چۆمان خان منیش فێمێنیستم

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

چۆمان ئەحمەد هەردی، ئەمڕۆ گوتارێکی بە ناونیشانی (من فێمێنیستم) بڵاوکردۆتەوە. وتارەکەی چۆمان هەوێنی نوسینی ئەم وتارەیە.

من فێمێنیستم، نەک هەر پشت و پەنای ئافرەتم، بەڵکو قێز لەو دام و دەزگا ناڕەوا و زۆردارە ئەکەمەوە کە پێی ئەڵێن پیاو سالاری. لە تۆمارە مێژوییەکەی شاژن و دایکی فێمێنیزمەوە (ماری ڤۆلستۆنکراف ١٧٥٩-١٧٩٧) بەرامبەر بە بۆچونە سادە و ساکار و پیاوسالاریەکانی ڕۆسۆوە (١٧١٢-١٧٧٨)، دیبەیتێکی جددی لەسەر سیستەمی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا دەستی پێکردوە. سیستەمێک کە بە شێوەیەکی موتڵەق پیاو ئەکاتە جەنگاوە ر، ئازا، بەرپرس و خەمخۆری یەکەمی خێزان. لە کاتێکا پێناسەی ئەم هەموو ئەرکە وەهم و جام دێوەیە. چونکە هیچ یەک لە بەرپرسیاریەتیەکانی پیاو لە نا و خێزانی خۆیدا نیە، جگە لە نان پەیدا کردن و سەرکردایەتی کردنی خێزان زیاتر. چونکە پیاو هیچ هونەر و دەورێکی  لە بەرهەم هێنانی منداڵ و ئیدارەی ماڵ و پەروەردەو خزمەتی منداڵدا نیە. بۆیە ئەم سیستەمە (سیستەمی پیاو سالاری) ناسروشتیە. خوای گەورە ئەگەر پیاوی بە لێهاتوتر بزانیایە لە ئافرەت، ئەوا ئەرکە گرنگەکەی بە پیاو ئەبەخشی، کە منداڵبوونە. دیارە خوای گەورە بەهایەکی تایبەتی بۆ ئافرەت داناوە. دیسان چونکە، منداڵ دروستکردن و منداڵ بوون دوو شتی زۆر جیاوازن، ئەمیان زۆر ئاسانە، بەڵام ئەویان زۆر قورسە.

من فێمێنیستم، دژی چارشێو و لەچک نیم. بەڵام ئەگەر ئینسان بە حیجابیش سوڕایەوە، نابێت لەبەر ترسی ماڵە خەزورانی بێت، یان لەبەر ئەوەی مێردەکەی دڵی پیسە و ئەبێت دڵی ڕازی بکرێت. خۆ بەس لە ئیسلامدا حیجاب نیە، لە ئاینی مەسیحیشدا هەیە. حیجاب نە تاوانە و نە عەیبەیە، بەڵکو قەناعەتە. کەس نابێت بێڕێزی بەرامبەر بە قەناعەتی ئینسانی بەرامبەری بکات، مەگەر ئەو قەناعەتە لە کەرامەتی ئینسانەکان کەم بکاتەوە، کە خوای گەورەش ئەوە قوبوڵ ناکات.

من فێمێنیستم، وەک چۆن هەموو ژیانم بڕوام بە مافی نەتەوەکەم هەبوە، هەروەاش بڕوام  بەو مافانە هەیە کە خوای گەورە بە تاکەکانی بەخشیوە. دینداری و ئیمانداری بە زۆر ناکرێت. ئەگەر بەزۆرە ملێ فەرز کرا، ئیتر بەهاشی نامێنێت. خوای گەورە ئینسانی ئازاد کردوە لە قورسترین هەڵبژاردندی ژیانیدا، کە هەڵبژاردنە لە نێوان بەهەشت و جەهەننەمدا. ، ئیتر ئازادی لەوە زیادتر چی؟… بۆیە ئەستەمە ئینسانەکان (نەخوازەڵا) خۆیان لە خواش بە گەورە تر بزانن و توانای هەڵبژاردن لە ئینسان بسسەننەوە و، بیانەوێت بە شەق و زللە، ئەو ئازادیەی خوا پێی داون لێیان بسەننەوە. خوا ئەوەی پێ خۆش نیە چونکە (رحمن الراحمین)ە. کلیلی بەهەشت و جەهەننەمیش (خۆشبەختانە) لای کەس نیە لای خوای گەورە خۆی نەبێت.

من فێمێنیستم و بڕوام بە خواو قورئان و پێغەبمەرەکەی (درودی خوای لێ بێت) هەیە. ئەگەر خوا بیویستایە حاشاماتێک لە ڕۆبۆت دروست بکات کە هەمویان کۆپی یەکتر بونایە، ئەیتوانی ئەوە بکات، بەڵام لەبری ئەوە بەم جۆرە لە قورئانی پیرۆزدا ئەفەرموێت:  

يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ (سورة الحجرات:13)


PM:04:52:22/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 1084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی