ئێمە و ماڵی جاڵجاڵۆکە

‌د.ئاراس عەبدولکەریم

ڕۆماننووسی میسری (ئەحمەد خالید تۆفیق) کە جگە لە ڕۆمان و چیرۆکەکانی، نووسینە تەنزئامێزەکانی ناوبانگێکی باشیان بۆ پەیدا کردووە؛ لە یەکێک لەو نووسینانەیدا دەڵێ: (دوێنێ مێشێک سەرنجی ڕاکێشام کە کەوتبووە نێو تەونی جاڵجاڵۆکەیەکەوە، سەرەتا خۆی وا نیشان دا کە خاوەن ورە و بێباکە، باوەڕی نەدەکرد کە هێزی ئەو لەبەردەم چەند داوێکی باریکی جاڵجاڵۆکەدا بە چۆکا بێت.

هێشتا خۆی بە ئازاد دەزانی، پاش چەند جووڵەیەک کە هەر یەکەیان هێندەی دی تەونەکەی لێ توند دەکرد، ئیدی تەواو ترسی لێ نیشت، کەوتە گیزە گیز وەک بڵێی ئەو هیستریایە ئەوەی بۆ بکات کە بە خۆی نەدەکرا، بەڵام بێهودە بوو. ئەو گیزە گیزەی تەنها یەک ئاکامی هەبوو، شەپۆلەکانی گەیشتە جاڵجاڵۆکە فەنی کە کەوتە جووڵە و وەک مۆتەکەیەکی هەشت پێ بە دەوریدا دەخولایەوە تا کفنە ئاوریشمییەکەی لێ توندتر بکات، تاڵێک .. دوان .. سیان، دەهاتنە دەر و زیاتر لە مێشەکە دەئاڵان هەتا لە چاو بزری کرد. دواجار لێی نزیکبووەوە و دەرزیی ژەهرێکی لێدا و خەفەی کرد و ئیدی نۆرەی مژینی دوا تەڕایی نێچیرەکە هات.

سبەی هەر ڕەشەبایەک هەڵبکات ئەو تەونی جاڵجاڵۆکەیە لە لایەکەوە هەلاهەلا دەبێت، ئەو دەمە لە نێو کفنی تەونەکەدا ئەوەی هەیە تەنها پەیکەری وشکی مێشێکە، مێشێک کە تەڕایی ژیانی تێدا نەماوە و بە فوویەک هەڵدەوەرێ. ئەو مێشە لووتبەرزەی وای دانابوو کە خاوەنی ئیرادەیە، بەڵام ئەو غروورەی لە قازانجی جاڵجاڵۆکەکە بوو.  دڵنیام دەبێ مێشەکە عەقڵی خۆی لە دەست دابێ کە وای زانیوە ئازادە).

هەموو دەزانین ئێستا چ تەونێکی جاڵجۆڵەکەئاسا خەریکە تاڵ تاڵ کفنێک بە باڵای ئەم هەرێمەدا بدوورێ، تا دێ زیاتر و توندتر شەتەکی دەدات تا دواجار تەڕایی ژیانی لێ ببڕێ. بەڵام ئێمە بەر لەم تەونە دۆزەخییە، تەونێکی بێبەزەییترمان کردە کفنی خۆمان، تەونی شەڕێکی نەگریس کە خەریکبوو وشکمان بکا و هەڵمانبوەرێنێ؛ ئەو دەمە دەستی ڕەحمەتی دۆستەکانمان گەیشتە تەونەکە و توانیمان بیپسێنین و ڕزگارمان بوو.

ئێستاش هەمان تەون بە ڕەنگی دی تێمان ئاڵاوە، تەونێک دەستکردی خۆمانە و بە دەستی خۆمان لە باڵای خۆمانمان پێچاوە. تەونی غرووری سیاسی بەسەر یەکدیدا، تەونی عینادی سیاسی بەرامبەر یەکدی، تەونی شەڕی ئیرادە لەگەڵ یەکدی؛ تەونێک تا دێ زیاتر تەنگەنەفەسمان دەکات، پەتی سێدارەیەکە و هەتا نەپچڕێنین و هەلاهەلای نەکەین، ئاکاممان لە بەر ڕەحمەتی تەونی بەغدا و دەستەخوشکەکانیدا لە قەدەری ئەو مێشە باشتر نابێت کە دواجار بە فوویەک هەڵوەری.

تەونی ئەوان هی ئەوانە ئەوان، ئەوانێک کە هەمیشە خەون بەو کفنە (ئاوریشمییە)وە دەبینن پێمانەوە؛ بەڵام زاڵمتر لەو، ئەو تەونەیە کە خۆمان لە پشتیەوە وەستاوین، تەونێک هەر خەونێکی هەبێت تەنها خەونی ئەم گەلە نیگەران و ماندووەمان نییە.

ڕزگار بوون لە تەونی ئەوانی دی مەحاڵ نییە و دەشێ بەر لە دەرزیئاژنمان بە ژەهر ڕەشەبایەکی ڕەحمەت یان هەر قودرەتێک ڕیسی تەونەکەیان بکاتەوە بە خوری، بەڵام ڕزگار بوون لە تەونە نەگریسەکەی خۆمان جۆرێکە لە مەحاڵ. ئاخر ئەو دەمە قەدەرمان دەبێتە قەدەری مێشە کڵۆڵەکەی نێو تەونی جاڵجاڵۆکەکە و دۆستانیشمان کە بە دەست گرێکوێرەکانی تەونەکەی خۆمانەوە نیگەران و ماندوو بوون، چیدی ئامادە نابن دەستی ڕەحمەت درێژ بکەن و ئەوانیش وەک نووسەرە میسرییەکە تەنها دەبنە سەیرکەر و ڕەنگە دواجار وەکو ئەو، ئەوانیش بڵێن:
دەبێ مێشەکە عەقڵی خۆی لە دەست دابێ..!!


AM:11:08:14/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 1312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی