شەڕی کورد، تورک و پەکەکە

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

ئەم عەنتەریاتەی پەکەکە بەرامبەر بە کوردی عێراق دەینوێنێت، نیشانەی ترسنۆکی و خۆشاردنەوەیەتی بەرامبەر بە سوپای تورکیا. پەکەکە تەنیا یەک قەزیەی هەیە، ئەویش مانەوەیەتی لە ناوچەی ئارامی کوردستانی عێراق . ئەوان، چێژ لە سروشتی دڵگیری کوردستانی عێراق وەرئەگرن، هیچ بستێکی ئەم خاکە پیرۆزە نابەن بەڕێوە و بەرپرسن نین لە بوون و نەبونی، ئاو، کارەباو مووچە، کەچی بە شۆڕشگێڕیش حیسابن، بە ڕێبەری کوردیش حیسابن (ئەمانە هەموی بە حسابی خۆیان). بە پارەی ئامۆزا ئێرانیەکانیشمان لە قەندیل پاڵیان لێ داوەتەوە، تورکیش لە تورکیا بە دڵی خۆی کورد ئەکا بە تورک.

هەموو ژیانم دژ بە شەڕی نەگریسی براکوژی بووم، شەقی برا کوردەکانی خۆم خواردوە، هەوڵی کوشتنیان داوم و بەدەستی برا کوردەکەم برینداریش کراوم. بەڵێ دەستم چۆتە جاش و ئیستیخبارات و ئەمن. بەڵام هەرگیز دەستم نەچۆتە ئەندامی حیزبی مونافیس. ئەمە عەقیدەی کوردایەتیە و نابێت کەسمان لێی لابدە ین. بەڵام پەکەکە پێی وایە هەرچی کوردزمانە دەبێت خزمەتکای ئەوان بێت. پەکەکە پێی وایە خاکی پیرۆزی کوردستان موڵکی باوکێتی. پەکەکە بە عەقڵیەتی فاشیستی کەمالیستەکان پەروەردە بوە، بۆیە جگە لە خۆی کەسی تری قوبوڵ نیە. ئێمە، یەکێتی، شویعی و سۆسیالیست و حیزبە ئیسلامیەکەن، هەر هەمومان هەتا کاتێک شەرعیەتمان هەیە، کە کوێرانە ئەشهەدو بیلا بۆ فتوا سەقەتەکانی پەکەکە بکەین.

خوێندەوارەکانی کورد لە کوردستانی عێراق، پەکەکە باش ئەناسن، بەڵام لە ڕقی ئێمە (پارتی)، بە سیستەمی ستالینستی پەکەکە ڕازین. زۆر سەیرە ئەم  خوێندەوارانە بە وشەیەکیش تەعلیق و تەفسیریان  لەسەر ئەتوارەکانی پەکەکە نیە. خۆ لەوانەشە ئەم بێ مەوقیفیەی خوێندەوارەکان لە ترسا بێت. چونکە ئەگەر پەکەکە توانیبێتی لە ئۆپسالا (لەسوید ساڵی١٩٨٥) ئیختیالات بکات، ئیتر بۆچی نەتوانێت لە هەڵەبجە، سلێمانی، قەڵادزێ، کۆیە، هەولێر، سۆران، ئاکرێ، دهۆک، ئامێدی و زاخۆ بیکا؟… لەوانەیە ئەو خوێندەوارانەش لە ژیانی خۆیان بترسن و حەقی خۆشیانە، چونکە تاکە چەکی دەستیان قەڵەمەکەیانە و هیچیتر.

هەرچی ئێمەین، ئەگەر پەکەکە هەر خۆی بە سۆپەرمان زانی، ئەوا ناچارین جامە ژەهرەکە بخۆینەوە و لە مێژوی نەتەوەکەماندا ئەو ڕاستیە تۆمار بکەین کە شەڕی عەنتەری و خۆسەپاندنی پەکەکە شەڕی براکوژی نیە، بەڵکو بۆ ئێمەی کوردی عێراق، شەڕی مانەوەیە. هەرکاتێکیش پەکەکە ئەم شەڕە نەخوازراوەی فەرزکرد، ئەوا  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسیەکانی تر لە کوردستانی عێراق، ئەبێت خۆیان ساخ بکەنەوە. یان بچنە پاڵ پەکەکە و لولەی تفەنگەکانیان ڕو بکەنە ئێمە، یانیش مەوقیف لە بەرامبەر ئەم عەنتەرتاریەتەی پەکەکە وەرگرن. ئەگەر پەکەکە تۆزێک عاقڵ نەبێت و بە سیاسەتی خۆیدا نەچێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەر کوردێک بە فیشەکی پەکەکە بکوژرێت شەهیدە. چونکە پەکەکە ئەیەوێت دەست بەسەر کوردستانی عێراقدا بگرێت و پاشان کەرامەتی یەک بە یەکەمان بخاتە ژێر پێڵاوەکانیەوە.  شەهادەت زۆر خۆشتر و شەرە فمەندانەترە لە وەی کە ئینسانی کورد ژێردەستەی سیستەمە هاوبەشەکەی تورک و پەکەکە بێت…

ئەمەش دوا قسەیە.


PM:05:27:08/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 1524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی