تورکیا، کەوتنی دێگەڵە

‌هونەر تۆفیق

دێگەڵە بەتەنیا جیاکردنەوەی زۆنی سەوز و زەردی نێوان پارتی و یەکێتی نیە . بەڵکە سنوورێکە ، مێژووی سەدان ساڵە ی ناکۆکیە ئیقلیمیەکانە .
بەر لەیەکێتی و پارتی ، دێگەڵە لەسەدەی ١٥ دا سنووری ولایەتی شارەزوور و بەغدابووە . لەسەدەی هەژدەدا سنووری ولایەتی موسڵ و بەغدایە . لە هەموارکردنەوەی یەکە ئیداریەکانی سەدەی ١٩ ، سنووری سنجقی سلێمانی ( ئیمارەتی بابان) ە . لەناو ١٩ ئیتفاقیەی نێوان ئێران و عوسمانیدا لە ١٥٥٥ تا ١٩١٨ سەبارەت بە سنووری ئەو دوو دەوڵەتە و ناکۆکیان لە قەفقازەوە تا مەندەلی ، ١١ ئیتفاقیان بەڕوونی باسی سنووری دێگەڵە دەکات و ئێران بە زۆنی خۆی زانیووە .

لەیەکێک لە ئیتفاقیەکاندا ١٦١٣ ، عوسمانیەکان داوا لە ئێران دەکەن ، ڕێگەیان بدەن والی ئیمارەتی شارەزوور و گەورەی بنەماڵەی ئەردەڵان ( هەڵۆخان ) لە دەستەڵات بخەن . بەزمانی ئەمڕۆ داوای هاتنەناوەی دێگەڵە لە ئێران دەکەن .

لە١٦٣٩ ئیتفاقیەی سەرپێڵی زەهاودا ، کە تا ئەمڕۆش بەهەمان تێڕوانینەوە سنووری دێگەڵە بەشێکی هەستیارە لە ئەمنی قەومی ئەو وڵاتە ، لەگەڵ عوسمانیەکاندا ڕێکدەکەون هەموو بەرزاییەکانی سنووری دێگەڵە ناوچەی نفوزی ئێرانی بێت و دەشتاییەکانی بکەوێتە ژێر دەستەڵاتی عوسمانیەکان . بەڵام ئەم رێکەوتنەش عوسمانیەکانی نەهێنایە ناو دەشتەییەکانەوە ( گەرمیان) چونکە هۆزی جاف لەبەرزاییەکانی زاگرۆسەوە تا دەشتاییەکانی گەرمیان بە ناوچەی خۆیان دەزانی . نەدەکرا بەشێکیان لە ناو دەوڵەتی عوسمانیدابن و بەشەکەی تریان سەر بەدەوڵەتی ئێرانی بن . جگە لەوەش بۆ ئێران دەشتاییەکانی گەرمیان دەرگای چوونە ناو ولایەتی بەغدا و سەرڕێگای حەلەب -شام بوو . هەروا بەئاسانی تەسلیمی عوسمانیەکان نەدەکرد .

ئەوەی ئێستا دەبینرێت ئایا لە لاوازی ئێرانەوەیە یان نهێنیەکی دیکەیە ، تورکیا گەیشتووە بە دەشتایی و بەرزاییەکانی دێگەڵە ، لەماوەی مانگێکدا لەسنووری دێگەڵە پێنج ئۆپراسیۆنی لەدەشتایی ( کەلار و چەمچەماڵ) و بەرزایی ( پێنجوین و شارباژێر و سلێمانی) ئەنجامداوە . لەماوەی ٥٠٠ ساڵی ڕابردوودا تورکیا بەو جۆرە نەیتوانیووە ناوچەی نفوزی ئێرانی ببەزێنێت کە سەرەتایەکە بۆ بەتەواوی ڕوخانی هێڵی دێگەڵە . ئەگەر تورکیا بتوانێت بەتەواوی هێڵی دێگەڵە لەبەین بەرێت ، لە جیوگرافیای سیاسی دا دەکاتە لەبەین بردنی قەندیل و سنجار و ڕۆژئاڤا و تەواوی هەرێمی کوردستانیش .


PM:08:57:17/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 1424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی