دوای لاھور نۆرەی کێیە؟

‌رێبوار كەریم وەلی

بافڵ تاڵەبانی پوخت و موختەسەر گوتی: ئیتر یەکێتی حزبی بنەماڵەکەی دایک و باوکیەتی و، ئەو و براکەشی تەمسیلی ئەوان دەکەن. شەریک بۆ ھەژموونی خۆیان قەبوڵ ناکەن و جارێکی دیکە یەکێتی ناگەڕێتەوە پێش ھەشتی تەمموز.
*
لە روانگەی کوڕانی تاڵەبانی، لاھور شێخ جەنگی حزبەکەیانی کردبووە حزبی بنەماڵەی تاڵەبانی و دوو نەوەکەی برایم ئەحمەدیش دەبوایە تەماشاچی بن، ئەوان بەوەیان دەگووت کودەتا. بۆیە لە ھەشتی تەمموز پێش ئەوەی بازنەی گەمارۆی سەریان تەسکتر بێتەوە، دژە کودەتایان کرد.
*
کوڕانی تاڵەبانی دەمێک بوو کە ھەستیان دەکرد خەریکە حزبەکەیان لەسەر سینیی زێر تەسلیمی ئامۆزاکەیان دەکەن. تەسلیمکردنێک کە ھەموو رۆژێ پارتی بەسەرکۆنکردنەوە بە چاویانی دادەدایەوە. بۆیە دەبوایە شتێک بکەن، ژەھرخواردکردن بەھانە بووبێ یان راستی، جەوھەری مەسەلەکە شتێکی دیکە بوو. چەندین مانگ بوو، بافڵ و قوباد تاڵەبانی کاریان لە سەر راکێشانی مۆرە کاریگەرەکانی ناو یەکێتی بۆ لای خۆیان دەکرد.
*
بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر خۆیان، دوای لاھور شێخ جەنگی، تەرکیزی کوڕانی تاڵەبانی لەسەر بەرھەم ساڵح بوو. دۆستایەتی و نزیکیی بەرھەم ساڵح لە لاھور شێخ جەنگی وایکرد لەسەرەتادا بەشێکی سەرکردە کەرکوکییەکان پاڵ بدەنە لای بافڵ تاڵەبانی و دواتریش بە بەڵێنی ئەوەی کە دەیکەنەوە بە سەرۆککۆمار، ئەویشیان لە لاھور دورخستەوە و لە ھەشتی تەمموزیشدا، بەیعەتی خۆی بۆ بافڵ تاڵەبانی دەربڕی!
*
سەرکردەکانی دیکەی یەکێتیش کە زۆربەی کات ھەردوو تەڕەفی شەڕەکەیان تاقیکردونەتەوە، بێدەنگییان ھەڵبژارد و ئەوەش رێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی بتوانن دەست بەسەر ھەموو دامەزراوەکانی ناو یەکێتیدا بگرن.
*
ئەوەی دەبیندرێ ئەوەیە کە بە ھەر فرتوفێڵێک بێت، یەکێتی لەو ھەڵبژاردنانە دەنگ دێنێ و کوڕانی تاڵەبانی تەپڵی سەرکەوتن لێدەدەن. رایدەگەنن کە بێ لاھوریش دەتوانن حزبەکە بە باشی بڕێوە ببەن. ھەر بۆیەش تەوقیتی کودتاکەیان بۆ پێش ھەڵبژاردنەکان دانابوو، دوای ھەڵبژاردنەکان ئەوەیان پێ نەدەکرا. ھەموو بەرنامە و بەزمەکەیان بە لاھور کرد و خۆیان چونە سەر حازری.
*
ئەگەرچی کوڕانی تاڵەبانی بەڵێنیان بە بەرھەم ساڵح داوە ببێتەوە بە سەرۆککۆماری عێراق، بەڵام بە دڵنییایەوە قەت بەرژەووندییەکانی خۆیان لەگەڵ پارتیدا، وەک چۆن بە ئامۆزاکەیان نەگۆڕییەوە، بە بەرھەم ساڵحیشی ناگۆڕنەوە. بۆیە بەڕەکەیان بە جارێک لە ژێر پێی ھەردووکیان راکێشاوە.
*
سیناریۆی زۆر چاوەڕوانکراو ئەوەیە کە دوای ھەڵبژاردنەکان، پارتی داوای پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بکات لە بەغدا. بە تایبەتیش کە لە مانگی چواری ئەمساڵ نێچیرڤان بارزانی ئەوەی رەت نەکردەوە کە ئەگەر داوای لێ بکرێت ئەو پۆستە قەبوڵ نەکات و تەنانەت بە"شەرەفێکی گەورە"ش وەسفی کرد. لەم حاڵەتەدا، نە بەرھەم ساڵح شانسی دەمێنێ و نە یەکێتیش ئەو شەڕەی ٢٠١٨ لەگەڵ پارتیدا دەکات. بۆیە ئەم گۆڕانکارییە کە یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی ھەشتی تەمموز، دیزاینێکی سیاسیی نوێش لە کوردستاندا، بە دوای خۆیدا دێنێ و دوور نییە یەکێک لە کوڕانی تاڵەبانیش ببێتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.




PM:07:00:05/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 3376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی