بۆچی هەڵبژاردن ئەکەین؟

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

دیموکراسیەتی خۆرئاوا هەڵبژاردن بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی خۆی دەزانێت. هەر بۆیەش خۆرئاواییەکان ڕێگە بە خۆیان دە دە ن بە و وڵاتانەی کە هەڵبژاردنی تیا ڕونادات بڵێن: وڵاتێکی نادیموکرات.

هەڵبژاردن کاتێک بایەخی هەیە، کە مەرامەکەی ڕوون و دیاریکراو بێت. ماوە یەکە ڕای گشتی هەرێمی کوردستان بە لێدوانەکانی ئەم نێردراو و ئەو نێردراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان مەشغوڵ کراوە. هەمو جارێک کە پلاسخارت هۆشداریەک دەداتە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک لە ڕاگەیاندنەکاندا ئەم هەواڵە وێنا دەکرێت، وەکو بڵێی ئەربابێک هەڕە شەی لە مووچەخۆری خۆی کردوە.   

سەیرە ئەو ڕێکخراوەی کە لەم پەنجا ساڵەی دواییدا شکست لەدوای شکستی بۆ خۆی تۆمار کردوە، ئێستا زاتی ئەوە دە کات وانەی دیموکراسی و مافی ئینسان بە لایەنە سیسیەکانی هەرێمی کوردستان بڵێتەوە. لێرەدا، چەند نمونەیەک لە بێ هەڵوێستی و بێ دەسەڵاتی وفەشەلی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان:

جینۆسایدی بانگلادیش (١٩٧١) کە لەماوەی کەمتر لە نۆ مانگ بە نزیکی سێ ملیۆن ئینسان کوژران (ئاماری حکومەتی بانگلادیش).
جەنگی ناوخۆی لوبنان (١٩٧٥-١٩٩٠) زیاد لە ١٢٠ هەزار لوبنانی کوژران و زیاد لە ملیۆنێکیش ئاوارە بون.
جینۆسایدی کەمبۆجیا بەدەستی پۆلپۆت (١٩٧٥-١٩٧٩) کە ٢ ملیۆن کەسی بە دڕندانە شێوە تیا کوژران.
جینۆسایدی کورد (١٩٨٣-١٩٨٨) بە نزیکی ١٨٦ هەزار کورد بە دڕندانەترین شێوە کوژران و بێ سەرو شوێن کران.
ڕۆواندا لە کیشوەری ئەفەریقا (١٩٩٤) کە ٨٠٠ هەزار کەسی بە شێوەیەکی دڕندانە تێدا کوژران.
جینۆسایدی سرێبرێنیچا لە یۆگۆسلاڤیای پێشو (١٩٩٢-١٩٩٥) کە ٢٠٠ هەزار کەسی بە شێوەیەکی دڕندانە تیا کوژران.
جینۆسایدی دارفور (٢٠٠٣-٢٠٢٠) کە بە نزیکی ٤٠٠ هەزار کەسی تێدا کوژران.
جگە لە ژمارەی کوژراوان، لە ساڵی ١٩٥٢ یەک ملیۆن ئاوارەی فەڵەستینی هەبون. ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتۆتە نزیکی ٦ ملیۆن، بە جۆرێک کە پێنج جیلی فەڵەستینی لە کەمپی ئاوارەکان لەدایک بوون و گەورە بوون. واتە نیشتیمانیان لە کەمپی پەنابەراندا بچوک کراوەتەوە.

ئەم نمونانە تەنیا مشتێکن لە خەروارێک. ئیتر ڕێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتوەکان (کە لەڕاستیا حەق بوو ناوی دەوڵەتە یەکگرتوەکان بوایە) کە ئەمە مێژوەکەی بێت، بۆ خەڵک زەندە قی لە هۆشداریەکانی چوە؟… لەوەش تێ دەگەین کە هەم حکومەتی هەرێم و هەمیش لایەنە سیاسیەکان دەبێت بۆ پاراستنی باڵانسی دیپلۆماسی حساب بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بکەن، بەڵام خەڵکی ئاسایی و میدیای کوردی بۆ؟
 
چەند ساڵ پێش ئێستا، برای بەڕێزمان کاک مەلا بەختیار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: یەکێتی یەک کورسی بێنێت و ١٠٠ کورسی بێنێت هیچ لە مەوزوع ناگۆڕێت. قسەکانی کاک بەختیار ڕاستگۆییەکی زۆری تێدابوو. بڕواناکەم کاک بەختیار مەبەستی ئەوە بوبێت کە یەکێتی بە عەنتەری حوکم دەکات و هیچ حسابێکیش بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناکات، بە قەد ئەوەی باسی واقیعێکی سیاسی هەرێمی کوردستانی کرد. ئەگەر هەڵبژاردن لە پێناو پڕکردنەوەی کورسیاکانی پاڕلەمانێکی بێ هەیبەت و بێ دەسەڵات و بێ ئیرادە بێت، بکرێ و نەکرێت هیچ لە مەوزوع ناگۆڕێت. ئەگەریش لەبەر خاتری ڕازی کردنی دڵی خۆرئاوا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بێت بۆ ئەوەی پێمان بڵێن ئەمانە کوڕی چاکن، پێویست بەم ئیحراجیەش ناکات. سعودیە و وڵاتانی خلیج ئەوەی بڕوایان پێ نەبێت هەڵبژاردنە، کەسیش (لەودونیای خۆرئاوای دیموکراسی) لە گوڵ کەمتریان پێ ناڵێت…!

 ئەگەر لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بکرێت، دەبێت لەسەر بنەمای قەناعەتی خۆمان بێت، نەک لەترسی هەڕەشەو گوڕەشەی ئەم وئەو. هەڵبژاردن لەم هەرێمەی ئێمە کاتێک بایەخی هەیە، کە ببێتە هۆکاری خۆشبەختی بۆ گەل و سەرفرازی بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان.


PM:09:58:24/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی