لەسەر ٤٣% و ٥٧% ی برای خۆشەویست کاک قوباد تالەبانی

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


لەبەر ئەوەی مەسەلەکە ڕوونە و پێویست بە پێشەکی ناکات، باشتر وایە ڕاستەوخۆ بچمە ناو مەوزوعەکەوە. کاک  قوباد باس لە داد و بێدادی ٤٣% بە ٥٧% لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا دەکات و، ناعەدالەتی بەرامبەر سلێمانی دەبینێت. با بزانین دونیا کەی کاک قوباد لە چاویلکەی ئێمەی پارتیەوە چۆنە؟ … چونکە کاک قوباد بە ئەدەبێکی بەرزەوە بە خەڵکی کوردستان دەڵێت: هەموی خەتای پارتیە….! بۆ لێک حاڵی بوون لەگەڵ خوێنەری بەڕێز، باشتر وایە بۆچونەکانمان لەم خاڵانەدا کورت بکەینەوە:

کاک قوباد بە کوردیەکەی دەڵێت: گەر یەک حکومەت بین دەبێت میزانییەی کوردستان پەنجا بە پەنجا بێت… جارێ هەر مەبدەئی پەنجا بە پەنجا مانای دوو ئیدارەییە، نەک یەک ئیدارەیی. ئینسان بەم عەقڵیەتە نابێتە یەک حکومەت. 
ئایا کاک قوباد ڕێژەی ژمارەی دانیشتوانی چوار پارێزگاکەی کوردستان دەزانێت بەداتا؟… ئەی نابێت دابەشکردنی داهاتی حکومەت لەسەر بنەمای دابەشبونی ژمارەی دانیشتوان و قورسایی و بارگرانی سەر ناوچەکان بێت؟… لەمەشیانا عەقڵیەتی ٥٠ بە ٥٠ دیدێکی مۆدێرن نیە بۆ حکومڕانی.

باش بەکار نەهێنان و کورتهێنان لە جێبەجێ نەکردنی ئەو هەموو پڕۆژەیەی سلێمانی خەتای ٤٣% یە؟… نەمانی پارە لە بانقەکان لە ڕۆژی دابەشکردنی مووچە، خەتای ٤٣%  بە ٥٧% یە ؟ 

کاک قوبادی بەڕێز…

مەعقولە هەموی خەتای مەسرور بارزانی بێت؟… ئێوە بۆ خۆتان بە لوت بەرزی و شانازیەوە دەڵێن: نە سەرۆکی هەرێم فەرماندەی گشتی یەکەی حەفتایە و، نە سەرۆکی حکومەتیش دەسەڵاتی بەسەر پۆلیسێکدا لەمدیو دێگەڵەدا هەیە…! جەنابت حەقە لەپێشدا یەکڕیزی دەزگای ئاسایش، پۆلیس، دەزگای زانیاری و پاراستن، یەکەی حەفتاو هەشتا  مسۆگەر بکەیت، کە بنەمای یەکڕیزیە، ئینجا باس لە یەک حکومەتی بکەیت. ئەگەر ئەوانەت پێ جێ بەجێ کرا، ٤٣% بە ٥٧% تەحسیڵ حاسڵە و خۆ بە خۆ نابنە کێشە.


PM:09:13:19/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 1196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی