موژده‌كانی كاك قوباد و ئه‌ردۆغان

‌رێبوار كەریم وەلی

كه‌ شای ئێران هه‌ڵات گووتیان:" به‌غدا نیوه‌ی رێگه‌ت بێت." به‌غدا زۆر دوور بوو.
*

توركیش ده‌ڵێن:" حیسابێك هه‌ڵه‌ی تێدا بێت، له‌ به‌غداش بێت هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌...له‌وێش به‌غدا زۆر دووره‌.
*

ئه‌گه‌رچی ئێستا به‌غدا بووه‌ته‌ رێگه‌ی سه‌رئاو،  به‌ڵام هێشتا هه‌ر شوێنی ته‌سفییه‌ی حیساباته‌. كوردیش حیسابی پاك نییه‌. بۆیه‌ كه‌ ده‌گاته‌ موحاسه‌به‌، وه‌ك منداڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی گه‌ڕه‌ك تۆپی فوتبۆڵه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرێ و بۆی ده‌رده‌چێ و یارییه‌كه‌ تێك ده‌دات.
*

ئه‌هالیی مووچه‌خۆر، به‌ ئینفیساڵییه‌كانیشه‌وه‌، هه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن كه‌ی شاندی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا و كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ ده‌ستبه‌تاڵی.

لێدوانه‌كانی قوباد تاڵه‌بانی به‌ درێژایی ئه‌و هاموشۆیه‌ی به‌غدا (كه‌ هه‌ر بۆخۆی بۆته‌ كۆرسێكی مه‌یدانیی زمانی عاره‌بی و ئیتر پێویستیی به‌ مامۆستای تایبه‌تی نه‌ماوه‌)، وه‌ك لێدوانه‌كانی ئه‌ردۆغانن؛ ئه‌وه‌ دوو ساڵه‌ رۆژ نییه‌ ئه‌ردۆغان باسی موژده‌یه‌ك نه‌كات كه‌ به‌و نزیكانه‌ رایده‌گه‌یه‌نێ، جا هه‌رجاره‌ی له‌باره‌ی شتێكه‌، یان ئاڵای توركیا ده‌به‌نه‌ سه‌ر مانگ، یان موردا و جه‌میلیش ده‌چنه‌ لای ئاپۆ، یان توركیا گازی سروشتی به‌ ئازه‌ربایجان ده‌فرۆشێ و یانیش توركیا له‌مه‌ودوا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئۆپێك و بڕیار له‌سه‌ر نرخی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی خۆی ده‌دات! په‌كوو...ته‌نانه‌ت باسكردنیش قورسه‌! به‌ڵام ئه‌هالیی تورك حه‌زیان له‌ فانتازیای سیاسییه‌.

دوایی ته‌ماشا ده‌كه‌ی هیچ موژده‌یه‌كی دیكه‌ی پێ نه‌ماوه‌، خه‌ریكی بڕینه‌وه‌ی ئه‌و دارانه‌یه‌ كه‌ كاك قوباد چاندبوونی!
*
كاك قوبادیش ئه‌ڵبه‌ته‌ بۆ ئه‌هالی ته‌نها باسی دوو شت ده‌كات، یان رێك- كه‌وتوون یانیش خه‌ریكه‌ رێك – ده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تدا هه‌ر (ده‌كه‌ون)، به‌ڵام چونكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی ئێمه‌ قه‌مبوره‌، مه‌علوم نییه‌ ئه‌مجاره‌ به‌كام لادا ده‌كه‌وێ؟

كاك قوبادیش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ ئه‌هالی حه‌زیان له‌ فانتازیای سیاسیه‌ و، ئه‌ویش قسوری ناكات. موژده‌یان ده‌داتێ، دیسان موژده‌یان ده‌داتێ، دوای هه‌موو ئه‌و موژدانه‌ ئه‌هالی چاوه‌ڕێن، كه‌چی حكومه‌ت موچه‌یان ناداتێ! 

ئه‌ویش له‌ شوێنی خۆیه‌وه‌ مانگ نییه‌ دوو یان سێ موژده‌ به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌ش نه‌كات. وایلێهاتووه‌ خه‌ڵك نازانن چی لێبكه‌ن؟
*

پوخته‌ی كه‌لام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌و فلیمه‌ هه‌تا سه‌ر هه‌ر ئاوا به‌رده‌وام نابێ له‌ شوێنێك هه‌ر ده‌پچڕێت. ئه‌دی عیلاج چییه‌؟

به‌سه‌ری ئێوه‌ منیش نازانم.


PM:02:34:03/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی