش، دەنگدەری جەهەپە و پارتی باشن، دوور نییە لە خولی دوەمدا پاشەکشە بکات یان وەک خۆی بمێنێتەوە، لەباری یەکەم ئەردوغان قازانج دەکات و لە باری دووەم کڵیچدار ئۆغلۆ ،پێشتر ئینجە ئەندامی سەركردایەتیی جەهەپە و بەربژێری جەهەپە بووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی لە 2018.

بەڵام بۆ کورد هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە لایەنە چەپەکانی تورکیاو کوردی لەخۆگرتووە و هەدەپە و پارتی چەپی سەوزو کرێکاران سەرۆکایەتی دەکەن، باشترین بژاردەو میتۆدی سیاسی بۆ ئێستایان بریتییە لە ئارگۆمێنتی هێواش و دیالۆگی نەرم و دوور لە تەحەدیات و دروشمی شۆڕشگێڕیی، چونکە کاندیدی سەرۆکایەتیان نیەو خاوەنی دۆزن و شەڕی سەد کورسی دەکەن و بێ هۆکاریش نەبوونەتە پشتگیریکاری هاوپەیمانی میللەت- چەهەپە.


PM:02:01:10/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی