لەدیدی فیودالیزم و تەنویرەوە
هونەر تۆفیق
بەشی یەکەم :
زۆرینەمان پێمان وایە دەربەگایەتی ( فیودالیزم) بەسەرچووە و کۆتایی پێهاتووە . بەڵام ئەم بۆچوونە هەڵەیە ، هەرنەبێت بۆ کۆمەڵگەی کوردی . ڕاستە لە کۆمەڵگەکانی خۆرئاوادا بزوتنەوەی ڕێنیساس و دواتر شۆرشی فەرەنسی لەسەدەی هەژدەهەمەوە کۆتاییان بە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی فیودالیزم هێناوە ، بەڵام لە خۆرهەڵات و بەتایبەتی لە کوردستاندا هێشتاکە سیستەمی دەرەبەگایەتی و بیرکردنەوەی دەرەبەگایەتی و سیاسەتی دەرەبەگایەتی باڵادەست و زاڵە بەسەر کۆی ژیانی کۆمەڵگەدا . بەشێکی سەرەکی ناکۆکی و بەریەککەوتنە سیاسی و فەرهەنگیەکانی ناو کۆمەڵگە ، لەناکۆکی نێوان بیرکردنەوەی دەرەبەگایەتی و بیرکردنەوەی تەنویریەوە سەرچاوەی گرتووە ، لە شێوەی جیاوازدا ئەو بەریەککەوتنانەی کۆمەڵگە دەبینرێن .
(( سەرەتای دروستبوونی فیودالیزمی کوردی ))
بەگشتی لەجیهانی ئیسلامدا ، سەرەتایی دەرەبەگایەتی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسیەکان . کاتێک دەوڵەت جگە لەئابووری باج ( زەکات ) ئابووری کشتوکاڵی خستەژێر ڕکێفی خۆیەوە ، زەویە کشتوکاڵیەکانی دابەشکرد بەسەر کەسە نزیکەکانی خەلیفەدا . بەڵام هێشتاکە سیستەمی سیاسی دەوڵەت بەهەمان ڕێچکەی دەوڵەتی مەدینە ( دەوڵەتی محەمەد پێغەمبەر و خەلیفە ڕاشیدەکان لە مەدینە ) حوکمی دەکرد . تاوەکو هاتنی سەلجوقیەکان و باڵادەستبوونیان لەناو دەوڵەتی عەباسیدا . ئەو هۆزە ئاسیایانە کە خەلیفە پلەی سیاسی سوڵتانی پێدابوون . بەشێک لە کلتوری بەڕێوەبردنی خۆیان تێکەڵ بە سیستەمی بەڕێوەبردنی خەلافەت کرد . دواتر کە عوسمانیەکانیان شوێنیان گرتنەوە بەتەواوی سیستەمی دەوڵەتداری خەلافەتیان وەلانا . دەزگای خەلافەت تەنیا وەک پێگەیەکی ئایینی مایەوە ، سیستەمی سوڵتانیزم - دەرەبەگیان لە دەوڵەتەکەیاندا جێگیرکرد .
سیاسەت و ئابووری و سوپا و فەرهەنگی کۆمەڵگەکان کەوتنە ژێر رکێفی فیودالیزمەوە .
( عەقڵیەتی فیودالیزم ))
لەبەر ئەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کۆمەڵگە لەسەر ئەساسی پەیوەندی خاوەن زەوی و جووتیارە کارگەرەکانی سەر زەویەکە لە سیاسەتی فیودالیزمدا داڕێژراوە ، هەموو سلوک و بیرکردنەوە و فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگەیەش لەسەر ئەساسی خاوەن زەوی و کۆیلەکانی ( جووتیارەکان ) دامەزراوە . خاوەن زەوی ( ئەرباب) بڕیاردەری هەموو کردە و ویستێکی کارگەرەکانی سەرزەویەکەین لەبەرانبەر ئەو بڕە خۆراکەی پێیان دەبەخشن . دەرەبەگ خۆی بەو باوکە -شوانە دەزانێت کە دەبێت قەتیعەکەی لەپێناو پاراستن و پەیداکردنی لەوەڕگا بۆیان ، دەستبەرداری مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤبوونیان بن و گوێڕایەڵێکی ملکەچی هەمیشەیی ئەو باوکە - شوانەیان بن .
ماویەتی ...
AM:09:52:11/06/2021
ئهم بابهته 3008
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی