قۆناغی دوای کشانەوەی سەدر لە پەرلەمان

‌یاسین ته‌ها

سەرئەنجام سەدر هەڕەشەکەی بردەسەر و تاڕادەیەک بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە پەرلەمان کشایەوە، ئەمەش لە یەکێک واتاکانیدا وەستانە لە دەرەوەی بارگرانییەکانی هەڵگرتنی بەرپرسیاریی قەیرانی سیاسی و حکومی کە پاش هەشت مانگ لە ململانێی سەخت گەیشتووەتە بنبەست.

بەشێک لە هۆکارەكانی کشانەوەکەی سەدر کەسێتییە و بەشێکی تریشی دەرهاوێشتەی دیدگای خۆیەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی رکابەرە شیعەکانی، بەڵام ئەمە لاسەنگییەکی گەورەی لە پرۆسەی سیاسیدا دروستکردووە و لە پاش ئێوارەی 12ـی حوزەیرانی 2022وە ئەوەندەی چارەنووسی عێراق بووەتە جێگەی پرسیار ئەوەندە باسەكە لەسەر سەدر و لیستەکەی نییە.

لە پاش بڕیارەکەی سەدر، گەورەترین لیستی براوەی پەرلەمان 73 کورسی کە نوێنەرایەتی 885 هەزار دەنگی عەقیدەیی شیعە دەکەن، بڕیارە لە جێگەی ئەوانیشدا ئەو لیستانەی کە پێیان دەگوترا "دۆڕاو" دەست بەکارببن، ئەمەش ناهاوسەنگییەک لە شەرعیەتی پەرلەماندا دروستدەکات، بەتایبەت لەسەر ئاستە شیعییەکەی و "شیعەی سیاسی" کە رەنگە زۆرینە لەناو پەرلەماندا لە دەست بدەن و ئەمەش لە پاش 2005 رووینەداوە و بێ پێشینەیە.

لە کشانەوەکەیدا، سەدر هەردوو هاوپەیمانەکەی کە پارتی و سیادەی سوننەن، لە هەنگاوەکانیان بۆ قۆناخی داهاتوو ئازاد کرد، بەڵام ئەو دوولایەنە ئێستا بەگوێرەی "یاری ژمارەکان"ـی پەرلەمان دەوروبەری 98 کورسی ماونەتەوە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی کە خۆیان دەوروبەری 120 کورسین و بە عەزمی سوننە و یەکێتی و هاوپەیمانەکانی دیکەیانەوە دەگەنە 178 پەرلەمانتار. زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری سەربەخۆ یان ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرانی پێکهاتەکانیش هەن، کە ئەمەش بە مانای لاسەنگ بوونی تای تەرازووەکەیە نەک تەنیا لەڕووی چەندایەتی بەڵكو لەڕووی چۆنییەتیشەوە. چونکە هاوپەیمانی سێقۆڵی خۆی بە نوێنەری "میانڕەوی عێراقی" و "کرانەوە بەڕووی دەوروبەر" دەزانی بەرامبەر بەرەی "گرووپە چەکدارەکان" کە "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" نوێنەرایەتییان دەکات و هەموو رێگەکانیشیان دەچێتەوە سەر تاران.

لە ئێستاوە پرسیارێکی سەرەکی دێت و دەچێت کە ئەگەر "گرووپەکان" ببنە خاوەن خوانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و ئەگەر لە ئامادەنەبوونی سەدر و لە سەردەمی بێدەنگی مەرجەعیەتی سیستانیدا و مالیکی ببێتەوە بە دەمڕاستی سیاسی ئەو حکومەتە یان دروستکەری، ئایا پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوورییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و کەنداو و ئەوروپا و ئەمریکا چی بە سەر دێت؟

سەدر پاساوی کەسێتی و عاتفی و ئەخلاقی و رەنگە سیاسیشی هەبووبێت بۆ کشانەوە، هەنگاوەشی هێندەی بە ئامانجی گەڕانەوەیەكی بەهێزترە لە جاران، ئەوەندە رازیبوون نییە بە شکست و ملدان بۆ لەمپەرەکانی "چوارچێوەی شیعی". سوننەکان و پارتی کە هاوپەیمانی سەدرن، دەڵێن "رێز لە بڕیارەکەی سەدر دەگرن" کە هێمایە بۆ ئەوەی وەک ئەو ناکشێنەوە، بەڵام هەردوولایان لەبەردەم هاوکێشەیەکی نوێدا دەبن، حەلبوسی پێگەکەی لەق بووە، چونکە سەرۆکی پەرلەمان بەدەست زۆرینەی نوێی پەرلەمانە! سەبارەت بە پارتیش هەشت مانگ تۆمەتبارکردن بە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و هێرشی درۆن و مووشەکباران، لێناگەڕێت كە بە ئاسانی لەگەڵ بەرەی "گرووپەکان" پەیوەست ببێت، جگە لەوەش بڕیاری دادگای فیدراڵیی لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەسەردا هاتووە کە ئاسۆی گەیشتن بە رێککەوتن لێڵتر دەکات، ئەم پێدراوانەش ئاماژەن لەوەی پڕکردنەوەی بۆشایی سەدر و دروستکردنی رەوش و بارودۆخی نوێ لانیکەم کات و دانوستانی زۆرتری پێویستە لەوەی کە حەلبوسی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی عەمماندا كە ویستی ئاسان وێنای بکات.

لە مەودای ناوەڕاستیشدا ئامڕازەکانی گەڕانەوەی سەدر روونن کە سەروکاری کردنی ئۆپۆزیسیۆنی جەماوەری و گەڕانەوەیە بۆ گۆڕەپان و خۆپێشاندان، بەتایبەت کە بەرەو مانگی تەممووز دەچین لەگەڵ ئەمەشدا بە ئەگەری زۆر سەدر باڵی رادەخات بۆ هەر بزووتنەوەیەکی دیکەی ناڕازی و هەندێک لە پاشماوە پەرتەوازە بێ کەسەکانی تشرین کە ئێستا ئەوانەی بەناوی نوێنەرایەتی ئەوانەوە سەرکەوتوون لە پەرلەمان لە شەڕێکی سەختی کورسی و یەکتر تۆمەتبارکردندان، بەم پێیەش دوور نییە هاوینێکی گەرم و گرژی زۆر لە بەر دەرگای عێراقدا بێت کە بارگرانییە زۆرەکەی لەسەرشانی شیعەیە کە لەسەر هەمان تاس و حەمامی پێشوو "حکومەتی سازان" دروست دەکەن.    

زۆر لەو چارەسەرە بەردەستانەشی لە ئاسۆدان بۆ چارەسەری کشانەوەی سەدر، دەچنەوە سەر دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، بەڵام ئەوەش بژاردەیەکی هەروا ئاسان نییە، لەبەر ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان ئەنجامی ئێستا یاخود بەرفراوانتربوونی رووبەری بایکۆت. ئەمەش دەرگە بۆ چارەسەرەکانی دەرەوەی سندووق دەکاتەوە کە گرژی چەکداری و خۆپێشاندانی جەماوەری و دووبارەکردنەوەی دۆخێکی هاوشێوەی تشرینە کە شەرعیەتی کۆماری پاش 2003 بخاتە ژێر هەڕەشە و مەترسی و ئەوکات ئەگەرەکانی گۆڕین و چارەسەری کتوپڕ و بەپەلە زیاتر دەبن.


PM:10:42:14/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی