11 ئەیلولی 1961 … شانازی سەرەتا و بێ بڕانەوە

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


ڕۆژێکی باراناوی مانگی ٣ ی ١٩٧٥ بوو لە کەوەرتێ نزیکی ناوپردان. گەورەو بچوک، ژن و منداڵ، تەنانەت سروشتیش شڵەژابوو. ئەو ڕۆژە ڕۆژە شوم و ڕەشەکەی کۆچکردن بوو بەرە و ئێران. ئەوڕۆژە کۆتایی پێهێنانی شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلول بوو بە موئامەرەیەکی ئیقلیمی. هیچ ڕۆژێک لەو ڕۆژە ناخۆشتر نیە و نابێت. خۆشبەختانە نەمردین و تۆپینی بۆمیدین (سەرۆکی جەزایر)، سەدام حسێن و شای ئێرانمان بە چاوی خۆمان بینی، کە سێ ئەکتەری سەرەکی تاوانە گەورەکە بوون بەرامبەر بە شۆڕشەکەمان.

ڕوداوە مێژوییەکان لە چوارچێوەی هەلو مەرجی سەردەمی خۆیاندا هەڵدەسەنگێندرێن. ساڵەکانی شەست لە سەدەی ڕابوردوو، سەردەمی سەرهەڵدانی بزوتنەوە نەتەوەیی و ڕزگاریخوازەکان بو، ئیتر هەر لە لاتین ئەمەریکاوە بگرە هەتا ئەفەریقا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا. لە مێژوی سەد ساڵەی نەتەوەی کورددا شۆڕشی ئەیلول سەر لوتکەی بەرەنگاربونەوە بەرامبەر  داگیرکەر و لەسەرخۆکردنەوەی نەتەوەیەکە لە چوارچێوەیەکی ڕێکخستو و سیستەماتیکدا. هەر لە سەرکردایەتیە سیاسیەکەی بە ڕابەرایەتی ڕابەری نەتەوەیی مەلا مستەفای بارزانەوە بگرە، هەتا ئیدارە ی هێزی پێشمەرگە و ماڵ و منداڵیان… ئیدارەی شار و شارۆچکە و گوندەکان. بە دامەزراوەیی کردنی خوێندن و پڕۆسەی خوێندەواری لەژێردەستی مامۆستایانی شۆڕش لە ژێر بۆمبابارانی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی عێراق کە دەستکردی دونیای مۆدێڕنەو دیموکرات و سۆسیالیستی بوون… نانەواخانەکانی شۆڕش کە لە بەرەبەیانەوە پێشمەرگە و ماڵ و مناڵیان سەرەیان بۆ کولێرە دەگرت و بە بێ بەرامبەر بو… نەوت و ئەرزاق کە بە بێ بەرامبەر بەسەر بنەماڵەی پێشمەرگە دا دابەش دەکرا… بڕی هاوکاری  شەهیدانەی بنەماڵەی شەهیدان کە لە لایەن تەتەرەکانی (کە هەندێکیان دایک و خوشک و هاوسەری شەهید بون) شۆڕشەوە هەتا سنورە دووردەستەکانی کوردستان دەگەیەنرانە دەستی واریسەکانیان… دروستکردنی سیستەمی ئاودێری و بە بازاڕکردنی بەروبومی کشتوکاڵ بۆ بەکارهێنەری سنوری شۆڕش… ڕادیۆی دەنگی کوردستان بڵندگۆی سەربڵندی و مانەوەی میللەتی کورد بوو… ئەمانەو زۆری تر بەرخۆدان وبەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بوون.

حیزبایەتی سەردەمی شۆڕشی ئەیلول وەک ئەوەی ئێستا نەبو. حیزبایەتی کارو چالاکیەکی خۆبەخشانەبوو. بەرپرسی حیزبی خزمەتکاری خەڵک بوون. کۆبونەوە و ئەدەبیاتی حیزبی بایەخیان هەبو. کادری حیزبی مامۆستایەک بو بۆ خۆی و، کە قسەی بۆ خەڵک دەکرد هیوا و ڕوناکی سەرکەوتن لە قسەکانی دەباری. کادری حیزبی متەوازع و فیداکاری خاکی پیرۆزی کوردستان بوو. 

بێگومان ئەمە مانای ئەوە نیە کە هەموو شت و ژیان لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا شامی شەریف بوون. دولەت بوونی پارتی لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدە ی ڕابوردو، بوە هۆی شەڕێکی نەگریسی ناوخۆ کە داخ و ئاخی ئەو براکوژیە هەتا هەتایە نابڕێتەوە. لە شۆڕشی ئەیلولدا بەرپرسیش هەبون کە لەژێر سێبەری بەرپرسیارێتی شۆڕشەکەدا زوڵم و زۆریان لە خەڵک کردوە. بەڵام عەدالەت و کوردایەتیەکەی مەلا مستەفا کونەمشکی لەو بەرپرسە نابەرپرسە فاسیدانە کردبوە قەیسەری، هەر بۆیەش ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕی.

ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی عێراق بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بو. ڕێکەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ یەکەم دەستکەوتی مێژویی واقیعی میللەتی کوردە، کە ئێستاشی لەگەڵ بێت لە هیچ پارچەیەکی تری کوردستان دەستەبەر نەبوە. مەگەر هەنگاوە ئازایانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ٢٥\٧\٢٠١٧ (بڕیاری ڕێفراندۆم) بتوانێت خۆی لەشانی ئەو ڕێکەوتنەی ساڵی ١٩٧٠ بدات، بگرە دە وێرم بڵێم  تێشی پەڕێنێت. 

یادی شۆڕشی ئەیلول بەخێر، بە  پێشمەرگە و شەهیدانیەوە… بە باڵەکەی مەکتەبی سیاسی (مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و هەڤاڵ مام جەلال) و باڵی شاخیشەوە… یادی ڕابەری نەتەوەیی و ڕابەری شۆڕشی ئەیلول و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، مەلا مستەفای بارزان بەخێر… با یادی ٦٠ ساڵەی شۆڕشی ئەیلول ببێتە لەگۆڕنانی ئەو دووبەرەکیەی کە خواستی هیچمان نیە و نەبوە.

شانازی کردن بە شۆڕشی ئەیلولەوە سەرەتایەکی بێ بڕانەوەیە… قوربانیدان و کۆڵنەدانە لە پێناو سەرفرازی میلەتێکداو سەوەری خاکی پیرۆزی کوردستانە.


PM:09:32:10/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 512 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی