حەیتە

‌هونەر تۆفیق


گورگەکان قایل نابن لەگەڵ سەگدا پێکەوە نانبخۆن – مستەفا کەمال ئەتاتورک تا ئەمساڵانەی دوایش ، بە پۆلیسێکی خراپ دەگووترا حەیتە. حەیتە( هەیتا- بە عوسمانی ) بەو میلیشیا بکوژ و تاڵانکارانە دەگوترا کە سوڵتان لە کورد و شەرکەسەکان دروستی کردبوون بۆ سەرکوتکردنی هەر نەیارێک  سوڵتان بەدڵی نەبوایە . . 

پەیوەندی هەزار ساڵەی کورد و تورک ، هەر لەسەرەتاوە لەسەر رقلێبوونەوەی تورک لە کورد و خۆشەویستی کورد بۆ تورک دامەزراوە ، پەیوەندیەکی جیوگرافی ئاڵۆزە کە بەبێ دەرگاوانی کورد نە خێڵە ئاسیاییەکان لە ئانادۆڵدا جێگەیان دەبوویەوە ، نە عوسمانیەکانیش دەبوونە ئیمپراتۆر . 

کاتێک ئەو خێڵانە بەرەو سنووری بەیزەنتە ( خۆرئاوا) پەڕینەوە ، کوردەکان ڕێنیشاندەر و دەرگاوانیان بوون . عوسمانیەکانیش بەبێ کردنەوەی دەرگای خۆبەخشی کوردەکان بەرەو خۆرهەڵات ( دەوڵەتی سەفەوی) مەحاڵ بوو بتوانن سنووری شاهەنشای ئێران ببەزێنن .
لە جەنگی جیهانی یەکەمدا هەموو گەلانی سەڵتەنەتی عوسمانی ( عەرەب ،بولغار ، سیربی ، بۆسنی ، ئەرمەنی ، یۆنانی ) دایانە پاڵ هاوپەیمانی ئینگلیز و ڕوس و فەرەنسی لەدژی عوسمانیەکان . بەتەنیا کورد نەبێت بەسەر و ماڵەوە تا کۆتایی جەنگی ڕزگاری لەگەڵ تورکەکاندا مانەوە . 

جەنگی ڕزگاری کە پێکهێنەری سوپا و دروستکەری جیوگرافیابوو بۆ دۆزینەوەی دەوڵەتێکی پەسەندکراو لەلایەن براوەکانەوە ( فەرەنسی و ئینگلیزەکان) تاوەکو تورکەکانی تێدا جێبکەنەوە ، کوردەکان بەسەر و ماڵەوە بەشداریان تێداکرد . لەکاتێکدا گەلانی تری سەڵتەنەت لە ڕاپەڕین و خۆجیاکردنەوەدابوون لە عوسمانیەکان . کوردەکان ڕاپەڕنینان دواخست بۆ پاش جەنگەکە . 
لۆزان ١٩٢٣ دەستنیشانکردنی ئەو جیوگرافیایەبوو کە سوپا کوردی و تورکیەکەی جەنگی ڕزگاری لەپێناویدا تێکۆشان تاوەکو کۆماری تورکیای لێ دروستبوو . 

سوپاکەی جەنگی ڕزگاری کە کۆمارەکەی لێکەوتەوە ، جیوگرافیایەکی بۆخۆی مسەوگەرکرد کە زۆرینەی کوردەکانیش کەوتنە ناویەوە . کۆتاییان بەو دەوڵەتە هێنا کە جیوگرافیاکەی لەسەر ئایین دیاریکرابوو . بەکۆتایی دەوڵەتی ئایین ( خەلافەت) کۆتایی بە جیوگرافیاکەشیان هات . ئەوجار سوپای ڕزگاری لەبری ئایین سنووری دەوڵەتەکەی بە نەتەوە ( تورک – تۆرانی) پڕکردەوە . بۆ چارەسەری عوقدەی کوردی وەک حەیتەیەکی نەفرەتی ، بە تورکاندن ( تورکی شاخاوی)  دەستپێکرد . 
هەموو هێزێک کە زێدەبایی ( فائچ) ی هەبوو ، دەبێت لە شوێنێکەوە بەتاڵی بکاتەوە ، دەنا بەناو خۆیدا دەتەقێتەوە . لەماوەی ئەو سەد ساڵەدا کۆماری سوپای ڕزگاریەکەی ئەتاتورک کە لەسەر زێدەبایی هێز دروستبووە ، بەردەوام  هێزە فائیچەکەی سوپاکەی لە کوردا خاڵی دەکاتەوە . ناکۆکی تورک و تورکی شاخاوی ( کورد ) گەورە و گەورەتر دەبێت . ئەو دوو جۆرە تورکەی کۆماری تورکیا لەناو خۆیدا ڕیزبەندی کردوون ، نەئەوەیە بهێڵێت تورکەکان ڕقلێبوونەوەیان لە تورکە شاخاویەکان کەمبکاتەوە ، نە تورکە شاخاویەکانیش ( کورد) وەک بەشێک لەو کۆمارە پەسەند بکات . لەو سەد ساڵەدا کێشەی بۆچوونی دەوڵەت بۆ هەردوو جۆرە تورکەکەی خۆی تەسنیفی کردوون بە ئاڵۆزی ماوەتەوە . 

کوردەکان ( تورکی شاخاوی) هەموو جۆرە ئایدۆلۆجیایەکی سیاسی ناو کۆمارەکەیان لە ئیسلامی و کۆمۆنیست و قەومی و لیبریاڵەکان تاقیکردۆتەوە بۆ ئەوەی بۆچوونی دەوڵەت گۆڕانکاری بەسەردابێت ، بەڵام بێ سوودبوو چونکە ئەتاتورکانە ڕاهێنراون بەوەی تورکی ڕەسەن گورگە و گەلانی تر لە توخمی سەگن ناکرێت پێکەوە لەسەر سفرەی یەک نیشتمان نان بخۆن  . 

 پێشنیاری تیئۆرەکەی ئۆجەلان ( گەلانی دیموکراتیک) بۆ چارەسەری گرفتی ئەو دوو جۆر تورکەی دەوڵەت تەسنیفی کردوون بەسەر ( باش و ناباشدا) بەسەر تورکی شاری و تورکی شاخاویدا ، بەسەر ئینسانی ناو سوپای نیزامی و حەیتەییدا ، وەک تیرۆر لەلایەن دەوڵەتەوە وەرگیراوە ، ئەوەشیان پێ قبوڵ نەکراوە . چونکە لە بنەڕەتدا کێشەی کۆمارەکە کێشەی عەقڵی سوپای جەنگی ڕزگاری یە   کەخۆی بۆتە هەم جیوگرافیا بۆ کۆمارەکە و هەم بۆتە نەتەوەش بۆ تورکیا . واتە هەر لەسەرەتاوە پێکهاتەی دەوڵەتەکە خەلەل لەناو چۆنیەتی دروستبوونیدایە ، کە لە ئاسەواری جەنگ و سوپاوە دروستبووە ، بەبێ بوونی سوپا و جەنگەکانی ، پێیان وایە دەوڵەتەکە لەبەین دەچێت . 


PM:03:46:16/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی