بەهەشتێکی خۆڵەمێشی

‌ سامانی وەستا بەکر

ڕەنگە بەشێکی زۆر لە خوێنەر، بە خوێننەوەی ناونیشانەکە خەیاڵی بۆ بابەتێکی ئاینی یان کێشەیەکی خێزانی یان وڵاتیكی دیکتاتۆر....هتد بچێ، کەمن یان دەگمەنن ئەوانەی بە خوێنەوەی ئەم ناونیشانە خەیاڵیان بۆ دیموکراتیترین و پێشکەوتووترینی وڵاتانی جیهان بچێ.


ئەم وتارە ڕوو لەو گەنج و خێزان و هاونیشتمانیانەیە کە بە خەون و بەخەیاڵی ژیانێکی شایستەترەوە زێد، خاک، خێزان، هاوڕێ، هاوبیر، هاوزمان،یاد و یادگارییەکانیان بەجێئەهێڵن، ڕوو لە خاکێک کە خاکی خۆی نییە، ڕوو لە کلتورێک کە هینی ئەو نییە، ڕوو لە زمانێک کە هی دایکی نییە، ڕوولەخەڵکێک کە هاووڵاتی ئەو نییە، ڕوو لە ژیانێک کەئازارشکێنی ژانی ئەو نییە، ڕوولەخەونێک کە لەوێ نییە. 

تێبینی//ناوەرۆکیئەم بابەتە ئەوە ناگەیەنێ کە ولاتانی جیهانی سێیەم و دیکتاتۆرو ڕۆژهەڵاتی بەهەشتی سپی و پڕ تام چێژ وشوێنی خوشگوزەرانییە بۆ مرۆڤ بەگشتی یان لایەنی کەم بۆ هاوڵاتیانی خودی وڵاتەکان،نەخێر...ئەگەر لەو وڵاتانەیا ڕێزلە مرۆڤ بوون، لە ئازادی و یەکسانی بگیرایە،لایەنی کەمی دیموکراسی وەک واتا ڕاستەقینەکی خۆی جێبەجێبکرایەئەوا نوسینی بابەتێکی لەم جۆرە بوونی نەئەبوو، یان بەواتایەکیتر خەڵکانێک نەئەبوون لەباشترین سیستمی بەڕیوەبردن و ترۆپکی دیموکراتیا هەست بەنامۆ بوون و جیاکاریبکەن.بەکورتی ناوەرۆکی ئەم بابەتەتەنهاو تەنها هەڵدانەوە و خستەڕووی لایەنی شاراوەو باسنەکراوی ناو بەهەشتەکەی ڕۆژئاوایە، لایەنە جوانەکان دیارن و پێویست بەباسکردن ناکات.

بەهەشتێکپڕ لەڕەنگ و بێ تامو بۆن:

*لەبەهەشتی خۆڵەمێشیا، کۆیڕەنگەکان جوان دەرەکەون و ڕێزیان لێئەگیرێ تەنها ڕەنگی پێستیمرۆڤ نەبێ.
*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، ماف هیە، ئەرک هیە، دەنگ هەیە، ڕەنگ هەیە، بوون هەیە، بەڵامتۆ نیت.
*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، نان هەیە، ئاو هەیە، سامان هەیە، ناسنامە و وڵاتینامەت هەیە، بەڵام پێناسەت نییە.
*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، ئازادی دەربڕین، نوسین،خۆپیشانان، ڕەخنەگرتنهەیە بەڵام بوونت نیە.
*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، پاکی، بێگەردی، ملکەچی یاساکانی، ڕێز لە کتور و نەریتەکان ئەگری و بێ تاوانی کەچی بەگشتی و وەک خەڵکانی بێگانە هەرتاوانباری، یان هەوڵ ئەیرێ زۆرێک لە هەڵە و تاوانەکان بەملی بێگانەکانا هەڵبواسرێ،بۆ نمونە لە ئێستایا لە وڵاتێکی وەک سوید ڕێژەی کوشتن و شەڕی گرووپە مافیاکان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە ، لە مێدیای ئەو وڵاتەیا هەوڵێک هەیە کە کە ئەم تاوانانە بە باڵای خەڵکی بێگانەیا دادورن ئەمە لەکاتێکا کلتوری گروپە دژ بەیەکەکان بەتایبەتی"ماتۆرسکیل"سوارەکان لە سویدا مێژوویەکی کۆنی هەیە.
*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، پێش ئەوەی لەدایکبیلەوێی،کاتێ لەسەر خاکی وڵاتەکەش لەدایک ئەبی وئەبێتخاوەنماڵیبت،کەچی هەر کۆچبەر و بێگانە ناسنامەتە تا ژیانئاوایی.

پێداویستی ژیان و خودی ژیان:

*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا،کۆی پێویستیەکانی ژیانێکی شایستە بوونی هەیە بەڵام خودی ژیان بوونی نیە.ژیان بریتی نییە لە پێداویستییەکانی ڕۆژانە، لە سامان و مۆڵکداری، لە کارەبای٤٢کاتژمێری و ئاوی بەردەوام و خاوێن، لە ئۆتۆمبێلی گرانبەها...هتد بەڵکو ئەمانەهاوکارن بۆ ژیانێکی خۆشتر، وەنیوەکەی تری ژیان کە گرنگترین بەشی ژیانە"پەیوەندییە کۆمەڵایەتتیەکان و هاوڕییەتی، بوونی دۆست و خزماییەتی....هتدە.لە بەهەشتی ڕۆژئاوایا لاوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستێکایە کە مرۆڤەکان بەتایبەتی خەڵکانی بێگانە زۆربەی کات لەبیرکردن و تامەزرۆبوونی پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکانا هەست بەچێژی بەشە تەواوکەرەکەی ژیان ناکەن کە خۆی لە خزمەتگوزاری و ئاسایش وسامان و ئاو کارەبا.....هتد ئەبینێتەوە.

*لەبەهەشتی خۆڵەمێشیا، مناڵەکان هەموو مافێکیان بۆ دابینکراوە، پارکی یاری و باشترین فێرگە و چالاکی جۆراوجۆر بەڵام هەستی خاوەندارێتیان کپ کراوە، واتە مناڵێک کە نەوەی دایک و باوکێکی کۆچبەرن بەردەوام بەنازناوی"بێگانە، سەر ڕەش، خەڵکانی ئەو دیوو سنور، هاتووەکان"....هەستەکانی دەمەزەرد ئەکرێتەوەو سەرەنجام هەستی خاوەندارێتی وخاوەن خاک و ئاڵا و نیشتمان لەدەستەیا.

كاروژیان:

*لە بەهەشتیخۆڵەمێشیا،مرۆڤەکان بەکرێگیراوی کۆمپانیاکانن و بە خولەک و کاتژمێر مامەڵەیان لەگەڵا ئەکرێ، واتە مرۆڤەکان بەرامبەر ئەو کاتەی کە لەکارایە پاداشت وەرەگرێ.ئەگەرچی ئەمە بەیاسا ڕێکخراوەو کەس مافی نافەوتێ ئەگەر کارەکەی کارییاسای"سپی"بێت واتە مانگانە باج بات و بەنهێنی کاری"ڕەش"نەکات.نابێ ئەوەش باس نەکرێ کە لەکاتی نەخۆشی و خود یان مناڵو کەسە نزیکەکانا ئەکرێ بۆماوەیەکی دیاریکراو نەچی بۆ کارو بەشی زۆری مووچەکەش وەرگری، بەلام ئەمانە ناتوانێ ئەوە بشارێتەوە کە کۆمپانیاکان مرۆڤەکان وەک ئامێرەکانئەبینن نەک مرۆڤ، بۆ نمونە لەساڵێکا تەنها٥هەفتە پشووهەیە بەڵامخاوەنکار بەگوێرەی بەرژەوەندی کار و کۆمپانیاکەی خۆی
کاتی پشووی ساڵانە قبوڵ"گیرا"ئەکا.

بوون:

*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، تۆ خۆت بوونت نیە،بەڵکو ئەوەیکە هەتە بوونی هەیە،ئەگەرنا تۆ تەنها ژمارەی.لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سیستەمەکە بەجۆرێک ڕێکخراوەو کارەکا، ئەگەر کۆی تەمەن کۆی ئەرکەکانی سەرشان بەبێ دواکەوتن و کەموکوڕییەک جێبەجێ بکەیت و تەنانەت بۆ یەکجاریش کرێی خانوو یان هەر پسوڵەیەکیتر دوانەخەیت و لەکاتی خۆیا یان زۆر پێش کاتیخۆشی بیگەیەنیتە دەست لایەنی پەیوەندیدار، کەچی هەرنابێتە هۆکارێک یان ڕێگر لەوەی کە ئەگەر بەهەر هۆکارێکبێت نەتوانی کرێیەیک یان پسوڵەیەک نەیەیت یان تەنانەت دوایبخەیت یان بیربچی و چاوپۆشیت لێبکرێ، بەڵکو ڕاستەوخۆ رووبەڕووی لێپرسینەوە و ناو ڕەش بوون ئەبیت"هەڵبەتە دوای ئاگادارکردنەوە"، ئەمەش یەک واتا ئەگەیەنێ کە مرۆڤەکان لەناو جۆرە سیستمێکی وەهایا تەنها ژمارەن و یان ڕوونتر بڵێین ئەوەی کە ئەیکەن و کە هەیانە
بوونی هەیە لەنێو سیستمەکەیا ئەگەرنا تۆ خۆت دیارنیت، هەڵبەتە ئەمە بۆ کۆی خەڵکەکەیە نەک تەنها بێگانەو کۆچبەرەکان.

یاسا و بەها کۆمەڵایەتییەکان:

*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، ئەوەی ڕێزی لێئەگیرێ یاسایە، کە ئەمەش کارێکی باش و پۆزەتیڤە، بەڵام نابێ ببێتە هۆکارێک کە جێی کۆی بەهاکانیی تری کۆمەڵگە بگرێتەوانێ.ئەوەی کە ڕێگرە لە ڕۆژئاوا کە تاوانەکان کەمتربن یان خەڵکی دەستبۆشتێنەبا کە هی خۆی نیە، یان هیچ شتێک نەبات پێس ئەوەی پارەکەی بات ئەگەر شوێنەکە چۆڵیش بێت و درگاکانیش کراوەبن ئەوە ڕێزگرتن نییە لە بەهاکان هێندەی ڕێزگرتنە لە یاسا چونکە یاساکان بەجۆرێک وورد داڕێژراون کە بەرامبەر هەر تاوانێکسزایەک دایریکراوە و ڕزگاربوون لەهەڵە بوونی نیە بەبێ سزا، واتە ئەگەر خەڵکی دڵنیابن کە کۆمپانیایەک کۆی کامێراکان ئەکوژێنێتەوە و کارمەندەکانیش هیچ کاردانەوەیەکیان نابێ و دوورئەبن لە سزا ئەوا ڕێژەی دزی بۆ سەرو نیوە زیائەکا،ئەمەش بەپێی دواین توێژینەوە کەلەسەر بوون و نەبوونی یاسا و کامێرای چاودێری کراوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە ئەگەڕێنرێتەوانێ کە لە پەروەردەی کۆمەڵگەیاهێندەی گرنگی و باسییاسا و سزائەکرێ زۆر لەوە کەمتر گرنگی و باس لە بەهاکانی تر ئەکرێن.سەرەنجام مرۆڤەکان گەشتوونەتە ئەودەرەنجامەی کە یاسا کۆی کایەکانی ژیانی گرتۆتەوە و ئەیانپارێزێ.بەلام پرسیارە گرنگەکەی ئەو توێژینەوەیە ئەوەبوو،ئاخۆ لە نەبوونی یاسا و ڕێساکاناڕێژەی تاوان چەن زیابکات و چەن کاتی پێویستبێ تا کۆمەڵگە لەبری یاسا و لەبەر ڕێزگرتن لەبەهاکان لەتاوان دوور ئەکەونەوانێ؟

ئەمە لە ڕۆژهەڵات بەگشتی وە بەتایبەتیش لە کوردستان جیاوازترە وتا ئێستاش ڕێزی دراوسێ، هاوپۆڵ، هاوشار، هاوڵاتی، هاوڕییەتی... هتد ماون.ڕێز زیاتر لە خۆتو بوونتوەک هاوڵاتی ئەگیرێ بەپێچەوانەیڕۆژئاواوە کە هێندەی ڕێز بۆ یاسا هەیە و ڕێز لە یاسا ئەگیرێ، کەمترڕێز لە خود ئەگیرێ!ئەگەر بازاڕی دراو یان دەستگێڕ و ئەو خەڵکانە بەنمونە وەرگرین کە لەسەر شۆستەکان پارەیەکی زۆریان لەسەر مێزەکانیان داناوەکەمترین ڕووداوی دزی یان پەلاماردان و دەستبەسەراگرتن ڕوویاوەلەکاتێکا سالانی پێشوو نەکامێرای چاودێری هەبوو نە یاسا و ڕێساکانیش بەهەند وەرەگیران.

کارەکتەر و کەسایەتی:

*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، دروستکردنی کارەکتەر و کەسایەتی زۆر ئاسان نییە، لەوەش قورستر ئەوەیە کە بتوانی کاریگەریلەسەر گۆڕانکارییەکان دابنێی ئەگەر کارەکتەری سیاسی باڵا یان مێدیاکارێکی زۆر ناسراو نەبی، واتە کەسەکان کەمتر دەرەکەون و کەمتریش ئەبنە سیمبول یان کاریزما، ئەمە وێڕای ئەوەی کە هیچ کاریزما و خەلکێکی ناسراوناتوانێتبەشداری گۆڕانکارییەکان بکات و بۆچوونەکانی بەهەند وەرناگیرێ ئەگەر لەدەرەوەی بازنەی بەڕیوەبردن و بڕیاردانابێ،کە بەندە وەک خۆم ئەمە بەکارێ گونجاو و ڕێگە ڕاستەکە ئەبینم بەراورد بەوەی لەمەڕ خۆمان هەیە کەئەگەر کارەکتەرێکی چالاک بیت ئەتوانی بەشداری گۆڕانکارییەکانبی.

سامان و باری دەروونی:

*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، پارەیەکی زۆر هەیە بەڵام زۆرترین خۆکوشتنیش هەیە بەراورد بە ڕۆژهەڵات، کە ئەمەش ئەوە ئەگەیەنێ بوونی سامانی زۆر خۆشگوزەرانی ناهێنێ، بەڵکو خۆشگوزەرانی سەرچاوەکانی زۆرن و ئەکرێ سامانتەواوکەری یەکێک لە سەرچاوەکانی پێکهێنەری خۆشگوزەرانی بێت.

*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، خزمەتگوزارییەکان بەردەست و ئامادەن، شەقام، ئاو، کارەبا، فێرگەی خۆڕایی، چارەسەر و نەخۆشخانەی بێ بەرامبەر، بیمەی کۆمەڵایەتی، خانەی مناڵ و نەوجەوانی بێ دایکو باوک یان دوورخراوە، خانەی خەڵوەتگەی پیری، مووچەی مانگانە و کرێی خانوو بۆ خەڵکانی بێکار یان پەکەوتەو و کەمئەندام، بەڵام زۆرترین ڕێژەی خەمۆکی"کەئابە"ش هەر لێرەیە، بەواتای ئەوەی کە بوونی خزمەتگوزاری بەبێ تێکەڵەی کۆمەڵایەتی وپەیوەندی تاکەکان ناتوانێ خۆشگوزەرانی و کەیف و ئاسودەی بەخشبێ.

دووڕووی لە جێبەجێگرتنی یاسا:

*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، سووتانی هەموو ئاڵایەک ئەچێتە چوارچێوەی ئازادی ڕادەبڕینەوە جگە لەئاڵای پەلکەزێڕینەی هاوڕەگەزخوازەکان نەبێت، ئەمە لە کاتێکا تەنانەت سوتاندنی قورئان و ئنجیلو تەوراتیش ڕێپێیراوەکە ئەمەش دوو ڕوویەکی ئاشکرایە لەکاتێکا سووتانی کۆی ئاڵاکان و پەرتووکە ئایینییەکان ڕێگەپێیراوبێت بەلام سوتان و دڕاندنی ئاڵایهاوڕەگەزبا و هاوڕەگەزخوازەکان بچێتە چوارچیوەی سوکایەتی و پێشێلکردنی ئازادی کەسێتییەوە.

*لە بەهەشتی خۆڵەمێشیا، پەناخوازان و هەڵهاتوانی دەستی جەنگ و دیکتاتۆر بەتایبەتی خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئاسیا، ئەفریقا ئەمریکای لاتین ئەخرێنە ژێر پەستان و پەڵپی فێربوونی زمان، کارکردن، گەڕان بەدوای خانوو و دۆزینەوەی شوێنی نیشتەجێ بوون، پرسیارکردن لە ڕابردوو و خۆناساندن و خۆساغکردنەوە، چاودێری ڕەفتار و بەشداری کردن لە شێوازی پەروەردەی مناڵ....هتد، کەچی ئەمە خوا پێیاوەکانی ئۆکرانیا ناگرێتەوە، بۆ میوانە خاوەنماڵەکانی ئۆکرانیا هۆکارەکانی گەیاندن، نەخۆشخانە، خانووبەرە، گەشتکردن، ئامێرەکانی پەیوەندی و ئامێرەکانی....هتد هەمووی بە خۆڕاییە ئەمە وێرای ئەوەی مناڵ و گەنجی ئۆکرانیا بەبێ سێ و دوو ئەخرێنە باشترین فێرگە.ئەوەی پێویستە بۆ ژیانکردن بۆ هاتووەیەکی ئۆکرانی بەردەستە و بگرە ئەو پۆشاک و جانتا و پێڵاوەی ئەوان بەکاریئەهێنن تەنانەت بۆ خەڵکانی وڵاتانی خانەخوێش دابینکردنی ئاسان نییە ئەمەش دیاسانەوە دووڕووی جیاکاری و پلەبەندی مرۆڤایەتی لای ولاتانی ڕۆژئاوا ئەسەلمێنێ کە چۆن جیاوازی لە نێوان هەڵهاتوویەکی دەستی جەنگی وڵاتانی نائەوروپی و ئەوروپیا ئەکەن ئەمە وێڕای ئەوەی خەڵکانی نا ئەوروپی ئەگەر کۆی ڕۆژ و ساڵەکانی تەمەنی لەو وڵاتە بەسەر بەرێ هەر نازناوی بێگانەی لێنابڕی و هەمیشە هەرپێی ئەوترێ خەڵکی بێگانە.

ئەم هەیرە ئاو زیاتر ئەکێشی بەڵام ئەکرێ ئەوەی لەسەرەوە باسکراوە بەسبێت یان لایەنی کەم بەشی ئەوە بەرچاو ڕوونی بۆ کەسێک تیابێ کە خەو بە بەهەشتتێکی خەیاڵییەوە ئەبینێ و زێد و خۆشەویستانی خۆی بۆجێئەهێڵێ. هەڵبەتە بابەتەکە ڕێژەییە واتە مەرج نییە هەموو ئەو خاڵانەی باسکراون لە کۆی وڵاتانی ڕۆژئاواو کەسایەتییەکانوەک یەکبێت، بەواتای ئەوەی ئەکرێلە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر جیاوازتر ولە شوێنێک زۆر و لە لایەکیتریش کەمتر. بەکورتی گۆڕینەوەی ئازار بە ئازارێکیتر چارەسەر نییە، لەسەر خاک و زێدی خۆت خزمەتگوزاری و هەموو مافێکت نییە، لەسەر خاکی بێگانەش هەستی نامۆی و غوربەت و تەنیای تەنگت پێهەڵەچنێ،ڕوو لە ژیانێک کە ئازارشکێنی کۆی ژانەکان نییە، ڕوو لە خەونێک کە لەوێش پڕ نییە.


AM:09:56:12/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی